ناوى پێشمەرگە قێزەون مەکەن
29/04/2020, 22:01 (GMT+1)

کەچى ئێستا بەداخەوە هەزاران حەیف و خەسار، ئەو ناوە پیرۆزە بەدەست کۆمەڵێک زەلیل و بێ دەسەڵات بۆتە مەخسەرە و گاڵتە چێتى خەڵک، پێشمەرگە پیرۆز و خاوەن ناوبانگەکەى دوێنى بێ بەهابووە، جاران پارێزگارى لە ئاو و خاکى نیشتمان دەکرد،کەچى ئێستا بۆتە پارێزەرى بیرە نەوت و کۆمپانیا و ڤیڵاى بەرپرسان،جاران داکۆکى لەشەرەف و ناموسى ئێمە دەکرد،کەچى ئێستا کە بەرپرس و سەرکردە دۆڕاوەکان لە ژوورەوە خەریکى قومار و قەحبە بازین بەناو پێشمەرگە لە دەرەوە پاسەوانیان دەکات، جاران پێشمەرگە ناسنامەى میللەتێک بوو،ئێستا رەمزى دیلى و بێ دەسەڵاتى و زەبوونیە بەجۆرێک ناوێرێت داواى سەرەتاترین مافى خۆى بکات.

چاوەڕێى چى ئەکەیت؟ بەتەماى چەند ساڵ ئاوا بەهەژارى و داماویى بژیت؟ ئایا ژیان بەو شێوەیە دەڕوات؟ ئەى سبەى رۆژ چى وەڵامى مناڵەکانت ئەدەیتەوە؟ ئەى چ ئایندەو پاشە رۆژێکت بۆدابین کردون؟ لەچى ئەترسیت؟ چى ماوە لەدەستى بدەیت؟ خۆت هەرلەئەزەلەوە هیچت نەبووە. ئەى ئیدى سڵ لەچى ئەکەتەوە؟چاوەڕێى چى ئەکەیت؟تاکەى بەنیشاندانى وێنە و گرتە ڤیدیۆى ئەکڕوزێتەوە حاڵ و گوزەرانى خۆت بەیان ئەکەیت، گەر بتەوێت بەوە سۆز و هەستى خەڵک ببزوێنیت ،شتێکى ئەستەم و محاڵە.نەک هەستمان ناجوڵێت بگرە پێکەنینیشمان دێت،ئەبێت وەک پێشمەرگەکانى ساڵانى رابردوو ،تۆ ببیتە سەرمەشق و پێشڕەو باسکى مەردانەى لێ هەڵماڵیت و لوولەى تفەنگت ئاراستەى ئەو کەس و حزب و لایەنانە بکەیت کەبونەتە هۆکارى ئەوەى لەمرۆڤایەتى بچیتە دەر،بیرت نەچێت تەواوى لەگۆڕنانى دەسەڵاتى ستەمکاران بەهێز و چەک و کودەتا بووە، ئەوەش بەچەک و هێز دەکرێت،کە جەنابت هەردوکیت هەیە.
تف لەرابردوبکە، وەرەمەیدان، کەساسى و دەستەوەستانى وزەلیلى و خۆ دزینەوە لە ئەرک و فەرمان دادت نادات.رۆژێکە و ئەمڕۆ باشترین دەرفەتە، بڕوابکە ئەو بەرپرس وسەرکردانە بەتۆوە ماونەتەوە گەر تۆو هاوڕێکانت نەیان پارێزن و نەبنە قەڵغان ،بەرگەى چەند سەعاتێک ناگرن، بێنەرەوە بیرى خۆت قەزافى و سەدام و شاى ئێران و هاوشێوەکانیان چەنێک دڕندەو خاوەن هێز سوپا بوون، بەڵام کاتێک باریان کەوتە لێژى کێ بەهانایانەوە هات؟بۆیە ئامۆژگاریم بۆ تۆى پێشمەرگە ئەوەیە بۆ ئەوەى ژیانێکى شایستەوە پڕ لە شکۆ فەراهەم بکەیت، وەرە مەیدان و راپەڕە و بەگژ ئەوەدا بچۆرەوە کەئاوا برسى و بێ لانەى کردویت و مافى چەند ساڵەى زەوت کردویت.خۆ گەر ئەوەشت پێناکرێت، هەر کاتێک خەڵکى وڵاتەکەت ،مامۆستایان و مووچە خۆران بۆ داواو مافى خۆیان هاتنە سەرشەقام، تۆ مەبە سورەى بەرلەشکر وبەکێبڵ و قۆناغە تفەنگ لەدژیان مەوەستە..
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان



























