<

بۆ لە ڕادیۆی هەولێری یەكگرتوو دەركرام؟

19/12/2010, 12:00 (GMT+1)
ڕەنگە زۆرینەی ئەوانەی ئەو كەسانەی كلیك لەسەر ئەو بابەتە دەكەن بەدوای ناوی نووسەرەكەی بگەڕێن، نەنوسینی ناوی خۆم لەسەر ئەو وتارە پەیوەندی بەوە نیە من دەمەوێت تەشهیر بەیەكگرتوو بكەم بە ناوێكی نەناسراو یاخود ترسم لە لەوە هەبێت بناسرێم چونكە ئەوانەی ئاگایان لە و ڕووداوە هەبێت دەزانن من كێم، بەڵام لە ڕاستیدا هۆكاری ئەوەی بۆ ناوی خۆم نەنوسیوە ئەوەیە من پێم شەرمە لەوەی باَێم ڕۆژێك لە دەزگایەكی یەكگرتوو كارم كردووە و شەرم لەهەموو ئەو رۆژانەش دەكەم، ئەگینا دوای ئەو ڕووداوەی بەسەرمنیان هێنا زۆر بە ئاسانی بەگوێرەی یاسای رۆژنامەگەری دەمتوانی داوا لەسەر ئەو دەزگایەی یەكگرتوو تۆمار بكەم.

وەكو كارمەندێك لە دەنگی یەكگرتوو تا هەفتەی ڕابردوو كارم دەكرد و تەمەنی كاركردنیشم لە 10 رۆژ تێپەڕی نەدەكرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە 4\12 بەڕەزامەندی بەڕیوەبەری ڕادیۆ من بوومە كارمەندێكی ڕەسمی و دەستم بەكاركرد بەلام لە بەرواری 13\12 بە تەلەفون ئاداداركراومەوە كە لە ڕادیۆی یەكگرتوو دوورخراومەتەوە، ئەو هەواڵەش لەلایەن كارمەندێكی ئەو ڕادیۆیەوە بەمن دراو جەنابی بەڕێوەبەر ڕووی نەهات خۆی پێم بڵێت و بەدیار ڕیسوایی خۆیەوە دانیشت.

ئەگەر چی ئەو كارمەندە پێمی وت كە گوایە لە ئێستا پێویستیان بەكارمەند نیە و هەركاتێك پێویستیان پێم بوو پێم ڕادەگەیەننەوە، وەك دەڵێن دڵم ئاوی بەو قسەیە نەخواردەوە و بە دواداچوونی ترم كرد بۆم دەركەوت هۆكاری دەركردنم زۆر لەوە جیاوازترە كە پێیان ڕاگەیاندم و لە ئێستادا بەچكە یەكگرتووەك لە شوێنەكەم دانراەوە، بۆم دەركەوت من بەوە ناسێندراوم كە گۆرانم ڕەنگە ئەو كارەش دەزگای ئیستخباراتی یەكگرتوو كە بە " ئیێلاح" ناسراوە پێی هەڵساوە، بەڵگەش بۆئەوە ئەوەبوو كە گوایە من لەو ڕۆژنامانە كارم كردووە كە لەگۆڕان نزیكن و من سەر بەگۆڕانم، ناشبێت ئەندامێكی گۆڕان لەنێو یەكگرتوو بێت، بۆیە هەر زوو وەك بلێی تاوانبارێكی ڕووداوەكەی بادینانیان بۆ ئاشكرا بووبێت یان كەسێك كە لە چاوترسێنكردنی یەكگرتوو دەستی هەبووە یان هێرشی سەر بارەگای یەكگرتووی كردووە لەهەولێر وا بەخێرایی بڕیاری دەركردنم درا و جێبەجێش كرا، بەڕاستی من حەپەسام كە ئەوەم بیست وتم تۆ بڵێی من ئەوەندە مەترسیدار بم؟؟!!، جگە لەوەی من بەهیچ شێوەیەك رۆژێكیش بە ڕەسمی ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان نەبوومە ئەگەر هەڵوێست و ئیشكردن و ڕاپۆرت و دیمانەكان ئەوەی پێوە دیاربووە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە بڕوام وابووە كە گۆڕان شتێكی تازە بوو بۆ واقعی كوردستان هەموو ئەو دژایەتیەی گۆڕان كرا پێویست بوو بجۆرێك هاوسۆزیەك هەبێت بۆی، بەڵام خۆزگە ئەو برادەرانەی دەزگای ئیسلاح چاوێكیشیان بەوە دەگێرا كەمن لەچ هەڵوێستێك دژایەتی یەكگرتووم كردووە؟؟ ئەوە لەكاتێكدیە چەند دیمانە و ڕاپۆرتم لە ساتەوەختی هەڵبژاردنەكان كردووە سوودی بۆ یەكگرتوو هەبووە، لەڕاستیدا ئەوە بەڵگەی ئەو رقە گەورەیە كە یەكگرتوو دژ بە گۆڕان هەیەتی، یەكگرتوو پێی وایە دەركەوتنی گۆڕان بەر لەوەی زیانی بەیەكێتی گەیاندبێت زیاتر لەوە بە یەكگرتوو گەیشتووە چونكە خەونی بەدیل بوونی یەكگرتووی لە چاڵنا، بۆیە دوو بەقەد یەكێتی ئامادەیە گومان لەهەر كەسێك بكات كە لە سفرەی یەكگرتوو پێ نەگەیەشتبێت، دوای ئەو ڕووداوەی خۆم چەندین قەزیەی تری دەركردنی خەڵكم بیست لە یەكگرتوو و ڕاگەیاندنەكەی، بەڵام ئەوان بەقسەی چەند مەلایەكی زمان لوسی خۆیان گوایە پێویستە عەیبی برای موسڵمان بشاریتەوە ئەوانیان دەمكوت دەكرد، بەڵام چونكە من ئەندامێكی ئەوان نەبووم بڕوام بەو جۆرە قسەنیە، وپێم وایە ئەوجۆرە بۆچوونە ڕێگە لەبەردەم گەندەڵی ئەوان فراوانتر دەكات و ئەو دەیان مۆنیكا و تەلارە بەرزانەی بەرپرسانی باڵای ئەو حیزبە بەڵگەی ئەو ڕاستیەن، من بەو ناوە چوومە نێو ڕاگەیاندنی یەكگرتوو كە تەنها ئیشی خۆم بكەم و پەیوەندیم بە حیزبەوە نەبێ، تڕەنگە ئەوانەی كە پشتگیری دەركردنی منیان كردووە ئەو بابەتە ببینن بە وانی تر بڵێن " ئەها ئەوە ئەو كەسە بوو و بۆیە ئێمە وامان بەسەرهێنا"، بۆیە لێەوە بە ئەوان و بەهەموو لایەك دەڵێم من لەوەتەی كاری رۆژنامەونی دەكەم لەهیچ هەڵوێستێك دژایەتی یەكگرتووم نەكردووە و ئەگەر ئەو قەزیەش نەبوایە كە بەو شێوە ناشرینە منیان دوورنەخستایە هەرگیز شتی وام نەدەنووسی، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان خۆی بە حیزبێكی ئسلاحی و نوێخواز و سەردەمی شار دەزانێت و هەمیشە جەختیان لە سینە فراوانی و برایەتی كردۆتەوە بەڵام بەداخەوە سفرەكەی یەكگرتوو زۆر لەوە بچوكترە بانگەشەی بۆ دەكەن، ئەوەندەی من لەو ماوە لە ڕاگەیاندنی ئەو حیزبە هەستم پێكدرووە ئەوەیە ڕاگەیاندنەكەیان لەسەرووی هەموویان سەتەلایتەكەیان كەوتۆتە دەست چەند بنەماڵەیەك و بە واسیتە و خزم خزمێنە ڕێگا لەهەموو كەسێكی بێ تەزكیەی حیزبی دەگرێت پۆست وەرگرێت، هەر ئەوەشە وای كردووە ڕاگەیاندنی ئەو حیزبە نەك هەر بەرامبەر گۆڕان و یەكێتی وپارتی بەڵَكو بەرامبەر كۆمەڵیش تووشی شكست بێت، لەحاڵی ئێستا بەبڕوای زۆرینەی میدیاكاران ڕاگەیاندنی یەكگرتوو لە دواوەی ڕاگەیاندنی كۆمەڵی ئیسلامیە ئەمەشە وای كردووە لە دوو هەڵبژاردنی 7ی 3 و مامۆستایان دەنگەكانیان لەخوار كۆمەڵەوە بێت، هۆكاری هەموو ئەوانەش ئەو مەحسوبیەت و خزمخزمێنەیە كە لەنێو یەكگرتوو تەشەنەی كردووە!.

ئەو بارودۆخەی كە ڕووبەڕووی من بویەوە بەڵگەی هەموو ئەو ڕاستیانەن كە ئاماژەم پێكرد، نایشارمەوە كە مدیری ئەو ڕادیۆیە یەكێك بوو لەو كەسانەی كە من زۆر گوێم لە بۆچوون و محازەرەكانی دەگرت و پێم وابوو یەكێكە لەچاكترینەكانی نێو یەكگرتوو بەڵام دوای ئەو هەڵوێستەی خەریكە لە قبوڵ بوونی ئەو نوێژانەش دەكەومە گومانەوە كە لە پشتی ئەو كردوومە، لەڕاستیدا نمونەی وەك ئەو بابایەیە كە ئیسلام و ئیسلامیەت لەبەر چاوی خەڵك ناشرین دەبێت، من ئەو كەمە عیبادەتەی دەیكەم زۆر لەو هەموو عیلمە دیینی و قسە زلەكانی ئەو بەڕوەبەرەی ڕادیۆیە باشتر دەزانم، چونكە ئەوەی من دەیكەم تەنها بۆ ڕەزامەندی خوایە بەڵام ئەوەی ئەو بۆ ڕەزامەندی حیزبە تا پلەیەك بەرزتر بكرێتەوە، حیزب لای ئەوجۆرە وەسیلەی خزمەتكردنە بە خود نەك خودا!!، ئیسلام دەڵێت درۆ مەكە دەیكات دەڵێت بەڵێنی بەدرۆ و كرداری بێ رەفتار و مەكە دەیكا دەڵێت فەرق و جیاوازی مەكە دەیكات چی لەبەرژەوەندی بێت تەفسیرێكی دینی بۆ دەكات، ئیسلام دەڵێت بوختان بۆ كەس مەكە كەچی ئەو وەك ئەوەی ئەو ئایەتە هەر نەش بووبێت بۆت دەكات، بۆیە پێیان دەڵێم ئیتر بەسە خۆڵ كردنە چاوی خەڵك بەسە فرۆشتنەوەی ئیسلامەتی بەسەر خەڵكەوە چاوێك بگێرنەوە بەوەی بزانن بۆ كادیرە بەتواناكانتان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر چواردەورتان چۆڵ دەكەن،
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان