<

یارمەتی بۆ غەززە دەنێرن؟ ئەی کێ یارمەتی بۆ کوردستان بنێرێت؟

03/08/2025, 14:45 (GMT+1)
- ئاخۆ یارمەتیدان دەبێت لەسەر ھەستی نەتەوەیی بێت؟ یان ئاینی؟
- با یارمەتی کۆبکرێتەوە، بەڵام بۆ کێ و بۆ کوێ؟
- ئایا ئەو پارانە بۆ غەزە دەڕوات؟ یان دەچنە گیرفانی دزەکانەوە؟
- ئاخۆ ئەو کەس و ڕێکخراوانە کێن کە یارمەتیەکانی غەززەیان دزیوە؟ ئەی بەڵگەکان کامانەن؟
- ئاخۆ ئەو دووڕیانە ئەخلاقیە بە ئازارەی کورد، چی بێت؟
- ئاخۆ یارمەتیدان دەبێت لەسەر ھەستی نەتەوەیی بێت؟ یان ئاینی؟

لە ھەرێمی کوردستان یارمەتی و هاریکاری بۆ غەززە کۆدەکرێتەوە چونکە شەڕی ئەم دواییەی حەماسی دینباز و ئیسرائیل، سەرنجی سۆزی ئاینی لە نێو ھەندێک لە کوردەکاندا دروست کردووە!
بەڵام هەر ئەو کۆمەڵگای کوردە خۆشی دەناڵێنێت لەژێر فشاری سیاسی بەغدای موسڵماندا، بەدەست هەژاری و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانەوە!
لە کاتێکدا  کە کۆمەڵگە و موچەخۆرانی کورد خۆیان پێویستیان بەو یارمەتییە ھەیە لەم قۆناغە نالەبارەدا! کەچی دینبازەکانی کوردستان دەستیان کردووە بە تەپڵ لێدانی پاڕەکۆکردنەوە بۆ غەززە، ئەویش بەجوڵاندنی ھەستی ئاینی و لەسەر حسابی  ھەستی نەتەوەیی! لەکاتێکدا کە ووڵاتە عەرەبیەکان و ئەوروپاش یارمەتی غەززە دەدەن! بەڵان ھیچ ووڵاتێک بە ووڵاتە ئیسلامیەکانیشەوە یارمەتی کورد نادەن! نەک ھەر ئەوەش، بەڵکو موچەکانیشیان دەبڕن، ھەر لەبەر ئەوەی کە کوردن! کەواتە خەڵکی دەبێت ھەستی نەتەوایەتی پێش ھەستی ئاینی بخات! چونکە یارمەتیدان کاری خودایە کە ھەموو گەردوونی دروست کردووە (وەک دەڵێن)!  لێرەدا چەند پرسیارێک دروست دەبێت:
- ئاخو لەم ھاوکێشەیەدا کاری خودا چی بێت؟
- تۆ بڵێی خودا ھەر لە دورەوە سەیری ئەو کارەساتەبکات؟ یان دینبازەکانی ڕاسپاردە کە پارە کۆبکەنەوە؟
- تۆ بڵێی خۆدا پێویستی بە پارەو یارمەتی خەڵکی ھەبێت؟یان یارمەتیەکان دەچێتە خانەی بەرژەوەندی کەسێک یان گروپێکەوە؟
- با یارمەتی کۆبکرێتەوە، بەڵام بۆ کێ و بۆ کوێ؟
حکومەتی فیدراڵی عێراقی موسڵمان ساڵانێکە کوردستان بێ موچە کردوە،  وە موچەی ھەرێم وەک فشارو ئامرازێک بۆ چەسپاندنی سیاسی مەرکەزی خۆی و سیاسەتی ئێرانی ئیسلامی،  لەدژی هەرێمی کوردستان بەکاری دەھێنێت!
زۆرێک لە هاووڵاتیان بۆ ئەوەی بژین، ناچارن قەرز بکەن!
ھاووڵاتیان  لەسۆسیال میدیادا دەڵێن (دەمانەوێت هاریکاری غەززە بکەین، بەڵام خۆمان زیاتر پێویستمان بە یارمەتی خۆمان هەیە نەک یارمەتی غەززە)
وە یەکێک لە ھاووڵاتی ناو بازاریش ووتی ( خۆ ئێمە دەوڵەمەندەکانی ووڵاتانی کەنداوی نەوتی نین، ئێمە لە بازاڕەکاندا وەستاوین و تەماتە دەفرۆشین!)
کەواتە  با یارمەتیەکان نەچن بۆ غەززە! با یارمەتیەکان دابەش بکرێت بەسەر ھاووڵاتیانی بێ موچەی کوردستان خۆیاندا! وەک پەندێکی کوردی دەڵێت (پاروو لەدەم بکەوێتە خوارەوە، دەچێت بۆ کۆش ! یان دەڵێت: تا ماڵ وەستا بێت، مزگەوت حەرامە)
- ئایا ئەو پارانە بۆ غەززە دەڕوات؟ یان دەچنە گیرفانی دزەکانەوە؟
پرسیارەکە ڕەوایە: ئایا لە ڕاستیدا هاریکاریەکان دەگەنە غەززە؟ یان دەدزرێن؟ وەک لە ھەندێک لەحاڵەتەکانی پێشوودا ڕویانداوە!
- ئایا  دەچێتە گیرفانی ئەو کەسانەی کە خەڵکی سادە نیازپاک،  گێل دەکەن بە ھەست و سۆزی ئاینی و قسەی لوس؟ بابزانین لەماوەکانی ڕابردوودا یارمەتیەکان بۆ کوێ چوون؟
- ئاخۆ ئەو کەس و ڕێکخراوانە کێن کە یارمەتیەکانی غەززەیان دزیوە؟ ئەی بەڵگەکان کامانەن؟
لەبەر ئەوەی یارمەتیەکان بە نوسراو یان داتا بەیسێکی کۆمپوتەر تۆمار ناکرێن،  بەڵکو بەسەتڵ و ھەڕەمەکی کۆدەکرێتەوە، کەواتە یارمەتیەکان شەفاف نین کە چەندە؟ کێ کۆی دەکاتەوە؟ یارمەتیەکان بۆ کوێ دەچن؟ کێ دەیگەیەنێت؟ لەوێ چۆن دابەش دەکرێن؟ کێ یارمەتیەکان دابەش دەکات؟ وە کێ یارمەتیەکان وەردەگرێت؟ کەواتە با ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەینەوە و بزانین تا ئێستا ھەندێک لەو یارنەتیانە بۆ کوێ چوون و چۆن دزراون؟
یەکەم دزی: محەمەد ئەلحەلەبی⁄ غەززە ( دیدگای جیهانی ⁄ World Vision)
- پۆستەکەی: بەڕێوەبەری دیدگای جیهانی غەززە بوو!
- خراپ بەکارهێنانی یارمەتیەکان: گوایە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی پڕۆژەی ساختەوە بۆ حەماس ڕەوانە کردە! کە ئێستا خەڵکی باجی عەقڵی دینبازی حەماس دەدات، کە وێرانکردنی غەززە و برسێتی و ئاوارەیی خەڵکی بێ تاوانە!
- سزادان: لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە ئیسرائیل سزای ١٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا
(سەرچاوە: بی بی سی، گاردیەن، دادگای ئیسرائیل)
- دووەم دزی: ستافی UNRWA لە غەززە
- خراپ بەکارهێنان: ئەو خواردن و کەلوپەلەی کە بۆ خەڵکی مەدەنی نێردرابوو، دزرا و لە بازاڕی ڕەشدا فرۆشرایەوە.
زانیاریدەر: لە ئایاری ٢٠٢٤، لە ڕێگەی کەسێکەوەکە زانیاری ھەبووە.
- سزادان: هیچ لێپێچینەوەیەکی گشتی نەبووە، وە دەوترێت ئەوانەی زانیاریەکانیان داوە ترسێنراون!
(سەرچاوە: فۆکس نیوز، UN Watch یوئێن ۆچ، ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان)
- سێھەم دزی: هێزە جەماوەریەکان لە غەززە (گرووپی چەکدار)
- خراپ بەکارهێنان: تاڵانکردنی کاروانەکانی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان!  لە ١٦ی تشرینی دووەمی٢٠٢٤ دا، کە ٪٩٠ی بارێکی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان دزرا!
- شوێن: دەروازەی سنووری کەرەم شاڵۆم.
- سزادان: دەوترێت حەماس ئەندامانی باندەکەی لەسێدارەداوە.
(سەرچاوە: UN OCHA، AA News، The Guardian)
- چوارەم دزی: دێنیز فێنێری ئی.ڤی. – ئەڵمانیا (٢٠٠٨)
- خراپ بەکارهێنان: ٣٣ ملیۆن یۆرۆ لە پارەی خێرخوازی دزراوە، کە گوایە بۆ غەززە و هاریکاری لایەنی ئیسلامی بووە!
- سزادان: کارگێڕانی باڵا، سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا.
(سەرچاوە: دادگای ئەڵمانیا، Spiegel.de)
- پێنجەم دزی: ئەمین ئەبو ڕەشید لە هۆڵەندا (٢٠٢٣)
- پۆست: سەرۆکی کۆنفرانسی فەلەستینی ئەوروپا (EPC)
- خراپ بەکارهێنان: گومان دەکرێت لە ڕێگەی ڕێکخراوە ساختەکانەوە ملیۆنان یۆرۆ (نزیکەی ٥،٥ ملیۆن یۆرۆ) بۆ حەماس ناردبێت!
- سزادان: دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە!
(سەرچاوە: FDD.org، وەزارەتی دادی هۆڵەندا)
- شەشھەم دزی: هازۆن یەشایا – ئیسرائیل (٢٠١٢)
- خراپ بەکارهێنان: یارمەتیەکان کە بۆ هەژاران بوو دەفرۆشرێنەوە یان دەدزرێن!
- سزادان: دامەزرێنەر و ستافەکە دەستگیرکران، ڕێکخراوەکەش هەڵوەشێنرایەوە.
(سەرچاوە: هارێتز، تایمز ئۆف ئیسرائیل)
- ئاخۆ ئەو دووڕیانە ئەخلاقیە بە ئازارەی کورد، چی بێت؟
هیچ گومانێک لە ئازارەکانی غەززە نییە. وە بۆردومانەکانی ئیسرائیل کاریگەری نەگەتیڤی لەسەر هەزاران هاوڵاتی مەدەنی ھەیە!
بەڵام خێرخوازی بەبێ بەرپرسیارێتی بۆ کۆمەڵگە، دەچێتە خانەی دزی و خراپی بەکارهێنانەوە!  بەتایبەتی لە کاتێکدا کە کۆمەڵگەی کوردی لە هەرێم خۆی بێ موچەیە! کەچی دەوڵەمەندە کوردەکان یارمەتی دەبەخشن بە غەززە!
لەھەمان کاتدا کە ھەموو ئەوروپا و ووڵاتە عەرەبیەکان یارمەتی غەززە دەدەن!
کەواتە ئەی کێ؟  وە کام وویژدانی دەوڵەمەند و  موسڵمانانی ناوخۆ و جیھان، ئاوڕێک لە کۆمەڵگەی کورد دەدەنەوە؟
ئەمەش ئەو دووڕیانە بە ئازارەیە کە کوردی تێدا کوێر کراوە! کە ھەندێک دەوڵەمەھد و دینبازی کورد ھەستی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی کۆمەڵگەی کوردی، دەخاتە دوای بەرژەوەندی بۆ خەڵکی غەززە! ھەموان دەزانین کە غەززە یارمەتی لە ووڵاتانی تر وەردەگرن!  بەڵام کورد نەک لایەنی یارمەتی وەرناگرێت! بەڵکو بەربەستیش بۆ ژیانی ئاسایی کورد دروست دەکەن و دژی وویستی کوردن! ئەویش بە فشاری برسیەتی لەڕێگای سیاسەتی ئێرانی ئیسلامی و عێراقی شیعە و تورکیای خەلیفە ئەردۆغانەوە!
ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی پۆلیسی زاخۆ لە سۆسیال میدیا دەڵێت ( ھەندێک لە کۆمەڵگەی کوردی خۆیان هیچ خواردنێکیان نییە،  چۆن و بە چ دڵێک دەوڵەمەندەکان دەتوانن پارە بنێرن بۆ دەرەوەی کوردستان؟ لەکاتێکدا ئەوان چاکیش دەزانن کە ئەو پارەیە بۆ کوێ دەچێت!)
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان