ڕاگەیاندنی حیزبی و هوشیاری سیاسی تاکی کورد
01/02/2021, 0:12 (GMT+1)

لەژینگەیەکی دیموکراسیدا، ھوشیاری سیاسی تاک گەشە دەکات، کە تێیدا ھۆکانی ڕاگەیاندن «بینراو و بیستراو» ئازاد و سەربەخۆبن، بەئاسانی زانیاری و داتای ڕاست و درووست بگات بەتاک، ئەمەش وادەکات تاک چاوێری و بەدواداچوونی ڕووداو و باروودۆخەکان بکات، ھەستی بەرپرسیارێتی تێدا درووست بێت و دیفاع لەمافی خۆی و ئەوانیتر بکات. لەژینگەی دیموکراسی تەندرووستدا ھوشیاری سیاسی تاک کامڵ دەبێ، تاک درک بە ژینگەی سیاسی و ئەو حیزب و گروپانە دەکات کە ئینتمای ھەیە بۆیان، وەک ئەندام یان لایەنگر لێکدانەوەی عەقڵانی و لۆژیکی دەبێت بۆ کارو چالاکییەکانی ئەو حیزب و گروپانە. هەروەها تاکی ھوشیار لەڕووی سیاسییەوە ھەست بەپێگە و توانای خۆی دەکات لەکۆمەڵگەدا، وا مامەڵە لەگەڵ دەسەڵات و حکومەت دەکات کە وەک ئەوەی بریکاری بن، چاودێرییان دەکات و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکات لەسەر کارەکانیان، دواتر بڕیاریان لەسەر دەدات کە بۆ خولی داھاتوو بیان کاتەوە بریکار یان نا.
بەدرێژایی مێژوو، کورد ژێر دەستەی فارس و تورک و عەرەب بووە، بۆیە بەھۆی باری ژێردەستەیی و چەوساندنەوە و ناخۆشی و ستەم و زوڵمی داگیرکەرانەوە، ھوشیاری سیاسی لەلای تاکی کورد گەشەی نەکردووە، ھەمیشە داگیرکەرانی کوردستان وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بەویست و ئامانجەکانیان سەیری تاکی کورد و جوڵانەوە سیاسییەکانی کوردستانیان کردووە، داگیرکەران لەڕێگەی ھۆکانی ڕاگەیاندنەوە بەرنامە و ئەجێندای خۆیانیان بەسەر بیرکردنەوەی خەڵکیدا فەرز کردووە، بەردەوام سرووشتی بارودۆخ و ڕاستی ڕووداوەکانیان شێواندووە و ڕای گشتییان بەلاڕێدا بردووە.
لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی «١٩٩١» پارتی و یەکێتی دەسەڵاتیان گرتەدەست ، ئەمانیش بەھەمان شێوەی داگیرکەرانی کوردستان کۆنترۆڵی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان کرد، ھەموویان خستە خزمەتی بەرنامە و ئەجێندای حیزبەکانی خۆیانەوە، ڕاگەیاندنیان ئاراستە کرد بۆ شێواندنی ڕاستی ڕووداوەکان و گەوجاندنی تاکی کورد، دەسەڵاتی کوردی لەجێگەی ئەوەی پشتگیری گەشەکردنی ھوشیاری سیاسی تاکی کورد بکەن، پێشگیریان لێ کردوون ھەمیشە ھۆکاربوون بۆ بەلاڕێدا بردنی ئاراستەی خەڵکی و ڕای گشتی و ئاوەژوو کردنەوەی ڕاستییەکان بۆ بەرژەوەندی حیزبەکانیان، لەو پێناوەشدا دەیان تەلەفزیۆنی ئاسمانی گەورەی وەک « ڕووداو و کوردستان ٢٤ و کوردسات نیوز و پی یو کەی تی ڤی و ...ھتد» خستووەتە کار و مانگانە دەیان ملیۆن دۆلاریان (کە لەبودجەی گشتی دەیبەن) تێدا سەرف دەکەن، ئەم لەشکرە لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و سایت و پەیجی حیزبەکانی دەسەڵات سەرکەوتوو بوون لە سەرلێشێواندن و گەوجاندنی خەڵکدا بۆ بەرژەوەندی حیزبەکانیان، دەبینین لەھەڵبژاردنی ساڵی «٢٠١٣» ھەردوو حیزبی دەسەڵات «٥٦» کورسی پەرلەمانیان ھەبوو «٣٨ کورسی پارتی و ١٨ کورسی یەکێتی»، بەڵام بەگرتنەبەری سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، کە لە ھەردووکیاندا شکستیان ھێنا، لەجێی ئەوەی دووبارە متمانەیان پێ نەدرێتەوە و دەنگەکانیان کەم بکات، کەچی لەھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەساڵی «٢٠١٨» کورسییەکانیان نەک ھەر کەمی نەکرد، بەڵکو بەرزبووەوە بۆ «٦٩» کورسی پەرلەمان «٤٥ کورسی پارتی و ٢٤ کورسی یەکێتی». ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەسەڵاتی کوردی و ڕاگەیاندنە حیزبییە
چەواشەکەرەکەی تاڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بوون لەوەی سەر لەتاکی کورد بشێوێنن و بەلاڕێیدا بەرن و ھەڵە و کەموکوڕی حیزبەکانیان لەحوکمڕانی و بەڕێوەبردندا دابپۆشن، ھەست و شعوری نەتەوایەتی خەڵک بجوڵێنن (ڕیفراندۆم و سەربەخۆی) ، ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی خۆیانی پێ زیاد بکەن.
لەکۆتایدا قسەیەکی هانا ئارنێتی فەیلەسوف بەبیر دێنمەوە کە دەڵێت: ئەوەی بکەری سەرەکی تۆتالیتاریەت بوو، نە نازی بوو، نە شیوعیەت بوو، بەڵکو هۆکارەکەی ئەو تاکە بوو کە جیاوازی نەدەکرد لەنێوان ڕاست و درۆدا، باش و هەڵەدا، حەقیقەتی لێ وون بوو بوو، ئێستاش تاکی کورد، بەهەمان شێوە حەقیقەتی لێ وونە.....!نازانی کێ ڕاستە و چی ڕاستە ؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان

























