خەوتون و تەسلیم بون!
10/10/2020, 20:07 (GMT+1)

بیروڕای هەڵەی تری نائاینیش هەن کە ڕێگرن لە خۆپاراستنی تاک وەک:
١ . بێزاری لە ژیان و بێمنەتبون لە مردن بەهۆی باری نالەباری بێموچەیی و نایەکسانی و نادادپەروەری لە کوردوستانا.
٢ . کەمیی هۆشیاریی تەندروستیی تاکی کورد کە دەبێتە هۆی بێخەمی و خەمساردی بەرامبەر تەندروستیی خود.
٣ . زۆر گەنج هەن هێشتا وا دەزانن کە ئەوان وەک گوێزی کوێر تۆکمە و بتەون و کۆرۆنا چاری ئەوان ناکات و پێویست ناکات خۆپارێزی بکەن.
٤ . هەندێ کەس بە بیانوی ئەوەی نەدارن و دەبێت ڕۆژانە بچنە بازاڕ و کار بکەن بۆ ژیانە کولەمەرگیەکەیان، ئیتر گوێ بە ڕێنماییەکان نادەن کە هیچ ڕێگر نین لە کارکردنیان.
٥ . هۆی دەرونیی قوڵ کە پەیوەندیی بە کەسێتیی هەندێ تاکە وە هەیە ، بۆنمونە مامۆستایەک کە هەر بڕوای بە ئاینیش نیە بە پێکەنینەوە زۆر بە سادەیی و ئاسایی باسی بۆ کردم چۆن توشی کۆرۆنا بوە بەڵام تێستی کۆرۆنای نەکردوە و نەیش چوە بۆ لای دوکتۆر و خۆیشی کەرەنتینە نەکردوە و تەنانەت ماسکیشی هەڵنەگرتوە و درێژەی بە کاری خۆی داوە لە دوکانەکەیدا، ئەبێ چەند کەسی ئاوا هەبێت لە کۆمەڵەکەماندا؟
٦ . کەمینەیەکی زۆر زۆر بچوکیش هەن ڕقیان لە ژیانە بە گشتی و ڕقیان لە خۆیان و لە دەوروبەرە، ئەمانە بەلایانەوە گرنگ نیە خۆیان و خەڵکی تر توشی کۆرۆنا ببن و بمرن.
کەواتە تاکپارێزی لای هەمو ئەوانەی سەرەوە هیچ واتا و بەهایەکی نیە و ئەوانە وەک لوغمی زیندو لە ناوماندان و هەڕەشەیەکی بەردەوامن لە سەر کۆمەڵ.
چارەسەر: پێشنیازدەکەم دەبێت لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا بەزوترین کات کارابکرێتەوە ، من ئەم دو پێشنیازەیان بۆ دەکەم:
١ . ڕوپۆشین بە دەمامک بکرێتە ئەرکی هەموکەسێک کە لە شوێنە گشتیەکان کاردەکەن وەک: دەسگا حکومیەکان (قوتابخانە و زانکۆ و ..) و کۆمپانیاکان و دوکان و مارکێت و نانەواخانە و چایخانە و چێشتخانەکان و نۆڕینگەکان و نەخۆشخانەکان و...
٢ . ڕوپۆشین بە دەمامک بکرێتە ئەرکی هەموکەسێک کە دەچێتە بازاڕ و ئەو شوێنە گشتیانەی سەرەوە.
بۆ پیادەکردنی ئەو ڕێنماییانە دەبێت سزایەکی پارە یا تەنانەت ڕاگرتن لە زیندان دابنرێ، ئەگەر یاسای وا نییە ئەم سزایەی پێ بدرێ، بەزوترین کات پەرلەمانی کوردوستان یاسایەک دەربکات بۆ ئەم مەبەستە و بابەتەکە بە گشتی.
ئێمە سەدان هەزار گەنجی خاوەن بڕوانامەی بێکار و نەدارمان هەیە، بۆ پیادەکردنی تەواوی ڕێنماییە گشتیەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا با دەیان هەزار گەنج بە موچەیەکی گونجاو و بە گرێبەست دابمەزرێن و بە بازاڕ و شوێنە گشتیەکاندا بڵاوبکرێنەوە و بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی پۆلیس و ئاسایش سەرپێچیکەران ناچاری پەیڕەوکردنی ڕێنماییەکان بکەن .
مەرج نیە هەمو کەسێ کۆرۆنا بگرێت، دەتوانین نەیگرین و نەمرین.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان



























