پێشنیارێك بۆ بەڕێزان: سەرۆكی حكومەتی هەرێم و هەموو وەزیر و جێگری وەزیرە بەڕێزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان؛
31/01/2011, 12:00 (GMT+1)
لەو ڕوانگەیەوە كە هەموومان لە بەلەمێكداین لە ئۆقیانوسی هەڵچووی جیهانی ئەمڕۆدا، ڕێگە بەخۆم دەدەم پێشنیارێك بخەمە بەردەستی بەڕێزتان، كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی خەڵك لە كوردستان و بە پێشكەوتنی نەتەوەكەمانەوە هەیە.
ئەویش بریتیە لە:
"لابردنی دەزگای تەلەفزیۆن و سەتەلایت لە هەموو دام و دەزگاكانی دەوڵەتدا"
ئەم پێشنیارە دژی هیچ كام لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و كەناڵە تەلەفزیۆنی و ئاسمانیەكان نیە، هەموو كەس ئازادە لە ماڵی خۆیدا سەیریان بكات بەڵام تكا دەكەم با ئەو دیاردەیە لە دام و دەزگای دەوڵەتدا نەمێنێت.
بۆچی؟
1- پاشەكەوت كردنی ووزەی كارەبا
بە داخەوە من هیچ ئامارێكم لەلا نیە كە چەند تەلەفزیۆن یان سەتەلایت لە ژوورەكانی دام و دەزگای دەوڵەت و دائیرەكاندا هەیە، هەر لە نوسینگەی بەڕێزانتانەوە بگرە هەتا بەڕێوەبەرەكان و كارمەندان و بگرە پاسەوانەكانیش.
ئەو ژمارەیە لەوانەیە بەشێوەیەكی تۆقێنەر گەورە بێت، با بێین زەربی تێكڕای سەرف كردنی هەر دەزگایەكی بكەین!
ئایا لابردنی ئەو دەزگایانە، بەشێكی كێشەی كارەبا چارەسەر ناكات؟
2- خاڵی دووەم و زۆر هەستیار، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاڕاستەكردنی بیركردنەوەی نەتەوەكەمانەوە هەیە.
بەڕای من دەزگای تەلەفزیۆن ئەمڕۆ لەجیهاندا دەزگایەكی مەترسیدارە،
تاكە دەزگایە كەبەبێ لەدەرگادان دەچێتە هەموو ماڵێكەوە، چ جای بچێتە هەموو دام و دەزگاكانی دەوڵەتیشەوە.
ڕێژەیەكی زۆری پرۆگرامەكانی تەلەفزیۆن، لە ئەمریكا لەدایك دەبن، پاش چەند مانگێك دێنە ئەوروپاش ئنجا چەند مانگێك دوای ئەوێ دێنە توركیا و پاشان كوردستان و ووڵاتانی دەوروبەر، بە كۆپی كراوی وە زنجیرەكانیش بە دۆبلاژكراوی وەك مادەی بێهۆشكەر خەڵك بێ ئاگا دەكەن.
بێ ئەوەی هیچ لایەن و دەزگایەك لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكەن.
مەترسی لەوەدایە لەم دوا دواییەدا تەلەفزیۆن بوە بەشێك لە میدیای ئاڕاستەكراو بە جۆرێك كاریگەری تەواوی لەسەر گۆڕینی بیر و بۆچوونی بینەران زیادكردوە، جگە لە گۆڕینی پێكهاتەی نەوەكان، گۆڕینی ڕەوتی مۆسیقا و كولتووری ڕەسەن، گۆڕینی زمان و زاراوەكانی، گۆڕینی پەیوەندیە كۆمەڵایەتی و خێزانیەكان، چەواشەكردنی ڕاستی و مەسەلەی ڕەوای نەتەوەكەمان هەروەها گۆڕینی ڕاستیە مێژوویەكان و چەندین لایەنی تر.
جگە لەمانە لە دام و دەزگای دەوڵەتدا نیشاندانی هەر كەناڵێك ناوخۆیی بێت یان دەرەكی دەبێتە ڕیكلام كردن بۆ ئەو كەناڵە.
دیارە لەو شوێنانەدا كە هاووڵاتی ماوەیەكی درێژ ناچارە دابنیشێت و چاوەڕوانی ئەنجامدانی كارەكەی بێت، زۆر ئاسایی و مۆدێرنە ڕۆژنامە و گۆڤار دابنرێت.
ئەگینا كارمەند كار دەكات نەك سەیری تەلەفزیۆن! خۆئەگەر كاتێكی كەمیش دەستی بەتاڵ بوو با بفەرموێت ڕۆژنامە، گۆڤار یان كتێب بخوێنێتەوە و پەرە بە تواناكانی خۆی بدات.
زۆر لەجێی خۆیشیدایە ئەو ژمارە زۆرەی تەلەفزیۆن و سەتەلایتانە بفرۆشرێن لە بازاڕی ناوخۆ یان ووڵاتانی دراوسێ دا و بە پارەكەی موەلیدە بۆ ئەو گەڕەك و لادێیانە دابین بكرێت كە زۆر پێویستیان پێیەتی زیاتر لەوكەسانەی لە جێیەكی ڕووناك و گەرم لە زستان و فێنك لە هاویندا دانیشتوون و لەگەڵ كاركردن سەیری تەلەفزیۆن دەكەن.
زۆر سوپاساتان دەكەم وهیوادارم پێشنیارەكەم بەهەند وەربگرن.
ئەندازیار
تایەر عەلی ڕەسوڵ
www.taher.org
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























