ئافەرین پارتی، هەموویانت لغاو کرد!

پارتەکانی باشوور، سروشت و سیما و خەسڵەتی هاوشێوەی یەکتریان هەیە، چی لە ئاست جۆر و بیرکردنەوە و کەسایەتی سەڕۆکی پارتەکان، بوون بە جاشی ئیران، سوریا، تورکیا، عیراق و ئیسرائیل، قۆرخکردنی دەسەڵاتی نێو پارتەکانیان، دەستگرتن بەسەر میدیا و دەرامەت و دارایی حزبەکانیان ئینجا بەجێهێشتنی وەک میراتی سیاسی بۆ خێزانەکانیان، دامەزراندنی بنکە و بارەگە و ماڵی سەرانی پارتەکان لەسەر شاخ، گرد و گردۆڵەکە و بەرزاییەکان، تا دەگات بە گەندەڵی لە ژیانی ڕێکخراوەیی، جۆری کۆکردنەوەی خەڵک و بوار هەڵخستن بۆ کەسانی نەشیاو و دروستکردنی لەشکرێک لە جنێوفڕۆش و فشە و گەڤ لە نێو کۆمەڵگە. جیاوازی نێوان پارتەکانی باشوور، تەنیا لە ناونیشان و دروشمی بریقەداری ساختەدا هەیە!
لە باشووری کوردستان مۆدێلی بەکارهێنانی حزب و ڕێکخراوی سیاسی، بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن، بوون بە خاوەن کۆمپانیای میدیا و نەوت، پۆستی باڵا، خۆدەرخستن لە کەناڵە حزبیەکان، لکاندنی نازناوێک پێش ناوی کەسەکان و ئینجا ناساندیان بە خەڵک، دیاردەیەکی زەق و هەستپێکراوە.
ئەگەر سەرنج لە سروشتی یەکە بە یەکەی حزبەکان و کەسایەتیی ئەوانەی کە خۆیان ناوناوە لە ئاستی باڵای ئەو حزبانەن، ڕوون و ئاشکرایە کە ئەو کەسانە کێن و چەند سودمەندبوون لە خۆ نزیکردنەوە لە کەسی یەکەمی نێو حزبەکان، یاریکردن لە نێوان کوتلەکان و بەکارهێنانی پارت و بزوتنەوەکان لە باشووری کوردستان. ئەمە هۆکاری سەرەکییە کە ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆران لە میدیاکاندا زەمینە سازی دەکات بۆ ئەوەی بە شێنەیی بڕیاری چوونە نێو حکومەتی مەسرور بارزانی بە جەماوەر ڕابگەیەنێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە سەڕۆکی حکومەت و هەرێم پێش دانیشتنی پەرلەمان دیاریکراوە کە نێچیرەوان و مەسرور بارزانیین، ئەم ڕاستییە هەموو خەڵکی عیراق و کوردستان و دنیا دەیزانن و میدیاکانی پارتی پەیتا پەیتا پیرۆزبایی وڵاتان بڵاو دەکەنەوە کە ئاراستەی مەسەرور بارزانی کراوە بەهۆی وەرگرتنی پۆستی سەڕۆکی حکومەتی هەرێم. ئیتر ئەم بەڕێزە دەیەوێت ئەو ڕاستییە بشێوێنێت و پێمان بڵێت پەرلەمانی کوردستان دەزگایەکی کارتۆنی نییە و ڕۆڵی سەڕەکیی دەبێت لە دیاریکردنی کەسەکان بۆ پۆستە باڵاکان و سیستەم سیستەمیی بنەماڵە و خێزان نییە بەڵکو سیستەمیی حوکمڕانی هەرێم لە داهاتوودا سیستەمی پەرلەمانیی دەبێت کە لە ئەنجامدا ئەمە هۆکاری سەڕەکیی دەبێت لە بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەتی مەسرور بارزانی!
بزوتنەوەی گۆڕان، بە هەزاران جار لە میدیاکاندا بڵاوی کردەوە کە ئەم هەڵبژاردنە بەهۆی ئەوەی ساختەی زۆر تێددا کراوە دەبێت هەڵبوەشێتەوە و شەرعیەتی نییە، بەڵام ئێستا هەوڵدەدات زەمینەسازی بکات بۆ بەشداریکردن لەو پەرلەمان و حکومەتەی کە ئەوان پێیان وابوو شەرعیەتی نییە.
لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلولی ئەم ساڵی پەرلەمانی هەرێم کە یەکێتی و پارتی ڕێژەی کورسیەکانیان بە بەراوورد لەگەڵ جاران نیوە بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بارزانی بە دروستکردنی چەند پۆستێک وەک هەبوونی دوو جێگر لە هەندێک لە پۆستە باڵاکانی حکومەتی هەرێم، بواری بۆ هەندێک لەو کەسانە هەڵخستوە لە نێو یەکێتی و گۆڕان کە چاویان لە وەرگرتنی پۆستی باڵایە بۆ ئەوەی هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە لە نێو پارتەکان و میدیاکاندا زەمینە سازی بکەن بۆ بەشداریکردنی پارتەکانیان لە حکومەتی مەسەرور بارزانی و لە ئەنجامدا پۆستی جێگری سەڕۆکی هەرێم و یان جێگری سەڕۆکی حکومەت یان وەزیر لە یەکێک لە وەزارەتە لاوەکییەکان وەربگرن! ئەمە لوبی بەشداری کردنی گۆڕانە لە حکومەتی مەسرور بارزانی و دیارە چەند کەسێک لە نێو ئەو پارتە هەن دەیانەوێت و چاویان لەوەیە کە ئەو پۆستانە وەربگرن!



























