هیچی لێ سەوز دەبێت ؟
17/05/2016, 17:40 (GMT+1)
پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە بۆچی چینێکی سیاسی پەرپوتیان دروستکرد؟ رۆژ نیە گوێبیستی رستەی ئاسنی سارد کوتان نەبین لەلایەن خەڵکی دڵسۆزی دونیادیدەی ئەم کوردستانەوە .
ئەگەر چەند چرکەیەک لەگەڵ خۆماندا بگەرێینەوە زەمانی پێش راپەرین و ئەو بۆچون و پێشبینیانەی بیرمان لێدەکردەوە و ئەو خەونانەمان دەبینی بە شۆرشەوە (ئێستا دەبێت توێژینەوەی بۆ بکرێت، ئایا پێش راپەرین ئێمە شۆرشمان کردووە؛ لە هەموو لایەنەکانیەوە یان .... )، چیی لێکەوتەوە و چۆن گەیشتین بەم قۆناغە، ئەوساکە دەزانین ئێمە چەند کڵۆڵین.
ئەگەر زۆر خۆشباوەربین دەبێت بڵێین: دەشێت نەوەی نوێی پاک و بێگەرد و دەست رەنگینی کوردستان دوور لەم چینە پەرپوتە سیاسیە، ستراتیجێکی بەدەر لە کاریگەری و رەفتاری ئەم سەرکردانەیان هەبێت و، بیر لە چۆنێتی خۆپاراستن لەم چینە سیاسیە رزیوە بکەنەوە و بە پێشرەویان نەزانن و، بەخۆیان قۆناغێکی نوێ لەسەرجەم بوارەکاندا بۆ کوردستان دورست بکەن . چۆن؟
ئەم چینەی دەرچوی شەری ناوخۆی شاخ و ململانێی کەسی و بەرژەوەنخوازی تەسک و پشت بەستوو بە کاڵای کۆن و بێ تازەگەری و بێ بونی توانا و لێهاتوویی و تەنها شانازی کردن بە بونی شۆرشێک کە هەزار و یەک پرسیار لەخۆیدا هەڵدەگرێت، بەو شێوەیەی کە جاشێتی و بەکرێگرتەیی ئەم دەوڵەت و ئەو دەزگا و تەنانەت ئامرازی دەستی دوژمنان، کە لە دونیادا بێ وێنە بووە و لە هیچ شۆرشێک و هەوڵدانێکی میلەتاندابۆ رزگاربون، بەم رادەیە زۆر نەبووە .
* هاتنە سەر سفرەی حازری بێ خۆئامادەکردن، پاش شکستی ئەنفالەکان و بە رێژەیەکی گەورە بونی حاڵەتی لەناوچون، بەڵکو باوەربەخۆنەبون بۆ بەرێوەبردنی کیانێکی شلوخاوی ئاوها .
* نەبونی ستراتیجێکی خودبەرێوەبەری سیاسی و نەبونی کادری بەتوانا و لیهاتوی قۆناغی نوێ .
* گواستنەوەی رەفتار و کرداری شاخ و ململانێی قێزەون لەشاخەوە بۆ شارو بە هەمان گرێکوێرەکانەوە، بێ لەبەرچاوگرتنی وەزعتی نوێ .
* مراندنی روحی خۆشەویستی بۆ پرسە حەق و رەواکەی گەلی کوردستان لە گیانی نەوەی کۆن و نوێ دا، تا رادەیەک کە خەڵکێکی زۆر ئاوات بە زەمانی بەعس بخوازن، ئەگەر ئەمە خەڵکی رزیو و پەرپوت و شر و کۆن بوو لەهەموو لایەکیەوە هۆکاری نەبێت بەچی وای لێهات .
*خۆبەستنەوە بەم و بەو، کە وایان لێهاتووە ئەوان تەنها لەکوردستان حوکم دەکەن( نەک حاکمی کوردستان بن) واتە بە فەرمانی هەمەجۆری دەرەکی دەسەڵات بەرێوەدەبەن، کە ئەمە لوتکەی دارزینە .
بۆیە تاکە ئاواتێک مابێتەوە بۆ خەڵکی دڵسۆزی کوردستان، توانا و هیمەتی نەوەی نوێیە، کە خۆی بەم دەسەڵاتەی ئێستا وابەستە نەکات و لە منداڵدانی واقعی نوێوە بزوتنەوەیەکی کوردستانی بێگەرد و دابراو لە رابردوو دروست بکەن، چاوەرێین .
بۆیە، لەگەڵ ئەوەی باوەرم بە لایەنی پۆزەتیڤی هەر هاوپەیمانیەک و یەکگرتنێک هەیە و، هەمیشە باسی لێکنزیکبونەوەی خەڵکی یەک بەرەی فیکر و مەعریفە و بنکە کردۆتەوە، بەڵام بە زاڵبونی بیری خودپارێز و کۆنەپارێز، هەمووهاوکێشەکان تێکدەچێت و پێویستبونی پەراندنەوەی قۆناغەکە و چاوەرێی دوارۆژی نا دیار بەسەر هەموو ئەگەرەکانی تردا زاڵ دەردەکەوێت .
هەندێک هەنگاوی بچوک زۆر کەس دڵخۆش دەکات بە منیشەوە، بەڵام بۆ پرسە ستراتیجیەکەی کوردستان کە وا بۆ سێ دەیەیان بە فیرۆ دا، بە هەمان کەرەستەوە چی بنیات دەنێن؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان



























