يادەوەری کاك موستەفا لە سۆزێكی هاوڕێیانەوە
11/05/2020, 15:00 (GMT+1)

بەچەند ڕستەیەك باس کردنی کەسایەتی کاك مستەفا تەواو نابێت ، بەڵام نەنوسین و بێدەنگی هەڵبژاردنیش سەخت و ئاستەمە، ئەگەرچی ڕابردو لەگەڵیدا بچوك و قەترەیەك بن لە دەریای یادەوەریەکان ناکرێ لە خامەی خۆ بشاردرێتەوە . یادگاریەکانی هێندە جوان و بە سۆز و زیندون کە هەرگىز چەندین بارەکردنەوەی لە چێژ و خەندەمان دانابڕێت. هەرچەندە بیر لەهەر شتێک دەکەێنەوە کە کەمترین پەێوەندی بەوەوە هەبێت توشی راچڵەکانمان دەکات و بیروهۆشمان بۆ چرکەیەك دەوەستێت، خەمساردەبین بەرامبەر بە ژیان و دەڵێین: چون دەبێت ئەم ژیانە بەخەمساردی بەردەوام بێت بەبێ ئەو!
ئەمرۆ ویستم بیر لە ڕابردو یادگاریەکان لەگەڵ کاك مستەفا نەکەمەوە و وەك زۆر لە روژانی ئاساییم بەدەم قاوەخواردنەوە لە ڕێگای یوتیوبەوە گوێ لە مۆسیقا بگرم، ڕەوتی موسیقاکان لە ناکاو ئەو گۆرانیەی فەیروزی هێنایە بەر گوێم کە هەڵبەستی جبران خەلیل جبرانە و دەڵێت: اعطنی النای و غن وانت داء ودواء .. انما الناس سطور کتبت لکن بماء. کاتێك کە جبران بە دەنگی پڕ لە سۆزی فەیروزەوە مەبەستی خۆی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت؛ مرۆڤەکان کاتێك ژیان جێدێڵن وەك ئەوە وایە ناویان بە ئاو نوسرابێت و هیچ شوێنەوارێکیان نەمێنێت، بەڵام هەمیشە کردارە باش و خراپەکانیان لە یادا دەمێنێتەوە. لە گوێبیستی دەربڕینێکی ئاوا ڕیالیست و بەدەنگێکی بەسۆزەوە بە بێ ویست و لە ناکاو یادگاری زۆربەی ئەوکاتانەم هاتەوە یاد کە لەگەڵ کاک موستەفا قاوەی بەیانیانمان دەخواردەوە و لەپاڵ گۆێگرتن لە فیروز لەسەر چەندین بابەتی جێاواز دەدواین. ئەم یادگارە و گۆرانی فیروز مێشکمی هەژاند و بەرەو پارچە یادگاریەکانی تری دەبردم کە پەێوەستبوون بە ڕابردوی نزیکمانەوە. هەست و هۆشی دەبردم بۆڵای گۆرانیەکانی کە ئێواران بەدیار ئاگرکردنەوەوە دەیوت و لە ماڵەکەماندا وەکو کەسێکی خێزانەکەم مامەڵەی لەگەڵ دەکردین، بیری دەبردمەوە بۆلای سەردانەکانمان بۆ شوێنەوارەکانی بەلجیکا. دوا گەشەمان لە مانگی ١ بۆ شاری واتەرلۆ. بردمیە ناو قوڵاوی وردەکارەکانی کەسایەتیەك کە هەرگیز بە وشە وەسف ناکرێت ، پاشان یادی هەڵویستە جوانو بێ بەرژەوەندێکانی، خەیاڵم لەو ئەزمونە دەکردەوە کە چۆن سەردەمێکی دیاریکراوی ئەو پەڕی بێزاریم هاوکارو یارمەتی دەر و بەتەنگەوە هاتوم بوو. پشتیوانیەکی بە سۆز کە هەرگیز وەك وەفایەك لێرەدا باس ناکرێت و دەبێت لەبەشێکی تاێبەتی بەسەرهاتەکانما لەگەڵ ئەو برایەمدا بنوسرێتەوە. یادەوەرێکانمان لەگەڵیدا نە بە وشە پردەبێتەوە، نە بە بەفرمێسکەکانمان. ئەرکمان ئەوە نیە کە تەنها وەك مێژونوسێك لە لایەنە سیاسی و خەبات و چالاکیەکانی کاك مستەفا بدوێین، بەڵکو یادەوەرێکانی و مامەڵەی ڕۆژانەی لەگەڵ دۆست و هاوڕێیانی پێشاندانی لایەنێکی تری گەورە و مرۆڤ بونی کاك مستەفایە. مرۆڤی بەسۆز و پشتیوان و خەمخۆری هەموان، مرۆڤ بە مانای بەرزی ووشەی مرۆڤایەتی. کەسێك کە لە هەستو بیرماندا چەسپاوە و لە یاد ناچێتەوە ، هەمیشە و تا بونمان لەم گەردونەدا لە ناخماندا زیندو دەمێنێتەوە. یادەوەریەکانی خەندەی سەرلیومان گەشاوەتر دەکات ئەگەرچی برینەکەنیشمان دەکولێتەوە و خەندەی تێکەڵ بە ئازارن، ئازارێك کە چێژێکی وەفاداری هەمیشەیمانە بۆ گیان و ڕابردو کۆچکردو. روحت شاد!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی



