<

ناشرینكردنی دەسەڵاتی ژنان.. بەڕێوەبەری تاپۆی سلێمانی بەنمونە

21/03/2011, 12:00 (GMT+1)

رۆژانە ناڕەزایەكی زۆر لەلایەن رێكخراوەكانی ئافرەتان و ژنان بۆ كەمی ڕێژەی بەشداری ژنان لە پۆستەكانی دەسەڵات هەیە، ئەمەش كارەساتە بۆ دەسەڵاتێ خۆی بەدیموكراتی بزانێ و بایەخ بە ڕێژەی ژنان لە حكومەتەكەی نەدا.
بەڵام ئەپرسین ئەگەر ژنێك چوە سەر دەسەڵات و خراپ كارەكانی بەڕێوەبرد، بڵێین چی؟ ئایا لەبەرئەوەی ژنە گوێی لێ بخەوێنین یان ئەبێ هەر خودی ژنان لێپرسینەوەی لەگەڵ دا بكەن؟
یەكێ لەو پۆستانەی ساڵەهایە بەدەست ژنێكەوەیە بەڕێوەبەرێتی تاپۆی سلێمانیە، بەڵام هیچ شارەوانیەك نیە كە گیرۆدەی دەستی بەڕێوەبەرایەتی تاپۆ نەبوبێ، بەدرێژایی چەندین مانگ هاوڵاتیان چاوەروانی سورەت قەیدی زەویەكانیان ئەكەن بەڵام هەتا پارە نەدەنە ئەو دەڵاڵانەی لەبەردەرگای تاپۆ ڕاوەستاون، مەحاڵە ئەو سورەت قەیدەی دەست بكەوێ!
لێرە بەجەنابی بەڕێوەبەر ئەڵێم بۆچی دەڵاڵەكانی بەردەرگای تاپۆ كە بەبڕی -75 هەزار تا 150 هەزار- بەیەك رۆژ هەموو مامەڵەكە بۆ هاوڵاتییەك جێبەجێ ئەكەن، بەڵام كاتێك هەر ئەو هاوڵاتیە بیەوێ بەڕێوشوێنی یاسایی مامەڵەكەی تەواو بكات نزیكەی -3- مانگ ئەخایەنێ؟ ئەگەر تۆ شەریكیان نیت بۆ لێپرسینەوە لە فەرمانبەرەكانی خۆت و ئەو دەڵاڵانەش ناكەیت؟ ئەگەر شەریكیانیت ئەوا پێت ئەڵێم تكایە سیمای ژنان لەناو دەسەڵاتدا ناشرین مەكە!
 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان