بەشێك لە گەندەڵیەكانى سەرۆكى بەشى ڕامیارى بەیانیان لە زانكۆى سەلاحەددین
08/10/2011, 12:00 (GMT+1)
ئەمەى لەخوارەوە ئاماژەى پێ دەكەم بەشێكى كەمە لە گەندەڵیەكانى سەرۆكى بەشى ڕامیارى بەیانیان لە زانكۆى سەلاحەددین (د.خالد توفیق سعید) ، كەماوەى زیاد لە 16 ساڵە سەرۆكى ئەو بەشەیە ولەو هەموو گۆڕانكاریانەى ناوچەكەو دنیا ئەم هەر نەگۆڕا!!!
یەكەم / نادادپەروەرى لە مامەڵەكردن لەگەڵ مامۆستایان :
یەكێك لە خەسڵەتە سەرەكیەكانى ئەم سەرۆك بەشە جیاوازیى كردنیەتى لەنێوان مامۆستایان بە هۆكار وپاساوى جۆراوجۆر لەوانە:
1. ئەو قوتابیانەى كەخۆى سەرپەرشتى كردوون وئێستا بوونەتە مامۆستا گرنگى زیاتریان پێ دەدات وجودایان دەكاتەوە لەگەڵ مامۆستاكانى تر ، بۆنمونە (م.سەنگەر مشیر) هەر كە ماستەرى وەرگرت دەرسى دایە وكردیە بڕیاردەرى بەشى ئێواران (كە خۆى سەرۆك بەشى بوو) جگە لەوەى لەهەمان كات (م.سەنگەر) بەڕێوەبەرى تۆماریش بوو، دواتریش كە (د.خالد) لە بەشى ئێواران نەما ئەویشى بردەوە بەیانیان بە مەرجێك لەوكاتەدا ڕێگە بە هیچ مامۆستایەك نەدەدرا بچێتە بەیانیان ، (م.شەماڵ حسین) یەكێكى ترە لەو مامۆستایانەى كەخۆى سەرپەرشتى كردووە ونابراو هەرچەند میلاكى كۆلیژى یاساى سۆرانە بەڵام بەتەنسیب هێناویەتەوە ولە بەشى بەیانیان دەرسى داوەتێ ، تەنانەت كە ئەم ساڵ لەهەمان بەش وەك قوتابى دكتۆرا وەرگیرا و لەكۆرسات دەیخوێند دەرسێكى بۆ هێشتەوە بیڵێتەوە و مانگانەش بڕى (500) هەزار وەك دەرماڵە لەسەر ئەو تەنها وانەیە لەسەر حیسابى كۆلیژ وەردەگرێت بێ ئەوەى لەشوێنى سەرەكى خۆى كە كۆلیژى یاساى سۆرانە وانە بڵێتەوە یان دەوام بكات ، ئەمە لە كاتێكدایە ئەو قوتابیانەى تازە ماستەر وەردەگرن داوا لە سەرۆك بەش دەكەن مامەڵەى بوونە مامۆستایان بۆ بكات ودەرسیان بداتێ دەلێ پێویستم بە مامۆستا نیە ومیلاكم زۆرە!!!
2. ئەو كەسانەى پلەى حیزبى یاخود دەسەڵاتیان هەیە ناتوانێت ئیجرائاتیان لەگەڵ بكات وچاوپۆشى لە كەموكوڕیەكانیان دەكات ، بۆنمونە لە پارەوە كەسێكى وەرگرتووە بەناوى (م.فەرهاد) كە براى مامۆستایەكى ترى بەشەكەیە بەناوى (د.ساڵح مەلا عومەر) كە گوایە بارزانیە ، بێ ئەوەى تائێستا دەرسى درابێتێ یاخود دەوامى كردبێت (نە وەك مامۆستا نە وەك فەرمانبەر) ،ئەم بەناو مامۆستایە وەك باسى دەكەن تەنها یەك ڕۆژ لە مانگەكە دەبینرێت ئەویش بۆ وەرگرتنى موچەكەى!!!
دووەم / لەبوارى خوێندنى باڵادا :
لەوەتەى ئەو بەشە خوێندنى باڵاى كردۆتەوە هەموو كارەكانى لەژێر كۆنترۆڵى سەرۆك بەشدایە ، هەر لەدیاریكردنى ژمارەى كورسیەكان ، وانەكان ، مامۆستاكان ، ئەمە جگە لەبەكارهێنانى حەز ومیزاجى خۆى لەدیاریكردنى سەرپەرشتیار وئەندامانى لیژنەى تاوتێكردنى نامەى ماستەر ودكتۆرا ، بەجۆرێك دەتوانین بڵێین كە كەم نین ئەوانەى دەردیان خواردووە بەدەست ئەم سەرۆك بەشەوە بەهۆى گرفت دروستكردن بۆیان لە دواخستنى مامەڵەكانیان یاخود گێچەڵ وكێشە دروستكردن بۆیان، ئەمە لەكاتێكدایە لە كۆلیژ یەكەى خوێندنى باڵا هەیە ودەبوایە ئەم كارە لەڕێگەى ئەو یەكەیەوە بكرێت بەڵام وادیارە تەنها هەر كارە ڕۆتینیەكانى پێ دەكرێت وكارە سەرەكیەكانى لێ سەندراوە.
با بوارى بەرزكردنەوەى پلەى زانستی مامۆستایانیش لەوەلاوە بمێنێ كە هەر لەژێر كۆنترۆڵى خۆیدایە وچەندین جار كێشەى بۆ مامۆستایانى بەشى ڕامیارى وبەشەكانى تریش دروستكردووە.
سێیەم / كاروبارى ئیداریى :
ئەم بوارەش حاڵى لە بوارەكانى تر باشتر نیە ، بەجۆرێك ئەم سەرۆك بەشە بەهۆى ئەو كلتورەى لەسەرى ڕاهاتووە ، هەوڵى داوە كۆنترۆڵى هەموو شتێكى بەش بكات ، بۆنمونە هەموو بەشێك پێویستە بڕیاردەرێكى هەبێت وبەپێى یاسا ئەرك ودەسەڵاتەكانى پەیڕەو بكات ، بەڵام لە بەشى ڕامیارى یان بڕیاردەرى بەش بوونى نەبووە یان ئەانەى هەبوون وهەن كەسانى لاواز یان نزیك لەخودى سەرۆك بەشن ، بۆیە بەهیچ جۆرێك هەست بەبوونى بڕیاردەر ناكەیت لە بەشەكەدا ، تەنانەت تا ئێستا نەبینراوە ونەبیستراوە بریاردەرێكى بەش لە شوێنى سەرۆك بەش دانیشتبێت لە حاڵەتى غیابى سەرۆك بەشدا بۆ ڕاییكردنى كارەكان ، تەنانەت هەندێك مامۆستا وقوتابیش لەوانەیە نەزانن سەرۆك بەش وجودى هەیە یان نا.
لە لایەكى ترەوە ئەم سەرۆك بەشە بەهۆى ئەوەى كە هەر لەهەوڵى سەپاندنى دەسەڵاتى خۆیدا بووە وتەنها بیرى لە دابینكردنى بەرژەوەندیەكانى بووە ، بۆیە گرنگى نەداوە بە بەرگریكردن لە مافەكانى بەش وكێشەكانى لە كۆلیژدا ، هەر بۆنمونە بەشى ڕامیارى پێش چەند ساڵێك بۆ خۆى كۆلیژێكى سەربەخۆ وخاوەنى ستافى زانستى وئیدارى تەواوى خۆى بوو ، بەڵام بەهۆى ململانێى شەخێى ودوور لەپێوەرى زانستى لەگەڵ كۆلیژى یاسا كرانەوە بەیەك بێ ئەوەى هاوسەنگى لە دابەشكردنى پۆستەكاندا ڕەچاوبكرێت ، بۆنمونە لە ئێستادا هەریەك لە ڕاگرى كۆلیژ و یاریدەدەرەكەى وبەڕیوەبەرى تۆمار ولێپرسراوى بەشەكانى خوێندنى باڵا و دڵنیایى جۆرى وفێركردنى بەردەوام لە مامۆستایانى بەشى یاسان بێ ئەوەى سەرۆكى بەشى ڕامیارى هەڵوێستێكى دیارى هەبێت . جگە لەوەى لەشاندكردنى مامۆستایان بۆ خول و كۆنگرەكانى دەرەوەى هەرێمیش هیچ ڕۆڵێكى نیە لە بەرژەوەندى مامۆستایاندا.
لە كۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم كە من وەك دەرچویەكى ئەم بەشە (كە ئێستا كارى ڕۆژنامەنووسی دەكەم)ئەم زانیاریانەم هەمووى بە بەڵگەوە لە شوێن وكەسانى خاوەن متممانەوە وەرگرتووە ئامادەم بۆ سەلماندنیان وئەوەى باسمكردووە وتەنها مشتێكە لە نمونەى خەروارێك!!! لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت ئۆباڵى كەم وكوڕیەكان هەمووى بخرێتە ئەستۆى تەنها سەرۆكى بەش بەڵكو هەریەك لە قوتابیان وفەرمانبەران ومامۆستایان وكۆلیژ وزانكۆ وەزارەتیش لێى بەرپرسیارن ، هەروەها كێ ناڵێت بارودۆخى بەش وكۆلیژەكانى تر لەم نمونەیەى ئێمە باسمان كردووە خراپتر نیە؟؟!!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























