17/03/2011, 12:00 (GMT+1)
بە ڕاستی زۆر سەیرە کاتێ یەکێکی وەک مام جەلال دەبینیت پاش ئەم هەموو ساڵەی کە خۆی پێێ دەڵێ خەبات دەڵێت ' ئێمە مانان'. 'مام جەلال' تۆ لە لای خۆت لە چەندەها دانیشتن و کۆبونەوەی چارەنووسدار بەشداربوویت و لە بڕیاری زۆر تایبەیتدا قسەت هەبووە، نەک هەر لەکوردستان بەڵکوو لەدەروەی کوردستانیش، تۆ لای خۆت چویت بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر چەندەها بابەت و كێشەی کورد و ئێران و تورکیا وعیراق قسەت کردوە، کەچی ئێستا ئالەم کاتە مێژوویەدا پشتت کردۆتە میللەتەکەی خۆت.
من پێت دەڵێم نامەکەت بۆ خۆپیشاندەران نەبوو بەڵكو لەبەر پەلەپەلی خۆت وە بۆ ئەوەی پێش هاوپەیمانەکەت مەسعود بارزانی شتێک بڵییت بە شپرزەیی وەک هەموو جارێک قسەیەکی بێ واتای بێ مەسئولانە دەکەییت، ئەم جارە ئەم 'ئێمە مامانە' تکە ووشەیەکی نامۆیە کە لە بەیاننامە پێنج خاڵیەکەتدا هێناوە. ئەم جۆرە ووشانە لە دنیای فەرمی و ئەدەبیدا بەکارناهێنرێ، خۆ ئەمە نامەیەکی ئاسای نیوان دووکەس نیە ناکۆکیان بووبێت تا ئاشت ببنەوە، ئەمە کێشەی نیوان میللەتی کوردە دژی دەسەڵاتی گەندەڵ و دیکتاتۆریەت. ئالەم هەلوو مەرجە ناسک و ستراتجیەدا پێویستی دەکرد کە نامەیەکی زۆر مێژووی پڕ واتا و پڕ چارەسەری هەنووکەیی ئاڕاستەی ئەو میللەتە خرۆشاوە بکردایە. 'ئیمە مانان ' بەزۆر شێوە شیدەکرێتەوە، تۆ لێرەدا بەڕاستی مەبەستت لەو ووشەیە چیە؟
خۆ ئێمە لە دوو کیشوەری جیاوازدا ناژین وە هێندە دووربین لەیەکەوە، کە تۆ نەتوانی خۆت تەشریف بهێنی بۆ مەیدانی ئازادی کە ' تەنها مەیدانی ئازادیە لە کوردستاندا'، کەچی لەبری ئەوە نامەیەکی ئاوەها بێ مەغزا دەنێری. تۆ وەرە با نامەکەت شیبکەینەوە، زۆر بێ سەرووبۆربوو، هیچ چارەسەرێکی تێدا نەبوو، نەک بۆ ئەوانەی کە لە مەیدانی ئازادین بەڵکو بۆ هیچ کەسێک. خۆی لە ڕاستیدا نامەکەت هەر وەڵامێکی پەلە بوو بۆ ئەوەی پێش مەسعود بارزانی بکەویت و پێشخەریت کردوە و هیچی تر. پەندێکی کوردی هەیە دەڵی ' ئاش لە خەیاڵ و ئاشەوان لە خەیاڵێک'، واتا خەڵکی داوای شتێک دەکاوو ئێوە شتێکی تر. ئێوە لەوە دەچی هەر لە پێشبڕکێدا بن لەگەڵ پارتیداو هیچی تر. باشترین ڕێگە بۆ چارەسەری ئەم گێژاوەی کە ئێوەی تێکەوتون واز هێنانە و سەرهەڵگرتنە بۆ ئەوەی لەکۆڵ خەڵکی کوردستان ببنەوە.
پەندێکی ئینگلیزیش هەیە 'A fish rots from the head down ' ' ماسی لە سەرییەوە بەرەوخوارەوە بۆگەن دەکات'، واتا کاتێ کە ڕێکخراوێک تێدەکەوێ و گەندەڵ دەبێ، سەرچاوەی تێکەوتنەکەی و گەندەڵییەکەی لە ڕزینی سەرۆکەکەیەوە دەستپێدەکات. میللەت پێتان دەڵێ ' کش مەلیک' هەستن بڕۆن واز بهێنن بە ڕێزی خۆتانەوە پێش ئەوەی ڕاتان بماڵن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























