<

ڕاگەیاندنى كۆمەڵەى قەلاچۆكردنى مادەهۆشبەرەكان

12/10/2010, 12:00 (GMT+1)
ڕاگەیاندنى كۆمەڵەى قەلاچۆكردنى مادەهۆشبەرەكان سەبارەت بە:
دیارنەمان و دواتر ئاشكرا كردنى بیست كیلۆ هیرۆین لەنێوان ئاسایشى گشتى و ئاسایشى سلێمانیدا
بەپێى هەواڵێكى ڕۆژنامەى هاوڵاتى ژمارە (670) ڕۆژى چوارشەممە، هەریەك لە بەڕێوەبەرەكانى ئاسایشى سلێمانى و ئاسایشى گشتى بێئاگایى خۆیان نیشانداوە لەو بڕە هیرۆینەى كە بەر لە پێنج مانگ دەستى بەسەردا گیرا بوو. بەڵام ئەمڕۆ دواى ئەوەى كە هاوڵاتى هەواڵەكەى لەسەر زارى ئەو دوو بەڕێوەبەرەى ئاسایشەوە بڵاوكردەوە، هیرۆینەكە ئاشكرا بوو.
ئێمە لە كۆمەڵەى قەلاچۆكردنى مادەهۆشبەرەكانەوە بەوپەڕى نیگەرانی و گومانەوە مامەڵە لەگەلأ ئەو هەواڵەو لیدوانەكانى هەردوو بەرپرسى ئاسایشى ئەكەین، پێمان وایە كە هەوڵێك لەئارادا بووە بۆ دەستبەسەردا گرتنى ئەو بڕە هیرۆینە كە نرخەكەى چەند ملیۆن دۆلارە. ئەگەر نیگەرانى و گومانى ئێمە لەجێى خۆیدا نیە، با هەردوو بەڕێز لە بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى گشتى و ئاسایشى سلێمانى وەڵاممان بدەنەوە كە ئەو دوو لێدوانە پێچەوانەیە چییەو سەرچاوەكەى كامەیە؟
ئێمە وێڕاى دەستخۆشى لە ڕۆژنامەى هاوڵاتى كە بەدواداچوونى كرد بۆ ئەم مەسەلەیەو نەیهێشت كارێك ڕووبدات كە ئێمە لێى دەترساین، هاوكات داواكارین كە لە هەردوو بەرپرسى ئەو دەزگایە كە ڕونكردنەوە بدەن و هۆكارى وون بوونى بیست كیلۆ هیرۆین و دواتر دۆزینەوەى بەبێ هیچ لێدوانێك، بۆ هاوڵاتیان ڕٍوونبكەنەوەو نیشانمان بدەن كە ڕاستى و دروستى ئەو مەسەلەیە چیەو كێ لەپشت شاردنەوەى بیست كیلۆ هیرۆینەكەوە بووەو تەواوى تاونباران ڕاپێچى دادگا بكریًن. دادگاو داواكارى گشتى بەرپرسیار ئەكەین كە بەدواداچوونى یاسایى بكات بۆ ئاشكراكردنى ڕاستیەكان.
هەر بەم بۆنەیەوە دایكان و باوكان و گەنجان جارێكیتر بەئاگادێنینەوە لەخەتەرى مادەهۆشبەرەكان و ڕێگانەدەن ژیانى گەنجان و ئایندەى كۆمەڵگا تاریكتر بكرێت و هەموو توانایەك بخرێتەكار بۆ قێزەون نیشاندانى ئەو حاڵەتە.
كۆمەڵەى قەلاچۆكردنى مادەهۆشبەرەكان
10/10/2010
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان