<

پەیامێك لە گروپی چالاكى دیوانى چاودێرى دارایی بۆ پەرلەمانتارانى دڵسۆز

02/10/2011, 12:00 (GMT+1)

ئێمە گروپی چالاك لەدیوانى چاودێرى دارایی لەدواى هۆشداریمان سەبارەت بە پوكانەوەو لەناوچوونى كارى چاودێرێتى دارایی لەهەرێمى كوردستاندا لەسەر دەستى مافیاكانى بنەماڵەو بەپلانی ستراتیجى پێش وەختى نێوان یەكێتى و پارتى ، وەلەدواى ژمارەیەك نوسین لەسەر ستافی پلە تایبەتى دیوان و خودى سەرۆكە عەرەبەكەى دیوان بەوەى كەكەسێكى بێ تواناو بێ ئەزمونە جگە لەوەى زمانى كوردى نازانێت، وە چاوپێكەوتنى گروپەكەمان لەگەڵ ژمارەیەك پەڕلەمانتارو ئاگادار كردنەوەى پەرلەمانتارانى ئۆپۆزیسۆن بەهەڵوێست وەرگرتن لەسەر ڕەوشى چاودێرى دارایی لەهەرێمى كوردستانداو بانگهێشت و لێپرسینەوە لەئەداى سەرۆكى دیوان ، لەیاداشتێكى درەنگ وەختدا ژمارەیەك لەئەندامانى پەڕلەمان داواى كارپێكردنى یاساى نوێی دیوان ژمارە (1) ى ساڵى (2008) دەكەن، وێڕاى سوپاس و دەست خۆشیمان بۆ ئەم بەڕێزانە بەڵام ئێمە جگە لەوەى سەرنج و تێبینیمان هەیە لەسەر خودى ئەم یاسا نوێیە جەخت لەبێ توانایی و بێ ئەزمونى سەرۆكى دیوان دەكەینەوە كەبەهیچ جۆرێك لە ئاست پێ سپاردنى ئەم ئەركە هەستیارەدا نیە، جگە لە بێ توانایی و نابەرپرسیارێتى ستافى پلەتایبەتى دیوان لەبەڕێوەبەرە گشتیەكان و جێگرەكانیان كە كۆمەڵێك كەسى نامەسئول و بەرژەوەند پەرستن و لەكوێوە (با) بێت شەنى خۆیان دەكەن، وە ماستاوچێتى و ترس لەكورسى و پلە و موچەكانیان هۆكارێكى سەرەكى ڕەوشی ئەمڕۆى دیوانە كەتا ئێستا بۆ تەنها جارێكیش نەیانوێراوە هەڵوێستێك دەربڕن، بۆیە بەر لەكار پێكردنى كردنى یاساى چاودێرى دارایی ئێمە گۆڕانكارى لەستافى دیواندا بەپێویستیەكى حەتمى دەزانین و دامەزراندنى ئەنجومەنى دیوان لەم ستافە بە ئەنجومەنێكى فاشل و بێ ئیرادە ئەژمار دەكرێت و چاودێریی دارایی لەهەرێمى كوردستاندا بە كارێكى ڕۆتین و پەردەپۆش كردنى گەندەڵیەكان دەزانین، پەیاممان بۆ ئەندامانى پەڕلەمان لە دڵسۆزان و ویژدان زیندوەكان وە ئەوانەى هەست بەلێپرسینەوەو بەرپرسیارێتى دەكەن لەئاست گەندەڵ بوون و لاواز بوونى ئەم دەزگا هەستیارەدا بێ دەنگ نەبن چونكە بەرپرسیارێتى گەورە لەئەستۆى ئێوەدایە بەو پێیەى دیوانى چاودێری دارایی دەزگایەكە سەر بەپەڕلەمانە و لەئێوەوە شەرعیەتى وەردەگرێت ، بۆیە بێ دەنگ بونتان لەبەرامبەر لاواز بوون و لەناو چونى ئەم دەزگایە ڕازی بوونە بە گەندەڵى و بەفیڕۆ دانى سامان و موڵكى گشتى وەدواجار یەكسان بونى ئێوەشە بەهەمان ئەو گەندەڵكارانەى كەداداگاى گەل لەداهاتوودا چاوەڕێی دادگایی كردنیانە .
گروپى چالاك لە دیوانى چاودێری دارایی
 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان