ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هاوڵاتیان به دوژمنی خۆی ده‌زانێت (به‌شی یه‌که‌م)
11/11/2010, 12:00 (GMT+1)

سلێمانی ئەو شارەی بەعسییه‌کان بەچرکەش فەرامۆشیان نەکرد ، ئەو شارەی سەدام هەموو 24کاژمێر ڕاپۆرتی له‌سه‌ری دەویست، ئیستا به‌هۆی هۆی یه‌کێتیی و خودی جه‌لال تاڵه‌بانیی و بنه‌ماڵه‌که‌یه‌وه، سلێمانی بۆتە ئەو جێگەیەی کە ترسناکترین شارەو لە ناوەوە ژەهر دەرخواردی دانیشتوانی دەدرێت، من وەک پەیامنێرێک لەسەر داوای ستافی کوردستانپۆست بەوردی ئەم ڕیپۆرتاژەم ئامادەکردووە و ئەو شتانەم بۆ مێژوو نوسیووە کە بەوریاییەوە دوای کەوتووم و پرسیارم کردووە و لێکۆڵینەوەم لەسەر کردووە پاشان بڕیاری نووسینەوەیم داوە.
ئیستا خەڵکی سلێمانی کەمینەی خەڵکهکهن و شار پڕ بووە لە خەڵکی گوند و ناحیە و دەوروبەری، کێ دێت بۆ ئەم شارە ئیتر زۆریشی لێبکه‌یت ناڕواتە دەرەوە و ناگەڕێتەوە، ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی شاریان کردۆتە زبڵخانە، عەرەب ژمارەیان هێندە زۆر بووە، عەسران بەردەرکی سەرا، کە ئیستا پەیکەرەکەی برایم پاشایان لابردوە هەزاران عەرەب دەبینی گڵۆبەڕۆژە دەخۆن و تەزبێح بادەدەن و کەسیش بۆی نییە قسەیەکیان پێ بڵێت، چونکە بە بڕیاری جه‌نابی جه‌لال تاڵەبانی، هەر کەسێک شەڕ لەگەڵ عەرەبێکدا بکات بێ لێپرسینەوە شەش مانگ زیندانی دەکرێت ، ئەمە دەستی خەڵکی شاری بەستووە دەرۆزەکەر و له‌شفرۆش فاحیشە و ههتیوبازیی منداڵبازی و بێ کەرامەتیی که‌سایه‌تییه‌کان و نێرگەلە و دەیان شتی تر لەم میوانانه‌ی تاڵەبانییەوە هاتوونەتە نێو ئەم شارە و لەکوێوە دەڕۆی عەرەب دەبینی و بارگەیان خستوە و ئیستا ڕیستۆران و دوکاندار و چافرۆش و دەیان ئوتێل و جێگەیان هەیە و پۆلیسە نەخوێنەوارەکانی کوردیش پارێزگاریان لێدەکەن، به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له مه‌ترسی ئه‌م بڕیاره‌ی تاڵه‌بانیی بکه‌ن، که پاش چه‌ند ساڵێکی تر هه‌مان کێشه‌ی تر وه‌ک که‌رکوک بۆ سلێمانییش دروست ده‌بێت، ئه‌و کاته وه‌کو یه‌کێک به گاڵته‌وه وتیی ماده‌ی 140 بۆ که‌رکوک و ماده‌ی 150 بۆ هه‌ولێر و ماده‌ی 160ش بۆ سلێمانی به‌ڕێوه‌یه، ئه‌م عه‌ره‌به ره‌سه‌نانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانیش ده‌ڵێن ئه‌م دوو شاره‌ش عه‌ره‌بییه و وه‌کو جهلهلهولا ماڵه کورده‌کانی تێدا ده‌ته‌قیننه‌وه.

کاتێک دادگای سلێمانی چۆڵکرا کۆمپانیای نۆکان بەناوی حکومەتەوە خانوویه‌کیان بە (مەلا محەمەدی دیسکەرە) فرۆشت بە 900 دەفتەر دۆلار، ئاخر ئێمە دیسکەرەمان دیبوو هەموو ئەو گوندە 500 دیناری نەبوو ئیستا ئەم پارەیە لە کوێ هات و که‌وته گیرفانی (مەلا محەمەدی دیسکەرە)وه؟ ئەوە خەڵک دەبێ خۆی بزانێت، خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش زۆری ئۆتۆمۆبێلی ئێرانییە کە بەکوێدا دەڕۆیت ژمارەی تاران و تەبرێز دەبینی و لەکوێوە دەڕۆیت ئێرانی دەبێنی، که دەیان کۆمپانیای فاشلیان داناوە، بەهەمان شێوە تورکێس دەبینی، ئەگەرچی شەقامەکان کۆمپانیای تورکی دەیکەن، کەمتر ئەوان دەبینرێن، زیاتر بە ئۆتۆمۆبیلی ڕەش دەیان بینی و ڕێز لە کەس ناگرن و ئاسایش حیمایەیان دەکات، بەڵام لە هەولێر تورک زیاتر دەبینی .

ئیستا دوو مەلهای ڕەسمی هەیە، یەکێکیان لە ئەزمڕە و ئەوی تریان لە شەقامی سەهۆڵەکەیە، پڕە لە ئافرەتی سووری و تایلەندی و جێگەکانی تر، مه‌لهاکه‌ی ئەزمڕ حیمایەکانی سکرتاریه‌تی یه‌کێتیی پاسدارییان دەکات.
لە هەموو جێگەیەک ئاسایش دەبینی، وه‌کو ئه‌من و ئیستیخباراتهکهی سه‌رده‌می به‌عس چاو لە خەڵک سوور دەکەنەوە، دیاردەیەکی ترسناکتر کە هەیە، دەزگای دژە تیرۆرە، لە ناو دەزگاکەدا بەشێک هەیە پێی دەڵێن (ساوت) ئه‌مانه به‌رگی ڕه‌شیان له به‌ردایه من یه‌کێکیانم ناسی کاتی خۆی ته‌واری بوو، من بیرم چووبوویه‌وه تاکاتێک هاوڕێکه‌م وه‌بیری هێناوهمهوه ماوه‌یه‌کیش دوای ڕاپه‌ڕین له به‌غداد بوو، ئیستا دژه تیرۆره و برازاکه‌ی تاڵه‌بانی ئه‌م ده‌زگایه به‌ڕێوه ده‌بات، زۆر بێ ڕه‌وشتن، لێره‌وه به هه‌موو ئه‌و کوردانه ده‌ڵێم، که له ئه‌وروپاوه یان له ووڵاتانی ده‌ره‌وه دێنه‌وه بۆ کوردستان با ئه‌و ووڵاته‌ی لێی ده‌گه‌ڕێنه‌وه ئاگاداریان بکه‌ن ده‌نا به سوسه بزانن نه‌یاریی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یت ئه‌وه تاوانێکت بۆ دروست ده‌که‌ن، که لێره پێی ده‌ڵێن تاوانی ناو پاکه‌ت، هاوڕێه‌کی منیان بۆ ماوه‌ی 18 ڕۆژ گرت تاوانێکیان بۆ دروست کردبوو که پێش 10 ساڵ دۆلاری ته‌زویری فرۆشتوه به که‌سێک دوای ئه‌وه‌ی بۆیان نه‌چووه سه‌ر به‌بێ لیبوردن به‌ریان دا و ووتویان ناوه‌که‌ت هه‌ڵه دراوه، که‌چی ئه‌م دژه تیرۆره جه‌ربه‌زانه له ئاستی عه‌گال به‌سه‌ره‌کان و بێگانه‌دا هێنده بچوکن هه‌ر مه‌پرس، رۆژ نییه عه‌ره‌بێک شه‌ڕ به کوردێک نه‌فرۆشێت، یان ده‌ست بۆ کچ و ژنێکی شاره‌که نه‌به‌ن، که‌س له ترسی بڕیاره‌که‌ی تاڵه‌بانی ناتوانێت قسه بکات، ده‌نا ئه‌و عه‌ره‌به خۆی ده‌ستپێشکه‌ری ده‌کات و ئه‌وان تاوانبار ده‌کات،
له دوای ههڵبژاردنهکهشهوه یه‌کێتی ده‌ستی کرد به‌کڕینی شوفێری ته‌کسیه‌کان به‌پاره‌ی به‌نزین و هه‌ڵواسینی په‌ڕۆی سه‌وز، که زانیان ئه‌م کاره‌یان بۆ چۆته سه‌ر ئیتر که‌وتنه ئه‌وه‌ی دوای ده‌وام، که‌سه نه‌فسنزمه‌کان ئه‌وانه‌ی جاشی خهفیفهبوون بکه‌ن به سیخووڕ به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌وه.

سه‌رچاوه‌یه‌ک له ناو ئاسایشه‌وه، که خزمی خۆمه پێی ووتم 70% شوفێری ته‌کسیه‌کان سه‌ر بهئاسایشن، ئه‌مان وات لێده‌که‌ن جوێن بده‌ی و دوای خه‌به‌رت لێ بدات. من که‌سێکم ناسی، که 11 ڕۆژ له‌سه‌ر جوێندان له ژێر زه‌میندا هێشتبویانه‌وه و سوکایه‌تی دنیایان پێ‌کردبوو، له‌به‌ر پاراستنی ناوه‌که‌ی نایڵێم، به‌ڵام من وێنه‌م گرتوه و کاتی خۆی دێت خۆی ووته‌نی من به‌ده‌ستی خۆم مافی خۆم ده‌سه‌نم. ئه‌و موعتهمیدانهی ئاسایش هه‌ر لهتهکسێکاندا نین، بگره له هه‌موو کۆڵانه‌کاندان و کێ بگوێزێته‌وه دوای ده‌که‌ون و راپۆرت ده‌ده‌ن به‌ئاسایش ئاسایش هێنده‌ی خه‌ریکی خه‌ڵکه هێنده ئاگایان له دوژمن نییه. لای سه‌رانی ئاسایش دوژمن خه‌ڵکه نارازییهکهیه. ئیستا بێ‌ڕێز ترین شت له‌م شاره‌ی ئێمه‌دا مردوه‌کان و نه‌خۆشه‌کانه. من بۆخۆم ڕۆژانه دوو سێ پرسه ده‌چم، چونکه ده‌مه‌وێت له‌ناو ئه‌و خه‌ڵکه‌دا زانیاریی کۆبکه‌مه‌وه و بۆ کوردستانپۆستی بنێرم، له‌وێوه ده‌بێ کۆمه‌ڵگا جارێکی تر بۆ ڕاپه‌ڕین و ته‌فر و توناکردنی ئه‌م ناپاکانه خه‌ڵک ئاماده‌بکه‌ین، ئیستا ماڵه‌کان دیاره زۆریان نایانه‌وێت فه‌رش و قاڵیهکانیان پیس بێت، دێن خه‌یمه له‌به‌ر ده‌رگا له که‌لاوه‌یه‌کدا هه‌ڵده‌ده‌ن له پرسه‌ی ژناندا ژن به‌شوودان و عه‌رزی ئاڵتون و هه‌واڵی بازاڕ و ماکیاژکردن بۆته باو، له‌پرسه‌ی پیاوانیشدا بزنزی ده‌فته دۆلار و زه‌ویی و فرۆشتنی ئۆتۆمۆبیل باس ده‌کرێت. کاتێکیش ته‌رمی مردوویه‌ک به‌ره‌و گۆڕستانه قه‌ره‌باڵغه‌که ده‌به‌یت، وه‌ک جاران نییه تاک تاک پیاوی پیر سڵاو له دوای ته‌رمه‌که ده‌نێرێت، جارانی سلێمانی شه‌قامه‌کان ده‌وه‌ستان و ڕێزیان پیشان ده‌دا، به‌ڵام له‌دوای پیاسه‌ی تاڵه‌بانی ئه‌م دیارده‌یه‌ش نه‌ما، چونکه چه‌نده سڵاوی تاڵه‌بانیان وه‌ڵامدایه‌وه ئیستاش هێنده‌ش سڵاو له مردۆکان ده‌که‌ن.

چاوه‌ڕێی به‌شی دووه‌م بکه
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان






















