ھزر بەتاڵی سیاسییەکانی کورد و فەشەلیان لەبەڕێوەبردند
06/12/2020, 21:13 (GMT+1)

ئێستا ئەگەر سەیری تەلەفزیۆن و سایت و ڕۆژنامەکان بکەین، دەبینین ھەواڵی چوونی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانیان و ھاتنی مووچە و دابەشکردنی، بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوت ھەواڵی گەرمی ئەم ووڵاتەن، ئاشکرایە ھەموو ئەمانە بەرئەنجامی ئابووری سەربەخۆ و ئیمزاکردنی گرێبەستە نھێنیەکانتانن، ئاخر ئێوە لەساڵی ١٩٩١ بە جلێکی شڕ و جووتی پێڵاوی لاستیکەوە دابەزینە ناوشار، ھەر خەریکی شەڕە پەڕۆ و چاڵ بۆ یەکتر ھەڵکەندن و لەناوبردنی یەکتربوون، چی لە پرۆتۆکۆڵی نەوت و سیاسەت و بەڕێوەبردنی نەوت تێ دەگەن ؟ چۆن و بەچی شارەزایی و ئەزموونێکەوە عەقدی پەنجا ساڵەی نەوت ئیمزا دەکەن ؟
لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بینیمان شاند لەدوای شاند لە پیاوانی ھزر بەتاڵ دەچوونە بەغداد بۆ کۆبوونەوە، پەیامیان دەگەیاند بەعێراق، پاشان دەھاتنەوە پەیامی عێراقیان دەھێنایەوە و دەیان گەیاند بە تورکیا «کە مەلەفی نەوتی ھەرێمی لەدەستە»، دوای دەیان کۆبوونەوە ئەم پیاوانە نەیان توانی ڕێکەوتنێک بکەن، چونکە ئەمانە «سەرکردە و حیزبەکانیان» نیشتمانیان بە سامانی سەر زەوی و ژێر زەوییەوە فرۆشتووە، ھیچیان لەدەست نەماوە، ئیتر چۆن بتوانن ڕێکەوتن بکەن، ئەمانە تەنھا ڕۆڵی بەرید دەگێڕن لەنێوان حکومەتی عێراقی و تورکیادا.
ئێستا دەبینین حکومەت لەقەیرانێکی بێ وێنەدایە، لە دوانزە مانگدا چوار مووچەی دابەش کردووە، خەڵکی لەژیانێکی سەختدا دەژین، ئەوەی سەیرە ئەوەیە ئەم کاستە سیاسییە ناوچاو تاڵانەی کە مەلەفی ئابوری ھەرێمیان لەدەستدایە، دان بەھەڵەی خۆیاندا نانەن دەیانەوێت لەپەنای ھەندێ دروشمی قەومیدا درێژە بەو سیاسەتە بدەن، ئاشکرایە بەردەوامبوون لەسەر ڕێگەی ھەڵە، ھەڵەکانتان بۆ ڕاست ناکاتەوە، بەڵکو دۆخەکە ئەوەندەیتر قورستر و کارەساتبارتر دەکات.
لەئەنجامدا دەتوانین بڵێین کە ووڵاتێک، گەمژەکانی بە سیاسی حەکیم دابنێت، وە ترسنۆکەکانی بە قارەمان و فایلدارەکانی بەنیشتمان پەروەر بزانێت، ھەروەھا خائینەکانی سەرکردەبن، ھەر ئەوەی لێ بەسەر دێت کە ئێستا لێی بەسەر ھاتووە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان


























