دادپەروەری لەکوێ بێت ئارامی لەوێیە
09/02/2025, 21:18 (GMT+1)
فردریكی گەورە ئیمپراتۆری ئەڵمان زوو زوو ئەچوو بۆ شوێنێكی زۆر خۆش لە گوند تا پشوویەك وەرگرێت و دوور بكەوێتەوە لە ژاوەژاو، بەڵام ئاشێك لەو نزیكانە هەبوو هی پیاوێك بوو هەر كە كاری بكردایە ئەوناوەی پڕ ئەكرد لە دەنگەدەنگی بزوێنەرەکە.
ئیمپراتۆری بێزار ئەكرد ڕۆژێک پیاوانی ئیمپراتۆر چوون بۆ لای خاوەن ئاش و پێیان وت: یەكێك لەم دووانە هەڵبژێرە، یان ئاشەكەت ئەگوازیتەوە یان پێمانی ئەفرۆشیت، چونكە بە دەنگەكەی ئیمپراتۆڕ بێزار ئەكەیت. كابرا وتی: نە پێتانی ئەفڕۆشم و نە لێرەش ئەیگوازمەوە، چونكە سەرچاوەی بژێوی منەو كەی بمەوێت وەگەڕی ئەخەم.
لە دادگا سكاڵا كراو دادگا لەبەرژەوەندی خاوەن ئاش بڕیاری خۆی دا، كاتێك خاوەن ئاش بڕیارەكەی وەرگرت چوو بۆ لای ئیمپراتۆر و پێی وت: جەنابی ئیمپڕاتۆری گەورە، ئاشەكەم لەگەڵ بڕیارەكەی دادگا پێشكەشتان دەكەم كە هێمای دادپەروەرییە لە وڵاتەكەماندا، هەر ئەوەندە شانازییە بۆ من كە هاووڵاتی وڵاتێكم و تیایدا هاوڵاتییەكی سادە ئەتوانێت شكات لە گەورەترین ئیمپڕاتۆر بكات و حوكمەكەش بباتەوە.
لە قەولێکی ئیسلامیدا هاتووە : خودا یارمەتی دەسەڵاتێکی دادپەروەر دەدات گەر بێ باوەڕیش بێت، بەڵام یارمەتی دەسەڵاتێک نادات کە دادپەروەر نەبێت ئەگەر باوەڕداریش بێت. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت هەم لە ڕوانگەی ئاین هەمیش لە ڕوانگەی کۆمەڵگاوە دادپەروەری خۆشیەکی ڕەها بۆ کۆمەڵگا دەهێنێت بەجۆرێک دادپەروەری و یەکسانی باڵ بەسەر کۆمەڵگا دەکێشێت.
هەمووان دەتوانن داوای مافی خۆیان بکەن و دەزانن کە یاسا پشتیان دەگرێت گەر ڕاست و دروست بن لە داواکانیان. ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت حوکمی یەکێتی و پارتی هەمان حوکمی قەرەقوشە، تەقە دەکرێت و دەکوژرێت و وندەبێت یان لە لایەن بەرپرسێکەوە داڵدەدەدرێت یانیش لە ڕێگای قاچاخبەرێکەوە ئاودیوی سنور دەکرێت. هەموو ئەمانە ڕێگە بۆ ئەوە خۆشدەکەن کە گەنجان تەنانەت بە تەمەنەکانیش ئەوانەی کە ڕۆح و دڵیان وابەستەی ئەم خاکە بووە کۆچ بکەن و بۆ ڤیزەیەک هەموو ماڵ و موڵکیان بفرۆشن وە هەموو داهاتوویان بخەنە ناو یەختێکەوە و چارەنووسی خۆیان بدەنە دەست دەریا و شەپۆلەکان.
کاتێک دادپەروەری نامێنێت منداڵێک لەوسەرەوە هاوار دەکات پڕ بە گەروی و دەبێژێت: سوێند بەخوا پارەی قاچاخبەرێکم هەبێت ئێرە جێدەهێڵم! کەواتە دۆخی نائومێدی وەک دراگۆنێکی تینو باڵی بەسەر هەموواندا کێشاوە خۆشی هەمووانی قوت داوە. گەر بێت و ئەم دۆخی بێ یاسا و بێ دادپەروەریە چارەسەر نەکرێت ئەوا خەڵکی هەر لە نەخۆشیە دەروونیەکان بگرە تا تاوان و کوشتن و بڕین بەجۆرێک زیاد دەکات کە لە کۆنتڕۆڵی هیچ کەسێکدا نامێنێت هیوادارم بەرپرسانی هەرێم چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بکەن یان ئاخۆ دەتوانین بپریسن ئایا بەرپرسانی هەرێم هەر لە هەرێم ئەژین و ئاگادارن کە چی لە هەرێم دەگوزەرێت؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان


























