<

جەنەڕاڵی پایز و یادێکی ، حەفتاو حەوت

24/10/2024, 19:58 (GMT+1)
پایزی 1975 حسین محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ، له‌ ئاماده‌یی سلێمانی  ، محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمانی پێناساندم ،بووین به‌ هاوڕێی رۆژنامه‌و گۆڤارو  کتێب ،  سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ بووین ،ناو به‌ناو شیعرمان ده‌نوسی و  بۆ یه‌کتریمان ده‌خوێنده‌وه‌ .
ما ڵی محه‌مه‌د له‌ خانوه‌کانی کارگه‌ی  جگه‌ره‌ بوو ، ماڵی ئێمه‌ش لای شێخ مستەفا بوو، لە گەرەکی بەرانان ، لە نزیک گردی رەعایەو گردی ئەندازیاران ، هەردووکمان هاتوو چۆی  ماڵی یه‌کتریمان ده‌کرد .

( قژی زەرد بوو بە گەڵای پایز )

محەمەد گه‌نجێکی  هێمن و بێ ده‌نگ و مه‌نگ  بوو ،  له‌ جیاوازییه‌ چینایه‌تیه‌کان ده‌دواین ،    عاشقی هۆنراوه‌کانی ئادگار ئاڵانپۆ و بۆدلێر و پۆشکین وجەمال شارباژێری  بوو ،  خاوه‌ن  ده‌روونێکی   په‌پوله‌  ئاسا ناسک و جوان و به‌هه‌ڵوێست بوو  .
توخنی  دنیای سیاسه‌ت  نه‌ده‌ که‌وت ، ناو به‌ناو هۆنراوه‌ی بۆ  جوانی سیحری رۆمانسیه‌تی ئه‌و کچه‌ قژ زه‌رده‌ی ئالوده‌ی بوو دەنووسی و بەدەنگی خۆی بۆی دەخوێندمەوە .
 ئەو کچەی لێ ی ون  بووبوو  ، لای ئەو ببوو، بە هێمای گەڵای پایز  ،محه‌مه‌د بێ سنوور چووبوه‌ خه‌ڵوه‌تی شیعره‌وه‌ ،  شیعری کرد به‌ هه موو زه‌مه‌نه‌کانی ته‌مه‌نی ، لاپەرەی  هەموو یاده‌وه‌رییه‌کانی .
له‌ عيشقی بە ئاکام نەگەیوو و رۆمانسیەتی شیعردا ، به‌ جۆرێک چووبووە خەڵوەتی شیعرەوە، هەموو ساتەکانی ژیانی نامۆیی وغوربه‌ت بوو .
به‌دوای عه‌شقی رۆحی  ئەو کچە قژ زەردەدا عەوداڵ بوو     ، تێك شکانی عيشق و نامۆیی محەمەدی کرد  به‌و شاعیره‌ی  ده‌نگ و ڕه‌نگی قژزەردی لە گەڵای زەردی پایز دا ببینێتەوە.
قژ زەرد و گەڵای زەردی پایز  ،محەمەدیان کرد به‌ جه‌نه‌ڕاڵی پایز.
هۆنراوه‌کانی بوو به‌ دەنگ و ئاوازی  رۆحی و  هه‌ست ونه‌ستی  هەموو گەنجانی  نیشتمان .

 ( سنەوبەرەکانی رەعایە )

له‌ ساڵی 1977 له‌ گەڵ محەمەدا ،  لە سەرووی ماڵی خۆمانەوە ، بە ناو سنه‌وبه‌ره‌کانی  ره‌عایه‌ ، پیاسه‌مان ده‌کرد ،  شیعرمان  بۆ یەکتری دەخوێندەوە ، 
ئەوسا تازە من ،ئەم  سێ کۆپله‌ شیعره‌  نوسی بوو ،بۆم خوێنده‌وه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ی به‌دڵ بوو، لاپه‌ره‌که‌ی لێ وه‌رگرتم ، به‌ده‌نگی خۆی دووجار  خوێندییه‌وه‌.

( دابران )

دوای چه‌ند ساڵێک ، هه‌ل و مه‌رجی  شار  ، به‌ جۆرێک  ئاڵۆز ودژوار بوو ، چەپۆکی رۆژگار هەریەکەمانی  ،بە دوو جوگرافیای دوور لە یەک ، سپارد ،  وەک دوو هێڵی  تەریب ،له‌ یه‌کتریی دابڕاین  ،  یه‌کتریمان  نه‌بینییه‌وه‌  .

( گەرەکی ئیسکان )

ئێوارەیەکیان  له‌ شه‌قامی ‌ سه‌رووی  زانکۆی سلێمانی یه‌وه‌ ،  بە لای گه‌ڕه‌کی ئیسکان دا ، بە پیاسە رووەوە هه‌واری تازه‌   هه‌نگاو م ده‌نا .
باڵی خەیاڵ بە جۆرێک رۆحی داگیر کردبوو ،  تەنیا بەردەمی خۆم دەبینی ،به‌ رێکه‌وت محه‌مه‌د م ، له‌ به‌رده‌م دوکانێکی گه‌ڕه‌کی ئیسکان دا  بینی ، جگه‌ره‌یه‌کی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو ، دوکەڵی جگەرەکەی دەکرد .بە گژ ئاسمان دا.
دوای هه‌واڵپرسین ،  باسی مه‌رگی دایکی و ئازاری برا بچوکەکەی و خەمەکانی باوکی  بۆ کردم ، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌کی بیره‌وه‌رییه‌ تاڵه‌کانی  دابڕانی قژزەردی بۆ باس کردم .
به‌  هەمان تێڕوانینی جاری جارانەوە ، بە زه‌رده‌خه‌نه‌پڕ لە بەرائەتەکەیەوە ،  هه‌رسێ کۆپله‌ شێعرەکەی ساڵی ١٩٧٧  (نیاز)،( چرپه‌ )، (ئازار ) ی ،،  لە  یاد مابوو ،  جارێکی تر بە یادی قژ زەردو گەڵای پایزی رۆحی ،بۆی خوێندمه‌وه‌ :
1 
نیاز
رۆژانێ بوو 
گۆی  نیازم...به‌  چپه‌
ده‌ری ئه‌بڕی
سکاڵای ئه‌م  هه‌سته‌ کپه‌ 
2 
چرپه
‌چرپه‌ی  کپم ... 
نیگایه‌کی  تینوو  بوو
له‌ ئامێزی .....
شه‌وه‌زه‌نگێکی ...ره‌شه‌وه‌ ...
مرواری بوو ...... کێ  ده‌یگاتێ....؟
چووه‌ته‌  ناخی   ماسی یه‌کی
سه‌رکه‌شه‌وه‌
3 
ئازار
له‌ یادمه‌ بۆ دوا رؤژی  به‌ختیاری 
دڵ پارچه‌یه‌  سه‌هۆڵی  ئازار بوو 
که‌چی دایکم..... 
خوشک و برای  کرده‌ خه‌ڵات 
بۆ ئاواتێ
به‌دی نه‌هات 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان