کێشەی ژن، مێژوو و ئایین
07/09/2020, 8:27 (GMT+1)

دواتر کە کۆمەڵگا هێدی ونیان گەشەی مێژوویی خۆی دەست پێکردووە، شێوەی ژیانیش گۆڕدراوە، مرۆڤ لە ڕاوەوە ڕووی کردووەتە کشت وکاڵ. لێرەدا ژن هاتە ناو کارەوە و هاوشان لەگەڵ پیاو کاری کردووە. لێرەدا ژن نرخی زیاتر بووە و وەک هێزی کار چاوی لێکراوە، هەر بۆیەش لە هەمبەر مێرد کردنی یان دەبوو ژن بە ژن بکرێ کە بە واتای هێنانەوەی هێزێکی تری کار بووە یان دەبوو شیربایی و بەرخوێن وەربگیردرێ کە ڕێگایەک بووە بۆ هێنانەوە و قەرەبووی هێزی کاری لەدەستچوو.
دواتر کۆمەڵگاکان گەشەی زیاتر دەستێنن، ئەم گەشەیە لە ئورووپا زووتر و زیاتر بوو و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەشی زۆری تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ نەکراوە، هەر بۆیەش بەرابەریخوازی لە ئورووپا سەریهەڵدا و ژن داوای مافی بەرانبەریان کرد. ژیانی پیشەیی و پێویستیی کەمتر بە هێزی جەستەیی و هەبووةی پەروەردە و تەکنەلۆژی وایکرد، ژن هەم ئەم دەرفەتەی بۆ برەخسێ و هەمیش ئەم مافەی بۆ خۆی ببینێ و ئەم تێڕادیتووییەی هەبێ کە داوای ئەم مافە بکات و تا ئاستێکی زۆریش سەرکەوتن. لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، کەم بوون یان نەبوونی پێشەسازی، لەدوابوونی سیستەمی پەروەردە و ....هتد، هۆکار بوون کە بزاڤی یەکسانیخوازیی ژنان نەگا بەم ئاقارەی کە دەبوو و دەبێ هەبێ.
لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە زۆرینەی بەشەکانی ئەم بەشە لە کوردستان، شێوازی ژیان لە ڕواڵەتدا گۆڕاوە بەڵام لە ڕاستیدا ئاستی ژیان هەر لە قۆناخ و سەردەمی ژیانی کشت و کاڵ دایە. بەڕێوەبردنی ژیان پێویستی بە هێزە، کۆڵبەری و کرێکاری و کورەخانە و ...هتد، هەرچەند لە زۆریاندا ژن دەوری هەیە بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە نە هەموو ژن دەتوانن و نە هەموو ژن دەیانهەوێ لێرەدا دەور ببینن. لێرەدا دیسان ژن مەحکووم دەبێ بەوەی کە دۆخی ژیانی بەسەرداسەپاو قەبووڵ بکات و لە پێناو مانەوەیدا، لە ئازادیەکانی خۆش بێ و ژێردەستەیی لە پێناو مانەوەدا هەڵبژێرێ.
شێوازی ژیان و ئاستی ئابووریی وڵاتە داگیرکراوەکەمان و ناچار بوونی ژن بە خۆ یان ئازادی بەدەستەوەدان، بووە بە هۆکار کە دۆخەکە لە قازانجی پیاودا بشکێتەوە یانیش هێزێکی زۆرتر بدا بە پیاو لە هەمبەر ژندا و بە مافی بێ ئەملا و ئەولای خۆی بزانێ تا بەم شێوەیە لەگەڵ ژن بەرەوڕوو بێ. لەوانەیە هەموومان دەیان جار ئەم ڕستانەمان بیستبێ کە پیاوان دەڵێن، من شەو و ڕۆژ لە دەرەوە کار دکەم، کە هاتمەوە چاوەڕوانی پێڕاگەیشتن و ڕێزم.
ئەم دۆخە بەتەواوی بە دڵی ئایینە بەتایبەتی ئایینی ئیسلام کە هەم نێرسالارە و هەمیش بەپێچەوانی ئایینی کریستیان، هیچ ئیزن و ڕێگەی گۆڕانکاری نادات و هەمیش لە ناو ئیسلامیەکان تا ئێستا کەسێکی وەک مارتین لۆتێر کینگ هەڵنەکەوتووە. لێرەدا ئایینی ئیسلام کە بەردەوام هەوڵ دەدا کۆمەڵگایەکی لەدواوەی هەبێ و تەنیا لەم کۆمەڵگایەدایە کە دەتوانێ بوونی هەبێ، یاساکانی خۆی بەسەر ژندا دەسەپێنێ. دەرباز بوون لەم دۆخەش پێویستی بە تێچووی زۆرە کە هەندیسان، زۆرینەی ژنەکان ئامادە نین تا ئەم تێچوویە بدەن.
لە کۆمەڵگای کوردیدا هەن ئەو ژنانەی کە هەوڵیان داوە ئەم دەورە بگۆڕن. ئایشێ شان، مریەم خان و فەتانە وەلیدی و .... تێچوویەکەیان بە توندترین شێوە داوە. هەرچەند هەر بەم تێچوویە قورسانە ئێستا ژنی کورد و دۆخەکەی لەگەڵ زۆرینەی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین جیایە و تەنانەت لە خەباتی نەتەوەییدا دەوری سەرەکی وبەرچاو دەگێڕێ کە ئەمە بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان هەیە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان



























