<

كەمپینى داكۆكیكردن لە مافە رەواكانى هاوڵاتیانى مەخموور

13/03/2011, 12:00 (GMT+1)
كەمپینى داكۆكیكردن كەمپینى داكۆكیكردن لە مافە رەواكانى هاوڵاتیانى مەخموور
بەناوى خوداى گەورە

- وڵاتپارێزانى كوردستان
- هاوڵاتیانى مەخموورو قەراج و كەندێناوەو گوێڕ

ئێمە لەكاتێكدا یادى 12ى ئادارو بیستەمین ساڵیادى راپەرینە مەزنەكەى بەهارى 1991ى دەڤەرەكەمان بەرزو پیرۆز رادەگرین، لەهەمانكاتدا بەهۆى فەرامۆشكردنى دەڤەرەكەمان لە زۆربەى رووەكانەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانو لایەنى پەیوەندیدار لە حكومەتى هەرێمى كوردستانو عێراق بەگشتىو هەردوو ئیدارەى پارێزگاى هەولێرو موسڵ بەتایبەتىو پشتگوێ خستنى گرنگیی دەڤەرى مەخموور لەرووى سامانە سروشتییەكانو دانەوێلەو هەروەها لەرووى جوگرافییەوە مەخموور وەكو ناوچەیەكى هاوسنوور بەشێكى پایتەختى هەرێمى كوردستان دەپارێزێت، بۆیە بەپێویستمان زانى كەمپینێك بۆ داكۆكیكردن لە مافە رەواكانى هاوڵاتیانى مەخموور بەفەرمى رابگەیەنین.
وەكو ئاشكرایە مەخموور لەساڵى 1927 بوەتە قەزا و لەساڵى 1996دا بەبڕیارێك خراوەتە سەر پارێزگاى موسڵ، دواتر لەساڵى 2003 لەگەڵ پرۆسەى ئازادكردنى عێراق ئازادكرا، لەوساتەوە كەوتۆتە نێو بەرداشی دوو ئیدارەیی (هەولێر و موسڵ) بەتایبەتى دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى موسڵو دەستبەسەراگرتنى لیستى حەدباو فەرامۆشكردنى ناوچە كوردنشینەكان بەهۆى هەڵوێستو بایكۆتكردنى لیستى برایەتى نەینەوا، دەڤەرى مەخموور لەتەواوى پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بێبەشكراوە. ئێمەش بە باشمانزانى ئەم كەمپینە لە رۆژى 12/3/2011 لەلایەن كۆمەڵێك رۆشنبیرو رۆژنامەنووسو مامۆستایانى ئایینىو كەسایەتىو خەمخۆرانى مەخموورو قەراجو كەندێناوەو گوێڕ رابگەیەنین. بە لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندى باڵاى كوردستان وەكو كەمپینێكى بێلایەن كاردەكەین، ئامانجیش لەم كەمپینە پشتگیرىو داكۆكیكردنە لە تەواوى مافو داخوازییە رەواكانى هاوڵاتیانى دەڤەرى مەخموورو لەرێگەى فشار خستنە سەر دەسەڵاتدارانى كوردستانو عێراق بۆ بەدەنگەوە هاتنو جێبەجێكردنى داخوازىو پێداویستییەكانى ژیان و گوزەرانى خەڵكى ناوچەكە. ئەم كەمپینە درێژەپێدەرى هەوڵەكانى پێشووترە كە لەرێگەى یاداشت بەرزكردنەوەدا سەردانى قایمقامیەتى مەخموورو پارێزگارى هەولێرو سەرۆكایەتى پەرلەمانى كوردستانمان كردووە، هەروەك پێشووتر سەرۆكى هەرێم بەڵێنى بەدواداچوونى بۆ داواكارییەكانى خەڵكى مەخموور داوەو تائێستا نەخراوەتە بوارى جێبەجێكردنەوە، بۆیە بۆ هەموولایەك ئاشكراى دەكەین كە شێوازى كاركردنى كەمپینەكەمان لەسەر بنەماى دیموكراسیەتو پاراستنى ئەزموونى كوردستانو لەچوارچێوەى خەباتى مەدەنىو قانوونیدا داواى مافە رەواكانى ئەو ناوچەیە دەكەین.
لەگەڵ راگەیاندنى ئەم كەمپینەدا جارێكی دیكە داخوازییەكان دەخەینەوە بەردەستى لایەنە پەیوەندیدارەكان، داواكارین بەزووترین كات وەڵامى داخوازییەكانمان بدەنەوە. هەر لەم سۆنگەیەوە بۆ كاراكردنى هەوڵەكانى كەمپینەكە بەمەبەستى هێنانەدى داخوازییەكان، رووى داواكاریمان ئاڕاستەى تەواوى هاوڵاتیانى دەڤەرى مەخموور دەكەین، كە پشتگیرى تەواوى خۆیان بۆ كەمپینەكە دەرببڕن و هاوكارى كەمپینەكە بكەن لە هەوڵەكانیدا.
داواكارییەكانى كەمپینى داكۆكیكردنى لە مافە رەواكانى هاوڵاتیانى مەخموور


1- گەڕانەوەى قەزاى مەخموور بۆ سەر هەرێمى كوردستان و جێبەجێ كردنى ماددەى 140 و قەرەبووكردنەوەى ئەو هاوڵاتیانەى كە پسوولەى خۆراكیان سەر بەمووسڵە كەچى بێبەشكراون لەقەرەبووى مادەى 140دا.
2- ئەنجامدانى هەڵبژاردنێكى ئازاد بۆ پێكهێنانى ئەنجومەنى قەزاو ناحیەكانى مەخموور دوور لەدەستتێوەردانى حیزب، لەبەرئەوەى مەخموور یەكێك لەو ناوچانەى كە تائێستا ئەنجوومەنى قەزاو ناحیەكانى نییە.
3- گەڕانەوەى بڕە پارەى پرۆژەى "پترۆدۆلار" بۆ دەڤەرى مەخموور كە تائێستا لێی بێبەشكراوە.
4- دانانى خەڵكى ناوچەكە لەئیدارەو بەرێوەبردنى ئیش و كارى خەڵك، دامەزراندنى هاووڵاتیان بەبێ جیاوازى و تەزكیەى حیزبى، چونكە زۆربەى كاربەدەستانى ئیدارەو حیزبى لەدەرەوەى مەخموور دێنو درەنگ دەگەن و زووش دەگەرێنەوە، فریایی هەڵسوراندنى ئیشوكارى هاوڵاتیان ناكەون، یان جێگیركردنى ئەو بەرپرسانە لەمەخموورو دانانى بەڕێوەبەرى ناحیەى قەراج (باقرت) بەزووترین كات چونكە ماوەى چوار ساڵە بێ بەڕێوەبەرى ناحیەیە.
5- لەرووى پەروەردەو خوێندنەوە، دروستكردنى قوتابخانەو باخچەى ساوایان و دایەنگاو كردنەوەى پەیمانگا یاخود كۆلیژێك، چونكە تاوەكو ئێستا یەك باخچەى ساوایانى هەیەو قوتابخانەكان دوودەوامى تێدادەكرێت.
6- دروستكردنى نەخۆشخانە ى 100 قەرەوێلەیی، چونكە تاكو ئێستا لە مەخموور تەنیا بنكەی تەندروستى هەیە و ئەویش پەكى كەوتووە، بەتایبەتى بەشى منداڵبوون و فریاكەوتنى تێدا نییە.
7- چارەسەركردنى كێشەى كارەبا: دۆزینەوەى میكانیزمێك بۆ چارەسەركردن و دابینكردنى بڕى كارەباى پێویست بەهەماهەنگى لەگەڵ ئیدارەى موسڵ یان هەر هەوڵێكى تر بۆ راكێشانى كارەبا لەوێستگەى پیرداود.
8- چارەسەركردنى كێشەى ئاو: نۆژەنكردنەوەى پڕۆژەى ئاوى سولتان عەبدوڵا و بۆڕى نێوان مەخموور و گوندى عەلیاوە كە 11كم دەبێت، نۆژەنكردنەوەى تۆڕى بۆریەكانى ناو شارى مەخموور، چونكە زۆر كۆنەو بەكەڵكى بەكارهێنان نایەت، هەروەك بەگوێرەى چەندان نووسراوى فەرمى ئاوەكەى پیس و شێلوەو بۆ خواردنەوە ناشێت، هەروەها دروستكردنى پاڵاوگەو پرۆژەى ئاوى خواردنەوە.
9- پرۆژەى گەیاندنى ئاودێرى لەزێ ى گەورە یاخود زێی دیجلە بۆ دەشتى قەراج بخرێتە نێو كارى حكومەتەوە، چونكە دەڤەرى مەخموور خاوەنى زیاتر لە یەك ملیۆن دۆنم زەوییە.
10- تەواوكردنى كۆنكریتى سەرجەم شەقامو كۆڵانەكانو دروستكردنى زێرابو ئاوەڕۆ.
11- بە جووت سایدكردنى رێگاى سەرەكى (هەولێر مەخموور) و ناحیەكان.
12- كێشەى خۆراك: چارەسەركردنى كەمى و نەهاتنى بڕى پێویستى كەلوپەل و خواردەمەنى مانگانە كە زۆر بەكەموكوڕى دەگاتە مەخموور، هەروەها كەمكردنەوەى بڕى پارە، كە لەهاووڵاتیان وەردەگیرێ و گواستنەوەى وەكالەتى ئەوخێزانانەى كە ماڵیان لەمەخموورەو دابینكردنى نەوت بۆیان.
13- گەیاندنى پرۆژەى وەبەرهێنان بۆ دەڤەرى مەخموورو، ئەنجامدانى پرۆژەو كارگەى گەورە كە دەبێتە هۆى دابینكردنى هەلى كارو پەرەپێدانى بازرگانى و پیشەسازى، وەكو دروستكردنى كارگەى ئارد لەنزیك سایلۆى مەخموور.
14- بەرفراوان كردنى ئازادى راگەیاندنو رۆژنامەگەرى، هەروەها سزانەدانى هیچ رۆژنامەنووسێك لەسەر پیشەكەى.
15- قەرەبووكردنەوەى ئاوارەكانو خەڵكى گوندەكانو ئاوەدانكردنەوەو یارمەتیدانى جووتیارانو ئەنجامدانى پرۆژەى كشتوكاڵىو دابینكردنى پێداویستىو ئامێرو كەلوپەلى جوتیارى، هەروەها ئەنجامدانى پرۆژەى ئاوەدانكردنەوە بۆ هەرسێ ناحیەى قەراج و كەندیناوەو گوێر، و چارەسەركردنى كێشەى زەوى زارى كشتوكاڵو خانووبەرەو تاپۆكردنى خانووە حكومییەكان.
16- ناردن و جێگیركردنى هێزى پاراستنى ژینگە بۆچیاى قەرەچووغو زوورگەزراو پاراستنى شوێنەوارەكانو نوژەنكردنەوەیان.
17- كردنەوەى قوتابخانەى ئاینى و رێزگرتن لەمامۆستایانى ئایینىو رێگەنەدان لەدەستتێوەردانى حیزب لەكاروبارى ئەوقافو مزگەوتەكان.
18- دروستكردنى پارك و جوانكردنى شار لەڕووى رووناكى و دارودرەختەوە.
19- دابەشكردنى زەوى بەسەر چینو توێژى مامۆستایان و فەرمانبەران و كاسبكاران بەگوێرى خزمەت، بەبێ جیاوازىو دوور لەدەستتێوەردانى حیزبى.
20- دروستكردنى چەندین یەكەى نیشتەجێبوون بەتایبەت لەناوچە گوندنشینەكان، هەروەك دەبینین رۆژانە بەدەیان ماڵ ناوچەكەكانیان جێدەهێڵن.

دەستەى دامەزرێنەرى كەمپین
1- سامان قەرەچووغى (رۆژنامەنووس)
2- مەسعود عەبدولخالق (رووناكبیر)
3- موحسین شوانى (شاعیر)
4- خەلیل پاڵانى (رۆژنامەنووس)
5- هاورێ یوسف (چاودێرى كوردۆساید-چاك)
6- مامۆستا سەید عەلى رەمەزان (مامۆستاى ئایینى)
7- شێركۆ مەحمود (شاعیرو رۆژنامەنووس)
8- بەختیار محەمەد (رۆژنامەنووس)
9- چریكە مەخموورى (چالاكوان)
10- جەرجیس مەولود (مامۆستا)

* بۆ پشتگیرى و پەیوەندیكردن [email protected]
ژ:مۆبایل (07504787213) یان (07504655463)
مەخموور
12-3-2011
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان