ئەو كوڕو كچە شەهیدانەى هاوسەرگیرییان كردوە ئیمزا بۆ لابردنى ئارام ئەحمەدى وەزیرى كاروبارى شەهیدان و ئەنفالكراوان كۆدەكەنەوە
12/04/2013, 12:00 (GMT+1)
بەپێى بەیاننامەیەكى ژمارەیەك كوڕو كچى شەهیدى سەنگەر كە ماوەیەكە هاوسەرگیرییان كردوەو مینحەى تایبەت بە هاوسەرگیرییان وەرنەگرتوەو زۆربەیان لە شەهیدى یەكێتى نیشتیمانى كوردستانن، بڕیار وایە لەماوەى ئەم هەفتەیەدا بە نزیكەى سێ سەد ئیمزاى كۆكراوەوە سەردانى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بكەن بە مەبەستى لابردنى ئارام ئەحمەدى وەزیرى كاروبارى شەهیدان و ئەنفالكراوان. لەو بەیاننامەیەدا كوڕو كچى شەهیدانى سەنگەر لە لیستى یەكێتى ئاماژە بەوە دەكەن كە ماوەیەكى زۆرە بەهۆى بەڵێنە بێ بنەماكانى وەزیرى كاروبارى شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە مامەڵەى هەمومان تەواو بوەو نزیكەى پێنچ مانگە پێیان وتوین بۆ وەرگرتنى مینحەى هاوسەرگیرى كوڕو كچى شەهید تەلەفۆنتان بۆ دەكەین بەڵام نەك تەلەفۆنمان بۆ نەكراوە بەڵكو بەڵێنەكانى وەزیر هیچى راست نەبون و مامەڵەكانیشمان پشتگوێ خراوە. هەر لەو بەیاننامەیەدا كە سێ سەد كوڕو كچى شەهید ئیمزایان كردوە ئەوەش هاتوە كە چیتر لە هەڵە دوبارەو یەك لەدواى یەكەكانى ئارام ئەحمەد خۆشنابن و داواشیان لە بەرپرسى مەڵبەندى سلێمانى كردوە (كە یەكەمین دەسەڵاتى ناو یەكێتییە) هەوڵەكانى بۆ لابردنى ئارام ئەحمەد بخاتە گەڕ چونكە سەرەڕاى بەڵێنى ناڕاستى وەزیر چەند جارێكیش ئەم وەزیرە لە بڕیارەكانى یەكێتى لایداوەو بە قسەى پارتى كردوە بەتایبەتى كە ویستى یادى كیمیابارانى هەڵەبجە بخاتە رۆژى لەدایكبونى مەلا مستەفا بارزانییەوە. جێى ئاماژەیە سەرچاوەیەك لە وەزارەتى شەهیدان دواى ئاگاداربون لەو بەیاننامەیەى ئەو كوڕو كچە شەهیدانەى سەنگەرى یەكێتى وتویەتى: ئەم هەڵمەتەى ئەو كوڕو كچە شەهیدانە گرتویانەتەبەر پێدەچێت بە یەكجارى ببێتە هۆى لابردنى ئارام ئەحمەد لە پۆستەكەى چونكە یاریكردن بە ماف و ئیمتیازى بنەماڵەى شەهیدان لاى هەموو مەسئول و كاربەدەستەكان كارێكى ترسناكەو ئەو پۆست و پلەو پایەیەى ئەو مەسئولانە هەیانە بە خوێنى ئەو شەهیدانە وەرگیراوەو دەبێت لە خزمەتى بنەماڵەكانیاندا بن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان




















