دەستخۆش حکومەتی هەرێم!
13/11/2020, 1:37 (GMT+1)

بۆیە بابەتەکەم ناوناوە (دەستخۆش حکومەتی هەرێم)، ئاخر گوناح نیە ئەو پارە و داهاتە جوانەی لە فرۆشتنی نەوتی کوردستان و خاڵە سنوریەکان و داهاتی ناوخۆ کە دەست حکومەت دەکەوێت بچین بیخەینە دەست حکومەتی بەغدا؟! ئەی بۆ سەرکردەکان و بەتایبەت هەر سێ پارتی فەرمانڕەواکە کۆینەکەنەوە و بیخەنە سەر پارە پاشەکەوتکراوەکانیتریان لە بانکەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، میللەتیش ئەوە پێنج شەش ساڵە ڕاهاتووە لەگەڵ بێ موچەیی و دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرمکردووە.
هەر لە داخی حکومەتی مەرکەزی وەک میللەت هەر هەڵبژاردنێک بکرێت ئێمە هەر ئەوان هەڵدەبژێرینەوە و دیسان هەر لەداخی ئەوان موچەشمان ناوێت و تەنانەت ئەو یارمەتیانەشمان ناوێت کە ڕێکخراوە خێرخوازەکان دەیهێنن بۆ کەسوکاری شەهیدانی جەنگی داعش و لەبەر چاوی ڕاگەیاندنەکان دەیسوتێنین.
ئێوە هێشتا تابایی نێوان حکومەت و میللەتتان نەبینیوە، ئەوە ڕەگەیاندنەکانن کە ئێوەیان بردوە بەهەڵەدا، ئێمە بڕیاری خۆمان داوە، نە نەبونی موچە نە بێ بازاڕی و نە بێ کارەبایی و بێ ئاوی......تد، بە کوتی و کوردیەکەی ئێوە خەیاڵتان خاوە هێشتا ئێمەتان نەناسیوە، ئەمەم لە کاردانەوی بڕینی 320 ملیار دینارەکەدا بۆ نوسین، گەرنا قسە زۆرە بۆ وتن جارێ با بەسبێت.
ئێوە بۆ خۆتان ئاوی سارد بخۆن و ئێمەش ئاسنی سارد دەکوتین، دووبارە (دەک ئافەرین حکومەتی هەرێم).
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان



























