چەند بارە گەڕانەوەى نائومێدى بۆ لاى لاوى بەدبەختى كورد
17/11/2010, 12:00 (GMT+1)
پێم وایە لە ڕوى نائومێدیەوە لاوى هیچ وڵات و هیچ بەشێكى ، ئەم ئەستێرەیە هێندەى لاوى كورد بەدبەخت نەبووە و بگرە هیچ چین و توێژێكى كۆمەڵگاى كوریش ئەوەندەى ئەم چین و توێژە (بە هەڵە پێی ئەوترێت لاو و هیچ تایبەتمەندیەكى لاوى تێدا نەماوەتەوە) بە درێژایى مێژوى نوێى كورد ، كار لەسەر بێهیوا بوونى نەكراوە.
بە درێژایى مێژوو ، لاوى كورد ئومێدى لەسەر ڕوداو و پێشهاتە سیاسیەكان هەڵچنیوە ، بەڵام دواتر بەهۆى هەڵە یان یان ناپاكى سەركردەیەكى سیاسی و ڕونتر بڵێن سیاسیەكى نا سیاسیەوە ، هەر زوو نا ئومێد كراوە و خەونەكانى لە گۆڕ نراوە.
گشت ڕوداوە سیاسیەكانى چەند دەیەى ڕابردوو ،شاهیدى ئەم بۆچونەن . هەر لە سەرهەڵدان و دروست بوونى یەكەمین شۆڕشى كوردى ، هەتا ڕاپەڕین و دواتر ڕوخانى یەكجارەكى دەسەڵاتى حیزبى بەعس ، و گشت هەڵبژردنە پەڕلەمانى و سەرۆكایەتیەكانى ڕابردوش لەم بارە بەدەر نەبوون.
پێش دروست بوونى لیستى گۆڕان ، تاكى كورد و بەتایبەتى لاو ، هێندە نائومێد بوو بوو لە هەڵبژاردن كە ئامادە نەبوون چەند ساتێك كاتى خۆیان تەرخان بكەن بۆ دەنگدان ، ڕێژیەكى زۆر كەم نەبێت لاو لەبەردەمى بنكەكانى دەنگداندا نەدەبینرا. بەڵام دواى دروست بوونى لیستى گۆڕان ، هەموومان كاریگەرى ئەو لیستەمان بینى لە هەردوو هەڵبژاردنەكەى (25-7 و 7-3) دا كە ژمارەیەكى ئێجگار زۆر گەنج و لاو ڕویان لە سندوقەكانى دەنگدان كرد و زۆربەى هەرە زۆریشیان دەنگیان دا بە لیستى گۆڕان .
ئەوەى جێگاى ئاماژە پێكردنە لێرەدا پاش 25-7 سەرەڕاى بوونى چەند ڕەخنە و تێبینیەك ، بە شێوەیەكى گشتى ئەداى بزونتەوەى گۆڕان لە ڕوداوەكانى ڕابردوودا و لیستى گۆڕان لە پەڕلەمانى كوردستاندا تا ڕادەیەكى باش جێگەى دەست خۆشى لێكردنە.
بەڵام بەداخەوە ئەوەى لە پەڕلەمانتارەكانى گۆڕان لە پەڕلەمانى عیراق چاوەڕوان دەكرا ، وادەرنەچوو و سەبارەت بە دەنگدان بە تاڵەبانى تا ڕادەیەكى بەرچاو بەشێكى زۆر لە ڕیسەكەى كردەوە بە خورى و جێگەى خۆیەتى كە هەندێك كەس گومانى زۆر خراپ بكەن لە ئەندام پەڕلەمانەكانى گۆڕان لە پەڕلەمانى عیراق .
بە بۆچونى من هیچ پاساوێك نیە بۆ دەنگدان بە تاڵەبانى ، ئەگەر لێرەدا پاساوی نەتەوەیى بهێننەوە ، ئەوە هەمان ئەو پاساوەیە كە سەرانى یەكێتى و پارتى لە چەند ساڵى ڕابردوودا بە بێ هیچ بەڵگەیەك میكیاجى ڕووە ناشیرینەكانى خۆیانیان پێ كردووە ، چونكە لاى گشت كەسێك ئاشكرا و ڕونە كە ئەداى تاڵەبانى لە بەغدا ، نەك هەر تەنها هیچ سودێكى بە كورد نەگەیاندووە بگرە مایەى زیانێكى گەورە بووە بۆ كورد ، نەك تەنها لە باشورى كوردستاندا بەڵكو بۆگشت پارچەكانى كوردستان ، و لە هەمان كاتدا سودێكى گەورەى گەیاندووە بە دوژمنانى كورد بەشێوەیەكى گشتى .
لێرەوە هەر دەنگدانێك بە تاڵەبانى لە ژێر هەر جۆرە پاساوێكدا بێت ، ناڕاستەوخۆ دەنگدانە بە دوژمنانى كورد .
شتێكى تریش كە لێرەدا دەبێت لەبیر نەكرێت ، ئەوەیە كەوا بەشێكى زۆر یان دەتوانین بڵێین نزیكەى هەمووى پاڵێوراوەكانى لیستى گۆڕان ، لە كاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا ، جەختیان لەوە دەكردەوە كە بەڕاستى نوێنەرى دەنگدەرەكانیانن و لەو پێناوەدا هیچ جۆرە سازشێك ناكەن ، و وەك ئاشكرایە كە زۆربەى هەرە زۆرى ئەوانەى دەنگیان داوە بە گۆڕان هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نین ، كەوا نوێنەرەكانیان دەنگەكانیان بكەنە تورەكەیەك و لە بەغدا پێشكەشى تاڵەبانى بكەن ، بۆیە لێرەوە هەر دەنگ دانێك بە تاڵەبانى بەشێوەیەكى ئاشكرا ناپاكیە بەرامبەر بە دەنگدەرانى خۆیان ،و دڵنیام ئەگەر لە كاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا ئەم هەڵوێستەى ئێستایان باس بكردایە بە لاى زۆرەوە چارەكێكى ئەو دەنگانەیان نەدەهێنا ، كە هێنایان,
ئەگەر واش نیە با ئەمانیش هەر هیچ نەبێت وەك سەدریەكان ، جۆرە ڕاپرسیەكیان لە نێو دەنگدەرانى خۆیاندا بكردایە ، بەڵام وا دیارە برادەرانى گۆڕانیش توشى ئەو جۆرە نەخۆشینەى لایەنەكانى تر بوون ، كە هەر پاش دەنگدان ئیتر هیچ جۆرە حسابێك بۆ دەنگدەرەكانیان ناكەن و بێ منەتیان دەكەن .
بۆیە جێى خۆیەتى لێرەدا بگەڕێمەوە سەر پێشەكیەكەى سەرەوە و بڵێم بە داخەوە وا خەریكە جارێكى تر نائومێد ببین و خەونەكانمان بنرێتە گۆڕ.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























