مەیدانی نووسەران و نەرمە کۆخەیەك بۆ لیژنەی ئیستیعاب
28/09/2020, 17:35 (GMT+1)

پارتی لەمێژە هەستی بە گرنگی ئەوجۆرە نانپەیداکردنە کردووە و بۆ ئەوە لیژنەیەکی دروستکردووە بە ناوی (لیژنەی ئیستیعاب). ئەم لیژنەیە کار لەسەر ئەوە دەکا ئەوکەسانە بدۆزێتەوە کە لەگەڵ حزبەکانی تر کار دەکەن و بایی ئەوەندە گلەیی دەکەن کە ڕابردووی خۆیان بفرۆشن یان لە دەوری پارتی دەسوڕێنەوە تا سەنگەر بگوازنەوە بۆ ئەوەی ئیستیعابیان بکەن. ئەم لیژنەیە کە لەسەرەوە کار دەکەن سوود لەو کۆنە ئەندام پەرلەمان و ڕاوێژکار و نووسەر و هونەرمەند و مامۆستای زانکۆیانە دەبینن کە خۆیان سوودمەندی پارتین. بۆنموونە لە ڕێگای فرسەت سۆفی کاریان لەسەر مەسعود حەیدەر کرد، لەڕێگای سەعید خۆشناو کاریان لەسەر کۆمەڵێك ئەندامی یەکگرتوو کرد، لە ڕێگای مەلا بەشیر کاریان لەسەر سەید احمد کرد، لە ڕێگای ئەنوەر شێخانی کاری لەسەر فەرهەنگ غەفور کرد، لە ڕێگای فەرهەنگ کاری لەسەر بورهان خۆشناو کرد، لە ڕێگای مهاباد قەرەدەاغی کاریان لەسەر هێڤی هەیاف کرد و ئیتر بەم شێوەیە هەر یەکێک کۆخەیەکی نەرمی بکردایە ئەوە دەچوون بەرەوە پیری. هەر کە کارەکە تمام شود کابرا گوتەنی، ئیتر جەنابی مەرجەع پێشوازی لێدەکردن بۆئەوەی ئیتر لەمەودوا هەر وێنەیەکیان هەیە لەگەڵ مەسئولێك ئەوا تووڕی دەن و لەمەودوا وێنەی ئەزبەنی لەگەڵ خۆیان لە ئۆفیسەکیان هەڵبواسن. سیاسیەکان و نووسەران ئەم ڕێگایە شارەزابوون و کاتێك دەڕوخێن و ئامادەن ڕابردوی خۆیان ببەنە مەیدان و هەرزانفرۆشی بکەن، ئەم نەرمە کۆخەیە دەکەن، یەکێک لەم نەرمە کۆخانە کە ئێستا باویەتی نووسینە لە سایتی (باس)، یان بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی شەخسیە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم و لە ژێری بنووسی من ڕیفراندۆمچیم، یان خۆناچەمێنین (هەرچەندە کابرای قوڕبەسەر خۆی چاماندوو هەر لە بەیانی ڕۆژی دووەم بە دموچاوێك هاتە سەر شاشەکان هەموو میللەت زندەقی چوو). من چەند کەسێکم بینیوە وا نەرمەکۆخە دەکەن، د.سالار تاوەگۆزی و مەغدید سەپان، فرسەت ڕۆژبەیانی خۆیان کوشت ئەوەندەی بکۆخن، خەریکە شک لە کۆرۆنا دەکەن کە تووش ببن کەچی لیژنەی ئیستیعاب ئاوڕێکیان لێناداتەوە. پێدەچێ مەیدان زۆر قەرەباڵغ بێ.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























