<

من ئەنفالم

15/04/2015, 23:11 (GMT+1)



من ئەنفالم
لە گوڵەکانی بەهەشت تەنیاترو
لە نزاکانی ئێوە پاکتر
جەستەم بەدەم سەگەکانی عەرعەرەوە هێشتاکە هاواردەکات
ڕۆحم بە بیابانەکاندا وەک با دەلوورینێ و زریکەی دێت
دەمناسنەوە؟ ئەوە من عیرفان!
سەرم سپیی‌و پشتم کۆڕو
چاوەکانیشم کز
پێکانم وەک ئەوەی هێشتاکە ڕاکردنیان تێدا مابێت ماخۆلانێتی
دەمناسنەوە ؟ 
تەمەنم هێشتاکە بەقەد پەنجەکانم دەستم نابێت
چاڵێکیان بۆ هەڵکەندووم بەقەد دەمی سەگێک
بە خودا بڵین:
بە تەنیشت تۆ ماڵێک هەیە پڕ لە زریکەی منداڵ‌و ژن
پڕە لە ڕەشماڵی چاوەڕوانی
ناویان ناوە ئەنفال
بە تراکتۆرەکان بڵێن:
ئێوە زیلەکانی بەعس دەناسنەوە
کە چۆن هەناسەکانی فڕکان فڕکان بۆ چاڵەکانی مەرگ دەگواستەوە
 بە هۆڵۆکۆست بڵێن:
کە هاتیت لەگەڵ خۆتا کەلەپچەیەک‌و
 پڕ بە دەمت تف بهێنە
چونکە هێشتاکە هیتلەر لێرەکان فڕکان فڕکانێتی
هێشتاکە کوورەکانی خنکاندن  جمەیان د‌ێت لە کوشتنی عیساکانی وڵات
بەو دووپێیەش بڵێن:
ئەنفال پەڵەیەکی ڕەشە
نیوەی بە نێوچەوانی سەرانی کوردەوە
نیوەکەی  تریشی بە نێوچەوانی عەرەبەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان