كۆڕ دەبەستین بۆ دادگایى كردنى ئەوانەى خاكى ڕانیەیان هەڕاج كرد !!
20/09/2011, 12:00 (GMT+1)
كاكە سانا لەسایەیى سەرى ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەیە وامان لێ هاتووە بەردەوام تووشى دڵەڕاوكێ و بەرەنگاربوونەوەو دەمەتەقێ بین ئەگەر حوكم و دەسەڵاتێكى موئەسەساتى هەبێ بۆ تووشى زەرەرو زیان دەبین هەر ئەمەشە واى كردوە بەرپرسە دز و گەندەڵەكان شوێنیان بەرزتربێ و سمێڵًیان چەورتربێ ، بەڕێزم منیش دەمەوێت ئەو وەڵامەى من كە دووەم وەڵامى منە بۆتۆ بەدڵێكى فراوانەوە وەڵامەكەو شتەكان وەربگرى و ئەوەندەش بابەتەكان تێكەڵ نەكەیت چونكە خەڵكێكى زۆر ئەم نووسینانە دەبینێت هەروەها خەڵكیش باى ئەوەندە هۆشیاربۆتەوە بزانێ كامەیان ڕاستە و كامانەن ئەوانەشى زەوى و ئاوهەواى ڕانیەیان هەڕاج كردوە بۆ خەڵكى غەیرى ڕانیە ئەوانەى تۆ باست نەكردوون و خۆت لەقەرەیان نەداوە و دەتەوێ پەردە پۆشى ناو و بەرپرسیاریەتیەكانیان بكەى دەبێ لەمەودوا هەموویان ناویان بێتە ناو پەڕەى ڕۆژنامەو گۆڤار و سایتە ئەلكترۆنیەكان بۆ ئەوەى چیتر لاف و گاف و منەت بەسەر خەڵكى دەروازەو یارى بەچارەنووسى خەڵكى تێكۆشەرى پشدەر و بیتوێنەوە نەكەن هەموو ئەوانەى لەناوچەكەماندا بوونەتە هۆى دەست بەسەر داگرتنى موڵك و ماڵى گشتى و هاوڵاتیان و لێوارى خانووە قوڕەكانیان بۆتە ڤێلاو دارى دەستیان بۆتە مۆنیكاو وەنەوشە پاتەى لاستیكیان بۆتە پێڵاوى ئیتاڵى دەبێ بدرێنە دادگاو سووك و ڕیسوا بكرێن وەنابێ چیتر ئێمەى چینى خوارەوەش هەر چاوەڕێیى مەڕحەمەتى چاكسازى دەسەڵات و قسەى زلى ئۆپۆزسیۆن بین . منیش دەڵێم پێویستە تۆ ئەوە بزانى كەسەرهەڵدانى هەموو ئەوشۆڕش و ڕاپەڕینانەى ناوچەكەى گرتۆتەوە هەر كەڵەكەبوون و پەنگ خواردنى دزى و گەندەڵى و بردنى سەروەت و سامانى میللەت بووە لەلایەن چەند كەس و حزب و بنەماڵەیەكەوە كەلێرەش هەمان فلیمە؟ منیش پێموایە ڕاستگۆیى و بەدواداچوونى هەواڵ یەكێكە لەبەها ئەخلاقیەكانى ڕۆژنامەنووس دەبوو جەنابیشت بەرلەوەى پەلامارى خەڵكانێك بدەى كەبۆ چركەیەكیش بەرپرسیاریەتى ئەو سنوورەیان نەبووە باسى ئەو هەموو كارەسات و فەزاحەتانەى ئێستات كردبایە كەهەیە و ڕانیە بەدەستیانەوە دەناڵێنێ ئێستاش دەیڵێمەوە ئەگەر ئەوە كرا ئاكۆى عەباس ئاغا كێ یە میللەت بەخۆپیشاندانێك دەیباتە بەردەم دادگا ؟ منیش بۆ جارێكى تر و سەد جارى تریش بەجەنابت و هەموو زوڕناژەن و تەقریر نووسەكانى حزب دەڵێم نەهاتووم ناوى كەس بزڕێنم و شعوورى كەسیش بریندار بكەم تۆ ڕاستەوخۆ ناوى خەڵكت هێناوە من ناوى كەسیشم نەهێناوە ئەوەى باسیشم كردووە هەمووى هەیە و لەبەرچاوانە وەك مانگى چواردە دیارە ئێستاش دەڵێم وەرە پێم بڵێ بیناى ئیدارە سەربەخۆكەى ڕانیە لەكوێ یە ؟ ئەى قائیمقامى تازە كێ یە و ناوى چیە و ماڵى لەكوێ یە ؟ ئێستاش دەیڵێمەوە وەرە باسى ئەوانە بكە ؟ بەپێچەوانەى بۆچوونە سەقەتەكەى جەنابتان پێموایە باسكردنى ئەم بابەتانە لەئێستادا و وورووژاندنى ئەم كەیسانە خزمەتى زیاتر بەسنورەكە دەكات تاكەى لەخەڵكیان بشارینەوە ؟ هەرهیچ نەبێت بۆئەوەى هەرچى زووە بەخۆیان دابچنەوە بەپێچەوانەوە میللەت ناوەستێ هانا بۆ ڕاماڵینیان دەبات ، بەداخەوە دیسان گەرەكتە پاكانە بۆ خەڵكى ناپاك و دز و گەندەڵ بكەى كەسێك پێیى عەیب نەبێ دزبێ بۆدەبێ بۆ من شەرمە و عەیبەبێ ناوى بێنم ؟بەداخەوە ئەوەم لاسەیرە جەنابت بەناوى خوازراویش ناوێرى ناویان بهێنى و دەڵێیى دەبێتە هۆى نانەوەى كێشە ؟ بەپێچەوانەوە ئەوان گرفت و سەرئێشەن بۆ سنوورەكە و خەڵكى ناوچەكە ئەوە ئەوانن ئابڕووى دەسەڵات و حكومەتیشیان بردووە ئەگەر تۆ ڕاستگۆیى و ترسنۆك نى و درۆ لەگەڵ ناخى خۆت ناكەى لەچى دەترسى بۆ نایەیى ئەو سەد لاپەڕە بڵاوبكەیەوە كەباسى دەكەى گوایە لاتە بۆ ناى دەى بەداواكارى گشتى و میدیایى ئازاد و سەربەخۆ تائیشى لەسەر بكەن بۆ كەى هەڵتگرتووە یان گەرەكتە وەك گورگى هەیاس ناوە ناوە نیشانى گیسكەكانى دەسەڵاتى بدەى و شتێكى پێ حاسڵ بكەى ؟ قوربان ئەوەى من باسم كردووە هەمووى هەیە پێویست بەپرس و ڕاوێژ ناكات شانازیش دەكەم ئەگەر مامۆستاى ئاشكرا كردنى دەستە ڕەشەكانى حزب و زوڕناژەنە بەكرێ گیراوە فوودراوەكان بم كەبەپارەو بودجە و داهاتى ئەو میللەتە فوو دراون دزى و گەندەڵیەكانى سنوورەكە پەردە پۆش دەكەن و دوایش بەپیلان و بەرنامەى دارێژراو دێن بۆ شاردنەوەى دزى و گەندەڵى مامۆستاكانیان شانەكە لەسەرى خەڵكانێكدا دەشكێنن كە بۆ ساتێكیش بەرپرسیاریەتیان نەبووە لەسنوورەكە.من لام عەیبەو نەنگى نیە ئەگەر دابنیشم لەگەڵ خەڵكى دڵسۆزى سنوورەكە و ڕاوێژكارانى تر تاكۆڕ ببەستین بۆ بەدادگا گەیاندنى ئەوانەى زەوى ڕانیەیان هەڕاج كردوەو بەئارەزووى بەرپرسانى سەرەوە دابەشیان كردوەو خەڵكە دڵسۆزە ڕەسەنەكەى ڕانیەش زەقەزەقى چاوەكانى دێت . ئێستاش خەڵكى ڕەسەنى دڵسۆزى واهەیە خاوەنى مەترێك زەوى نیە لەڕانیە ؟ ئەگەر تۆش هاوشارى بایت و هەژار و زوڵم لێكراو بایت ئەو هەموو پاكانەت بۆ نەدەكردن بەداخەوە ئێستاش ناوێرى باسى ئەوانە بكەیت كەڕانیەیان وێران كردووە ..
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























