شانازیی و شکۆی کوردستانپۆست کوردایەتیەکەیەتی
24/01/2005, 14:40 (GMT+1)

"بەخت بەهرەیە بۆ چارەنووس" نۆڤالیش
وەڵامێک بۆ مەهاباد قەرەداغی
ئەگەر بەختی کورد بیهێنێت ئەوا دەگەین بە کۆمەڵگایەکی بەناوەڕۆک دیموکراسیی و سڤیل. لە کۆمەڵگایەکی سڤیل و دیموکراتیشدا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چارەنووسێکی باشتریان دەبێت. خەڵکیی زیاتر لۆگیکیی دەبن، نەك لە سکی خۆیانەوە قسە دەرببڕن.
دیارە ئێمە هەردەم لەگەڵ ئەوەدابووین کە دەڵێین: ئەو پێیانە وردبێت کە سنووری حەمریین دەبەزێنێت. قەرەداغیی خەریکە ئەو تۆمەتەشمان دەخاتەسەر کە ئێمە لەودیوو سنووری خاکی کوردستانەوە ئیدی هەوای ئازادیی هەڵدەمژین و لە بندەستی خەڵکانێکداین کە جێگای متمانەی ئێمەن. ئەم دەستەواژەیەش لەبری نووسینی بەعسییبوونی ئێمە هاتۆتە کایەوە، چونکە قەرەداغیی لەنامە زل و زەبەلاحەکەیدا دەڵێ: من لەلای ینک و پدک گەرەنتییتان دەدەمێ کە ژیانتان پارێزراوبێت، بەڵام لە سنووری حەمریین بەدواوە ئێوە پێویستتان بە پارێزگارییکردن نییە. سەرەتا ئێمە دژەبەری ئەو نەتەوە سەردەستانەین کە خاکی کوردستانیان زەوتکردووە، جا چ ئێراقی کۆن و تازە بێت یان تورکیا یان ئێران یان سووریا، نەك دژەبەری دەستەڵاتی سیاسیی کورد. هەمانکات ئەگەر ئێمە بۆچوونی جیاواز و ڕەخنەشمان لە لایەنە سیاسییە کوردییەکان هەبێت لەپێناوی فرمێسکەکانی چاوی بە کیمیا کووشتووی کوردستاندایە، لەپێناوی زریکە و هاواری هەڵەبجە و سێوسێنان و قیژەکانی ئەنفال و هەشت هەزار بارزانیی سەرونگوومکراو و بێ ناونیشاندایە. ئێمە دژی کورد و دەوڵەتیی کوردیی نین، ئێمە دژی نەتەوە سەردەستەکانی کوردین. دیارە ئەمە پیشەتانە بۆ تێکدانی ڕیزەکانی گەل بۆ خۆشکردنی ئاگری ناتەبایی، هەروەک چۆن پیشەی چەندەهای وەک تۆ بووە لە میانەی شەڕی خۆکووژیی ینک و پدک دا پێنووسی شەڕ بهاون. لێرەدا بۆ گشت ڕێکخراوە کوردیی و لایەنە سیاسییەکانی خاکی کوردستان لە بچووکتریینیانەوە هەتا گەورەتریینیان لە زەردەوە هەتا سەوز لە شیینەوە هەتا سوور. ئێمە وەک کوردستانپۆست هەرگیز خۆمان لە سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی لایەنە سیاسییە کوردییەکاندا نادۆزینەوە بۆ ناکۆکیی و تێکدان و ئاژاوە نانەوە و کردنەوەی ئاگری شەڕی نابەجێی لایەنەکان. ئێمە خەڵکانێکین خاوەن شەهید خاوەن ئازار خاوەن ماندووبوون خاوەن هەژار بوون خاوەن قوربانییدان، هەتا سەرئێسک نەتەوەیین هەتا سەرئێسک کوردین، ڕووی دەم و ڕەخنە و نووسیین و پێنووسیشمان لەپێناوی گۆڕاندایە، لەپێناوی بە دیموکراسییکردنی نەتەوەی کورددایە، لەپێناوی نەهێشتنی گەندەڵییدایە بەهەموو ڕێچکەکانیەوە. تێکۆشانی ئێمە ئەگەر چەندیینجار گاڵتەئامێز و ساتیرئامێزیش بووبێت لەپێناوی وروژاندنی بابەتێکی ڕەوای گەلەکەماندا بووە. لەپێناوی سەندنەوەی دەستەڵاتی تاک و کۆی کۆمەڵی کوردەوارییدا بووە بۆ خودی خۆیان. بۆیە بەڕێز قەرەداغیی ئێمە نە بەعسیی بووین و نەدەشبین بە بەعسیی و بە ئێراقیی و بەو شتەش کە بیری لێدەکەنەوە. ئێمە خۆڵی بەرپێی منداڵێکی پێخاوسی گەرمیان و چڵکی ئێخەی کرێکارێکی هەژاری کورد و فەرشی بەرپێی هەموو ژنێکی کوردین. ئێمە ئەو هەناسەیەش کە هەڵیدەمژین ئەگەر بۆنی ژنی لێنەیەت وەریناگرین. ئەمەش بەو مانایە نا کە ناومان لێبنێیت ژنباز بەڵکوو وەک ڕێز وەک ژێرخانێکی ڕۆشنبیرانەی لیبڕاڵ، کە باوەڕمان وایە قۆناغەکانی گۆڕانی کۆمەڵ هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر دەکات و جیاوازیی بایۆلۆگییش هیچ بەهای نامێنێت. ئەوە بەڕێزتانن هەوای کورسیی و دەستەڵات لێیداون نەك کوردستانپۆست، هیچ ژنێكمان لە سەرتاسەری دونیادا نەبینی هێندەی تۆ ڕێکلام بۆ خۆی بکات. ئەمەندە لەخۆت گۆڕاوییت نائاگایی هەژاندوویتی و خۆتت لەبیرچۆتەوە چۆن دەپەیڤیت! بێگوومان گەورەیی لە بچووکییدایە، ئەگەر کەمێک گەورە بوویتایە پیتەکانت بچووکدەکردەوە، چونکە یاسای گلۆباڵیزم لە ئینتەرنێتدا هەموو مرۆڤەکانی دونیا بە یەکچاو تەماشا دەکات، بۆیە ڕێگا نادرێت لە ئینتەرنێتدا بە پیتی گەورە بنووسرێت. بەڵام بەڕێزت لە مێژە خوێنەر و کۆمەڵ و ژن بە مێگەل دەزانیت و دەتەوێت بە فیکەی خۆت پیادەڕەویان بکەیت. ئەگەر تۆ مەبەستتە بگەیتە باڵەخانەکانی مێژوو ئەوا بەداخەوە ناگەیت پێی، چونکە مێژوو شەرمەندە دەبێت لەئاست ژنانێکی تردا کە شیاوی ئەوەن بیانگرێتە خۆی لەبیریان بکات.
گوڵشەنی شێخ محممەد گەورەیە
لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا لە دادگای گشتیی شۆڕش لە بەغداددا پێڵاوەکاوەکانی دادەکەنێت و دەیگرێتە دادوەرەکە، بەمشێوەیە بڕیاری 25 ساڵ زیندانیی بەسەردا دەسەپێنرێت. بەڵام دڵنییام ئێستا سکێک تێرە و دەسک برسییە، چونکە خۆی نەکرد بە جام بە دەمی ڕۆژگارەوە. ئێمەی کوردستانپۆست خۆمان بەبچووکی هەموو کوردێکی بەئەمەگ دەزانین و شانازییش بەو نووسەرە بەهەڵوێستانەوە دەکەین، کە نووسیینەکانیان لە کوردستانپۆستدا بڵاو دەکەنەوە. شانازیی بەو لایەنانەشەوە دەکەین کە ڕەخنەکانی کوردستانپۆست بە چیکڵدانەی گەورەوە وەردەگرن. وەک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە لە کاتی پەیماننامەکەیاندا لەگەڵ پان ئیرانیستەکاندا ڕەخنەیەکی زۆرمان ئاڕاستەکردن. هەمانکات بەرانبەر بە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە بەردەوام دەنووکمان لەسەریانە بەڵام بە چیکڵدانەی گەورەی دیموکراسییەوە ڕەخنەکانمان وەردەگرن. ئەم جۆرە لایەنانە باوەڕیان بە ڕیفۆڕم هەیە لە دەستەڵاتی سیاسییدا بۆیە سنگیان بۆ ڕەخنە دەکەنەوە بەڵام نووسەرانی وەک بەڕێزت و لایەنە باکگراوندەکەت ڕێژەی نەگۆڕن 22 لەسەر 7، بۆیە گۆڕان لەبەرژەوەندیی ئەوندا نییە. پاشان ئەگەر ئێمە بمانەوێت بێینەوە بۆ کوردستان لە ماوەی 24 کاتژمێردا دێینەوە و هیچ ترسێکیشمان نییە. چونکە شتێک شک نابەین لێیبترسێین. دێینەوە باوەشی خاکی وڵات ئەو وڵاتەی کوردی تێدا دەژیی، ئێمە کە خۆشمان بە کورد دەزانین لە خاکی وڵات ناترسیین، بەڵام شوورەیی نییە ترسێک لەو پێنووسانە پەیدا بکەین، کە ڕەنگەکانیان کردووە بە سووری بەرلەشکری گەیشتن بە ئامانجەکان. دیارە ئەمەش مافی خۆتانە ئێوەش دەبێت هونەرێکتان هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانتان. بەڵام ئەگەر خودی فریدریش نیچە دەیزانی تیۆرییەکانی بۆ مەبەستی گڵاو بەکاردێت هەرگیز فەلسەفەی هونەری گەیشتن بە ئامانجەکانی نەدەنووسیی. دوا وتەی کوردستانپۆست ئەوەیە کە داواکەتان وەرناگرێت و ئامادە نییە لەگەڵتان دابنیشێت نەك بەوەی ترسنۆک بێت بەڵکوو لەبەرئەوەی بەشیاوی ئەوەی نازانێت.
لەگەڵ ڕێزی کوردستانپۆست دا
سەرنووسەری کوردستانپۆست
پۆڵا سەعید
تێبینی: ئەو وەڵامەی دیکە بخوێنەرەوە، کە کەمال جەمال موختاریش بەرپرسی کوردستانپۆستیش وەڵامی مەهاباد قەرەداغی داوەتەوە
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان



























