<

ئۆپەراسیۆنی چەكدارانی (پەدەكە)بۆ سەر نوسینگەكانی گۆڤاری رۆژی وڵات و گرتنی ئەندامەكانمان رسواو شەرمەزاردەكەین و داوای لێپرسینەوەی بەپەلەد�

20/05/2014, 12:00 (GMT+1)

لەدرێژەی هێرش و پەلامارەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆسەر پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان. پاشنیوەڕۆی دوێنی بە شێوەیەكی هۆڤانەو دوور لە هەموو پێوانێكی مرۆڤایەتی و دوور لە ئەخلاقی سیاسی، چەكدارەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵیان كووتاوەتە سەر نوسینگەی گۆڤاری رۆژی وڵات لەپارێزگای دهۆك و زاخۆ و هەولێر، لەهەمانكاتدا هێرشیانكردۆتە سەر رێكخراوی ژنان ئازادی كوردستان ورێكخراوی ژیانەوەی گەنجان و ئاژانسی هەواڵی دیجلە لەگەڵ نوسینگەی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە). ئەو كەسانەش كەلەم نوسینگانەدابوون دەستگیریان كردوون. لەگەڵ سوكایەتی كردن و ئەشكەنجەولێدان لەهەموو هەڤاڵانمان. هەتا ئێستا نوسینگەكانمان بەزۆرترین هێزی چەكدار گەماڕۆدراوە . ئێمە وەك پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان زۆربەتوندی هەڵوێستەكانی (پەدەكە)رسواو شەرمەزاردەكەین و داوای لێپرسینەوە بەپەلە لە (پەدەكە)دەكەین.
ئاشكرایە ئەم هێرشانەی پارتی بەمەبەستی چاوترساندن و چاوتۆقاندنی كەسانی مەدەنی و راگەیاندنكارو رۆژنامەنوسانە، بە ئامانجی رێگەگرتن لەچالاكی مەدەنی و دیموكراتی و جەماوەریە. بۆئەوەی هەموو هەڵویست و كارو پلانە نانەتەوەیی و نادیموكراتیەكانیان بشارنەوە كە بۆ بەرژەوەندی داگیركەرانی كوردستان بەڕێوەیدەبن. ئێمە وەك پارتی چارەسەری بەردەوام و بەشێوەیەكی سیستەماتیك ساڵانێكە رووبەڕووی سزای سیاسی دەبینەوە. لە گرتنی ئەندام و بارەگاكانمان و قەدەغەكردنی لیستی هەڵبژاردنمان و سوتاندنی دەنگەكانمان. ئەوە ماوەیەكە هێرشەكانیان دژوارتركردووە. پارتی دەخوازێت بیانوی بێ بنەمان بۆ دروست بكات، بەڵام ئێمە هۆكارەكانی بەم چەند خاڵەوە گرێدەدەین.
یەكەم: هۆكارێكی ئەم هێرشە پەرەسەندنی چالاكی و خەباتی رێكخستنی و جەماوەریمانە لە هەولێر و دەڤەری بادینان/ پارتی خوازیارە بەشێوازێكی ملیتاریستی و یەكلایەنە حوكمی دەڤەری ژێر دەسەڵاتی خۆی بكات بەمجۆرە هیچ حسابێكی بۆ لایەن و هێزە بەشدارە كۆن و نوێكانی ناو حكومەت ناكات.
دووەم: ئەم هێرش و پەلاماردانانەی(پەدەكە)لە دوای سەركەوتنە گەورەكانی شۆرشی رۆژئاوای كوردستان دێت بەتایبەتی لەدوای پلانگێڕیەكانی پارتی و هەوڵە بێ ئاكامەكانیان لەدژی رۆژئاوای كوردستان و ئاشكرابوونی پلانە مەترسیدارەكانیان.
سێیەم: لەدوای هەڵوێستی ئێمە وەك پارتی چارەسەری دەربارەی هەڵبژاردنەكان و پشتگیری كردنمان بۆ هەردوولایەنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمەش پارتی دیموكراتی كوردستانی تەنگاو كردووە، دەیەوێت تۆڵەی كەم بوونەوەی دەنگەكانی لە ئێمە بكاتەوە. هەربۆیە هێرشەكانیان هاودەنگە لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.
چوارەم: پارتی دیموكراتی كوردستان ترسێكی زۆری لە چالاكی جەماوەری و دیموكراتیانە و نەتەوەیی پارتی چارەسەری هەیە، چونكە چالاكیەكانمان جەماوەر هۆشیار دەكاتەوە و ڕاستی سیاسەتە نانەتەوەی و نادیموكراتیەكانی پەدەكە ئاشكرادەكات.
پێنجەم: پەدەكە ئەم سیاسەتانە گرێدراوی هەڵوێست و داخوازیەكانی دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان بەڕێوە دەبات .
رۆژنامەنوسان، رۆشنبیران، پەرلەمانتار و لایەنە سیاسیەكان:
ئێمە تەواوی نوسینگەكانمان ئەو نوسینگەو بنكەی رێكخراوەكانی تریش مۆڵەتی فەرمیان هەیە لەلایەن سەندیكای رۆژنامەنوسانەو حكومەتەوە هەبووە كاری رۆژنامەگەری، رۆشنبیری و مەدەنی تێدا ئەنجامدراوە. ئەم هێرشانەی پارتی هێرشە لەسەرتەواوی رۆژنامەنوسان و دیموكراتخوازان و ئازادیخوازان. بۆیە داوا لە هەموو رۆژنامەنوسان و راگەیاندنەكان و خەباتكارانی كۆمەڵگای مەدەنی دەكەین كە هەڵوێست پیشان بدەن. لەكاتێكدا لەساڵانی نەوەتەكاندا دووجار رۆژنامەی وڵات داخرا لەلایەن پارتیەوە لەدوو ساڵی جیاوازداو لەدەرەوەی داخوازی وەزیری رۆشنبیری. هەردوو وەزیری رۆشنبیری جەمال عەبدول و شێركۆ بێكەس ئیستیقالەیانكرد لەئەركی وەزیریان. ئێستاش ئێمە داوا لە سەندیكای رۆژنامەنوسان و هەموو وەزیرەكان و تەواوی ئەندام پەرلەمانەكان و هەموو لایەنە سیاسیەكان دەكەین كە بێ دەنگ نەبن. چۆن دەبێت لەدەرەوەی ئیرادەی حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان یەك حیزب تاك لایەنانە هێرش لەسەر نوسینگە گۆڤار و رێكخراوی مەدەنی بكات و هێزی دەسەڵات و چەكداری لەبەرامبەر خەڵكانی مەدەنی و رۆژنامەنوسان و سیاسەتمەدار بەكاربهێنێت. بۆیە داوادەكەین بەزووترین كات ئەم بابەتە بكرێتە رۆژەڤی پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەربكرێت و ڵیپرسینەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا ئەنجامبدرێت. ئێمە كادرانمان بەتایبەتی ژنانمان رووبەرووی ئەشكەنجەو لێدان بوونەتەوە داوا لە لیژنەی كاروباری ئافرەتان لەپەرلەمان دەكەین كە لێپرسینەوە بكەن و خاوەن هەڵوێست بن. دیسان داوا لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومیەكان دەكەین ئەوانیش لەبەرامبەر پێشێلكاریەكانی پارتی بێ دەنگ نەبن و خاوەنداری لە رێكخراوە مەدەنیەكانی خۆیان بكەن. رێگریكردن لەو چەمك و دیاردە مەترسیدارە وەك چۆن ئەركی سەرجەم لایەنە سیاسیەكانە خاوەنداریكردنە لە ئازادی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و یەكسانی.
كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان:
لای هەموو كەسێك ئاشكرایەكە پارتی چارەسەری پارتیەكی سیاسیە و خاوەن هێزی چەكداری نیە لەماوەی رابردوودا بەردەوام بەچالاكی دیموكراتیانە وەڵامی هەموو سزا سیاسی و ئاستەنگیەكانمان داوەتەوە، لە ئێستا بەدواوەش ئێمە سورین لەسەر رێبازی مەدەنی و شارستانی و یاسای خۆمان. داوا لەهەموو ئەندامان و لایەنگران و دۆستانمان دەكەین بەچالاكی جەماوەری و دیموكرایتانە روبەڕوی ئەو هێرشە ناڕەوایانەی پارتی ببنەوە لەهەر جێگایەكبن. بە هەموولایەكی رادەگەیەنین كە ئاستەنگی و فشار و هێرشەكانی پارتی ناتوانێت ئێمە لەتێكۆشانی نەتەوەی و دیموكراتیانەمان ساردبكاتەوە هێرشەكانی پارتی و تەنگاویەكانیان گوزارەیە لە كاریگەریە راستەكانی هەڵوێست و سیاسەت و چالاكیە نەتەوەی و دیموكراتیەكانمان. هەربۆیە ئەم هێرشانە بەهانەی بڵندكرندی تێكۆشانمان زیاتر دەكات، داوا لەهەموو لایەنە سیاسیەكانیش دەكەین بەشداربن لەچالاكیەكانمانداو خاوەن هەڵوێست بن. لە كەسایەتی پارتی چارەسەریدا هێرش لەسەرتەواوی پرۆسەی دیموكراتی و تێكۆشانی نەتەوەییە، ئەمڕۆ لەسەر پارتی چارەسەریە سبەی لەسەر هێز و لایەنەكانی ترە و راستیەكی ئاشكرایە كەبەردەوام پەدەكە لەسەر زۆربەی پارتی و لایەنەكانی تر فشاری بەڕێوەبردووە. لەكۆتایدا داوا لە هەموولایەك دەكەین وەرن باپێكەوە سنوری نانەتەوەیی و هێرشی نامرۆڤایەتی و سزای سیاسی بشكێنین بەچالاكی دیموكراتی و جەماوەریانە.
دەستەی كارگێری پارتی چارسەری دیموكراتی كوردستان
20\5\2014
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان