دوو وێنە
08/04/2018, 20:28 (GMT+1)
1- سیاسەت
ئەوە بۆگەنی کامیانە؟
کەلاکی تۆپیوی سیاسەت
یان ئەو مەگەزانەی تێی ئاڵاون؟
****
بیانبینن!
مەستی شەرابی خوێنن
قەپاڵ دەگرن، بە دەوریدا
سەما دەکەن ئاواز دەچڕن
مەرگیش لە پەیجۆریاندایە
یەکێکیشیان لێ دەرناکا
- کەچی ئەوان هەر کۆڵ نادەن-
کەلاکیش هەر دوایی نایە.
****
2- نیشتیمان
چوون شیعرێکی سەربڕاویت
وای بە دەستی جەلادێکەوە
تەنیا ناونیشانت ماوە
لای دۆستانت ناوچاوانت ماچ دەکات و
لای دوژمنیش کەزی گرتوویت،
سەرت لە زەوی دەخشێنێت و
جەستەیشتی دەرخواردی سەگەلی دەر و گورگەکانی ناخی داوە.
****
ئای وڵاتی من!
تۆ چۆن بوویتە ناونیشانی شیعرێکی ون.
من ناچارم بۆ تانوپۆی تۆ بگەڕێم،
لە ئەدگاری خوێناویی ژن.
****
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان



























