زانكۆ و سیاسەتی كولێرە سوتاوەكە
03/06/2019, 8:05 (GMT+1)

پەندێكی باو ئەڵێ كولێرەیەكم مەدەرێ بەڵكو فێری پەیاكردنی كولێرەم بكە!
ئێستا لە كوردستان بەئانقەست ناهێڵن فێری پەیاكردنی كولێرە و كاسبی بیت تا هەمیشە موحتاج و مەمونی ئەو كولێرە سوتاوە بیت كە بە منەتەوە حیزبێ یان مەسئولێ فرێی ئەداتە سەرسفرەی هەژاران!
ماوەیەكە هەندێ مەسئولی حیزبی فێر بوون بۆ ئەوەی رەونەقیان لە زانكۆكان هەبێت، دەعوەت بۆ خوێندكاران و قوتابیان بەناوی بەربانگەوە ئەكەن، بەڵام ئەوەی فەزاحەتە ئەو هەموو وێنەگرتن و كامێرایەی كەناڵە حیزبیەكانن كە تا خوێندكار نان ئەخوا، لە چەند پەیج و كەناڵێكی حیزبی وێنەكەی بڵاوئەكەنەوە كە ئەمە نە دەعوەتە و نە بەخشندەیی، بەڵكو ئابڕووبردنێكی خوێندكارە هەژارەكانە.
ئەمە نمونەیەكە لەو ئابرووبردنەی د.ئالان فەرەیدوونی سەرۆكی زانكۆی پۆلەتەكنیكی سلێمانی كە وێنەكان لە پەیجی زانكۆ و چەند پەیجێكی حیزبی بڵاوكراونەتەوە، مەهزەلەكەش ئەوەیە كە بەشی تەندروستی و كۆمەڵ لە زانكۆكەدایە كەچی هیچ مەرجێكی تەندروستی لە دابەشكردنی خواردەمەنیدا نابینی.

دواقسەشم ئەوەیە ئێمەی خوێندكار هیچی تر قبوڵ ناكەین لەجیاتی گەرانەوەی پارەی دەرماڵە بۆ خاتری داوەتێك ئابروومان لە ئیعلامەكان ببەن و منەتباری بەردەم حیزبی دەسەلاتداریشمان بكەن.
پێشەوا قەرەداغی
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی




