<

كەمپینى داكۆكیكردن لەمافى مامۆستایان لەبارەى راپۆرتێكى رۆژنامەى هاووڵاتى روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

28/07/2011, 12:00 (GMT+1)


لەرۆژنامەى هاووڵاتى ژمارە 752 بەروارى 27/7/2011 راپۆرتێك هاتووە بەناونیشانى كەمپینى مامۆستایانى هەولێر لەبەرامبەر دابین نەكردنى دەرماڵەى پیشەیى ماندەگرن ، رۆژنامەى هاووڵاتى بەدواداچونێكى لەوبارەیەوە كردوە و تێیدا بۆچوونى چەند لایەنێكى پەیوەندیدارى وەرگرتوە لەوبارەیەوە ، ئێمە لەكەمپینى داكۆكیكردن لەمافى مامۆستایان بەپێویستى دەزانین لەبارەى بۆچوونى چەند لایەنێك كەقسەیان دەربارەى هەڵوێستەكەى ئێمە كردووە ئەو رونكردنەوانە بخەینە ڕوو ، 1/لەراپۆرتەكەدا هاتووە كەپێشتر دەرماڵەى پیشەیى مامۆستایان 300هەزار دینار بووە ، ئێمە ئەو ژمارەیە راست دەكەینەوە كەپێشتر دەرماڵەى پیشەیى مامۆستایان 125هەزار بووە نەك 300هەزاردینار . 2/ وەزیرى پەروەردە دەڵێت مامۆستایان پێشتر دەرماڵەى پیشەییان نەبووە!!! ئێمە پرسیار لەجەنابى وەزیر دەكەین بابەدواچونێك بكات و لەوەزارەتى دارایى و یەكێتى مامۆستایان بپرسێت ئەوكات دەزانێت مامۆستایان پێشتر دەرماڵەى پیشەییان هەبووە بەبڕى 125هەزاردینار بەڵام دواتر بەبیانووى جۆراوجۆر ئەم دەرماڵەیە بڕدرا. 3/سەرۆكى حكومەت ووتویەتى : لەبودجەى ئەمساڵ ناتوانین ئەم دەرماڵەیە دابین بكەین!!! ئێمە دەڵێین نزیكەى 3ترلیۆن دینار بۆمووچەى 4مانگى 25هەزار فەرمانبەرەكە دانراوە و دەكرێت لەپسپۆرانى دارایى بپرسن ئەم 3 ترلیۆنە چەندى دەمێنێتەوە و بۆكوێ دەچێت ؟ 4/بەڕێز نادر نانەكەلى ئەندامى سكرتاریەتى یەكێتى مامۆستایان دەڵێت : ئێمە دەمانەوێ بزانین ئەم كەمپینە كێن ؟ بۆئەوەى بەیەكەوە كاربكەین ، ئێمە لەوەڵامى ئەم بەڕێزە دەڵێین خۆشحاڵین و ئامادەى كاركردنین لەگەڵ هەركەس و لایەن و گروپێك لەپێناو بەدیهێنانى مافى مامۆستایان. 5/بەرپرسى راگەیاندنى یەكێتى مامۆستایان دەڵێت : پێویستە رێكخەرانى كەمپینەكە خۆیان ئاشكرابكەن !!! وێڕاى سەرسوڕمانى ئێمە لەبەرامبەر ئەم ووتەیەیە ، بەبەرێز بەرێوەبەرى راگەیاندنى یەكێتى مامۆستایان رادەگەیەنین ئێمە ناسراوین و ساڵى ڕابردوو لەگەڵ بەڕێز مامۆستا محمدحسن جوجە دانیشتین و بەیاننامەیەكى كەمپینەكەمان گەیاندە دەستى و ئەمساڵیش لەگەڵ لیژنەى پەروەردە لەپەرلەمانى كوردستان كۆبوینەوە و سەدان واژووى مامۆستایانى بەڕێزمان گەیاندە پەرلەمان ، بۆیە كەمپینەكەى ئێمە ئاشكرایە و دوورە لەهەموو دەست تێوەردانێكى حزب و لایەنە سیاسیەكان و سەربەخۆین لەكاركردن و تاكە پشتیوانى ئێمەش تەنها مامۆستایانى بەرێزن . 6/بەرێوەبەرى راگەیاندنى یەكێتى مامۆستایان دەڵێت : ئابونەوە بەزۆر لەمامۆستایان ناگێڕدرێتەوە!!! بەڕاستى ئەم لێدوانە لێدوانێكى چەواشەكارییە و ئابونەوە بەزۆر و لەلیستى مووچەى مامۆستایان و بەئیجبارى لەمامۆستایان دەگێردرێتەوە ، تەنانەت ئەوئابونەوەیە لەومامۆستایانەش دەگێردرێتەوە كەئەندامى یەكێتى مامۆستایان نین و بەرلەوەى مامۆستایان مووچەكەى خۆیان وەربگرن ئەوا یەكێتى مامۆستایان ئابونەوەكەى خۆى دەگێڕێتەوە كەئەمەش پێچەوانەى بنەماى دیموكراسى و كۆمەڵگەى مەدەنیە و كەسیش نازانێت ئەم هەموو پارەیە بۆكوێ دەچێت؟ دەكرێت یەكێتى مامۆستایان تەنها یەك مانگ ئابونەوە بكاتە ئیختیارى ئەوكات دەردەكەوێت كەیەكێتى مامۆستایان نەك 110ملیۆن ، بگرە یەك ملیۆنیشى پێناگات وەك ئابونەوە و مامۆستایانیش بێزارن لەوئابونەوە گێڕانەوە.7/بەرێوەبەرى راگەیاندنى یەكێتى مامۆستایان دەڵێت: توانیومانە بڕى 100هەزاردینار بۆمامۆستایانى پلە6و7و8 دابین بكەین ، ئێمە ئەم لێدوانەش راست دەكەینەوە و دەڵێین بڕى 50هەزار بۆمامۆستایانى پلە 5و6 و بڕى 100هەزاردینار بۆمامۆستایانى پلە7و8 دابین كراوە و ئەم بڕە پارەیەش هیچ پەیوەندییەكى بەدەرماڵەى پیشەییەوە نیە ، ئەم بڕە پارەیە تەنها بۆقەرەبوكردنەوەى ئەو مامۆستایانە بوو كە لەكاتى گۆڕانكارى لەسیستەمى مووچە زەرەرمەندبوون.

لەكۆتاییدا ئێمە لەكەمپینى داكۆكیكردن لەمافى مامۆستایان رایدەگەیەنین كەبەردەوام دەبین لەهەڵوێست و خەباتە مەدەنیەكانمان و هیچ بەربەستێكیش ساردمان ناكاتەوە و پێداگریشین لەدابینكردنى دەرماڵەى پیشەیى بۆمامۆستایان و باشتركردنى گوزەرانیان لەپێناو بەرەوپێشبردنى ئاستى زانست و پەروەردە لەناوەندەكانى خوێندن



كەمپینى داكۆكیكردن لەمافى مامۆستایان / هەولێر


 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان