کوا مووچەکەم
09/02/2025, 21:09 (GMT+1)

سەرانی دەسەڵاتی ئەمڕۆی هەرێم (لە پڕێک بوونە بە کوڕێک)، بێ پەروەردەن، تەنیا یەک شت لەگەورەکانیان فێربوون ئەویش خۆپەرستی و گیرفانپڕی و خۆسەپاندنە، لە قۆناخی منداڵیشیاندا خۆیان لە سەرووی مامۆستاوە بینیووە، ئاخر مامۆستای ئەوان مامۆستای ڕاستەقینە نەبوونە و نیین، بەڵکو ماستاوچی نابووت بوون، بۆیە ئێستاش ڕێز لە مامۆستای ڕاستەقینە ناگرن.
ئەوان، ئەو بەناو سەرۆک و مەرۆکانەی ئێستای هەرێم، کەس نەبووە ئامۆژگاریان بکات، فێری ڕێز و حورمەتیان بکات، وانەی ویژدانیان نەخوێندووە، کەللەپووچ و سەرەڕۆ و بێباکن لە بەرامبەر دەوروبەر.
باوکیان یەک شتی فێرکردوون، ئەویش خۆ بەزلزانین و لووتبەرزییە، خۆبینین و بچوک بینینی خەڵکە.
ئەگەر ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە بارێکی ناهەموار و کۆڵەمەرگیدان، ئەوا هۆکارەکەی بۆ نەبوونی ویژدان و بێمنەتی ئەو سەرە خۆسەپێنانە دەگەڕێتەوە کە پێگەکانیان وەک میرات لە باوکیانەوە بۆ ماوەتەوە، بێگومان پێگەی خۆسەپێنی و تاڵانی و بچووک بینینی خەڵک و بەکرێگیراوی بۆ داگیرکەر و بێگانە، ئەو خەسڵەتانە لای کۆمەڵگەی کوردی ناشیرین و بێزەلەت و نامۆن، بەڵام ئەوان، ئەو هەڵتۆقاوانەی بوونەتە بەڵا بۆ تەواوی کوردستان شانازی بە سیفەتە خراپەکانی خۆیانەوە دەکەن و خۆشیان بە هەق و زانا و حەکیم دەزانن، بێگومان کۆمەڵانی خەڵکیش مێگەل و گاڕان دەبینن.
لە کام وڵاتی جیهاندا، جگە لە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و زۆردارەکان، مامۆستا ئاوا شکۆی شکێنراوە، تەنانەت دیکتاتۆرەکانیش ئەگەر بۆ پڕوپاگەندە و ڕووکەشییش بێت دەچن بەژنیان لە بەردەم مامۆستاکانیان دادەنەوێنن، کەچی کوڕە نابووتەکانی دەسەڵاتداران کە ئەمڕۆ لە ڕێگەی باوکیانەوە بوونەتە بەڵای سەری کۆمەڵگا، تەنازول ناکەن تەنانەت وەک مرۆڤیش مامۆستایان ببینن.
ئەو هەویرە زۆری ئاو کێشا، دڵنیابن کە زۆرداری لە ئەستووریدا دەپسێ و ئەو ڕۆژەش نزیکە کە تەخت و تاراجی زولم و خۆسەپێنەران بکەوێتە ژێر پێی خەڵکی کوردستان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان


























