<

دەرکەوتنێکی غەمگین و وەڵام گەلێکی دلێرانە (ئاوێنەی ئاڵمانە)

23/02/2025, 18:17 (GMT+1)
بیرمەندی مەزنی نەتەوەکە، مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت:
" ئەگەر نووسەر بمرێ، دەمرێ. ئەگەر لە نووسین کەوت دەمرێ، ئەگەر ڕای خۆی بفرۆشێت دەمرێ، ئەگەر دوو ڕوویی کرد دەمرێ، ئەگەر جنێوفرۆش بێت دەمرێ، ئەگەر لە یەکێک لە مانەدا، جگە لە حاڵەتی یەکەم نەمرد، دەبێت خوێنەران بیمرێنن".
ئەم ئاوێنانەی من، هەر جارەی وێنەیەکی تا ڕادەیەک فراوانی کۆمەڵگەی کوردستان دەدەنەوە، دانە دانەیەکیان غەمگین و چاو بە فرمێسک و ناشاد دێنە بەرچاوان، ئەمانەیان تایبەتن بە باسگەلێک کە نەدەبوو بەو جۆرە بن، چاوەڕوانیی نەتەوەکە لەو کەس و ڕووداوانە ئەوە نەبوون. چوونکە زۆرینەی ئاوێنەکان ڕووانینی منە بۆ ڕووداوە گرنگەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردیی و منیش ئێستای بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکە لە لووتکەدا دەبینم و هەمیشە هیوام بەرزە و بەو هەست و بڕوابوونەمەوە درێژە بە تێکۆشانی ئازادیخوازیی خۆم دەدەم، ئەگەر چمکێکی ئەو تێکۆشانە کوردستانییەش بێت، گرتوومە.
جا ئەگەر ئاوێنەیەکم غەمگین و ناشاد بێت، دەبێت ڕووداوەکە تایبەت، کەسەکە کاریگەر، کارەکەی چارەنووسساز و چاوەڕوانییەکە  ئەوە نەبووبێت کە بە تەمای بووین!!!. لە ناو کورددا خێزانگەل و بنەماڵەگەلێک هەن کە زیاتر لە بنەماڵەکانی تر لەبەرچاو و دیارن. لەناو ئەو بنەماڵە زۆر ڕێزدار و خۆشەویست و هێژایانەی ناو نەتەوەکەدا بنەماڵەی بەڕیز(مستەفا سوڵتانی) ین لە گوندی ئاڵمانەی سەر بە شاری مەریوانی خۆشەویست لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان. خۆشویستنی ئەوان لەبەر زەوی، دەسەڵات، دارابوون و شتگەلی مادی نییە، بەڵکو لەبەر ئازادیخوازیی بوونی ئەم بنەماڵەیەیە، کە دار و نەداری خۆیان بەخشی بە ئازادی نەتەوەکەیان.
یەکێک لەو هیوایانەی کە هەمیشە و لەم سەردەمەدا هاندەری بەهێزی بڕوا بوونی منە بۆ بەردەوامی تێکۆشانە ئازادیخوازییەکەم، ئەم تێکەڵبوونەی نەتەوەکەیە کە سنوورەکانی کردۆتە پێخووس، هیچ نەبێت لە ڕووە زەینییەکەوە کە سەرچاوەی هۆش و بیرکردنەوە و داینەمۆی پێشوەچوونی مەسەلە نەتەوەییە ئازادیخوازییەکەمانە. سەرەڕای هەوڵی خوێناوی داگیرکارانی کوردستان بۆ جووداکردنەوە و درز خستنە نێوان تاکەکانی کورد، پارچەکانی کوردستان، لە هەموو ڕووە کلتوورییەکانەوە و بە تایبەت زمان، نەک نەیانتوانی ئەم کارە ئەنجام بدەن، بەڵکو تا بنی بنەوەی چاڵەکەی مەرگی هیوابوونیان ڕۆچوون. کاتێک نەتەوەیەک بەو پاشخانە شارستانەتە دوور و فراوانەیەوە، گەشاوە بڕیاری گەڕانەوە بدات بۆ ناو مێژووی مرۆڤایەتی، نە ستەمکاری بێگانە و نە خیانەتمەندی ناوخۆیی، لەبەر ئەم خرۆشانەدا، بەرگەیان نەگرتووە/ ناگرن.
هەر چۆنێک باسی ڕووی سیاسی، سەربازی، دبلۆماسی و ئابووری نەتەوەی کورد بکەیت، باشوور لایەنێکی ئەم باسووخوازەییە، چوونکە ٣٥ ساڵە، بەڵێ سی و پێنچ ساڵ!!!، بە ناو دەسەڵاتێکی کوردیی لەم دەڤەرەدا فەمانڕانیی کردووە و تا ئەمڕۆش دەیکات. لەم دەڤەرەدا کاتێک سەرکردەیەتی تاقم و دەستەکانی دەگەنە دەسەڵات نەتەوەکە خوێنی لەبەر دەڕۆشت، کە پێویستی بە چارەسەری دەستبەجێ، بنەڕەتی و ژیرانەی کوردستانی هەبوو: 
- نەتەوەکە تەرمی ١٨٢ هەزار ژن، منداڵ و پیاوی ئەنفالەکانی بە کۆڵەوە بوو.
- پێنج هەزار لاشەی کوردانی هەڵبجەی نەناشتبوو.
- لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتدا بە هەزاران گیان فیداکرابوون و ڕۆژانە ژمارەیان زیاتر و زیاتر دەبن.
- بەرەنگارییەکی فراوان و خوێناوی لە باکوور دژ بە فاشستی توورک، بەردەوام بوو و بەردەوامیشی هەیە.
- ژنان و کچانی ڕۆژئاوا لە کۆبانێ لەگەڵ مەرگ بەرانبەر بە بیرێکی ئیسلامی خوێناوی دژ بە مرۆڤ، لە جەنگێکی سەختدا بوون..... لەم کاتەدا دەلاقەیەک کە نەتەوەکە بەدرێژایی سەدساڵ هەوڵی بۆ کرانەوەی دابوو، لە باشوور کرایەوە، ئەوانەی کە بە درێژایی ئەم سەدە خوێناوییە هاوبەشی تاوانەکان بوون بەرانبەر بە نەتەوەکە و دەبوو دادگایی بکرێن، بوونەوە بە دەمڕاستی نەتەوەکە و لە دوایشدا بە شۆڕەسواری فەرمانڕانیی دەڤەرەکەی باشوور!!!.
ئاوێنەی ئاڵمانە، باس لە چاوپێکەوتنێکی چوار ئەڵقەییە لەگەڵ ئازادیخوازی هێژا و خۆشەویست خوشکە مەلەکە مستەفا سوڵتانی، لە کەناڵی ڕووداو و بەرنامەی پەنجەمۆر)دا.
• بۆچی نەشیاو، نە گوونجاو و نادرووستە، لە مێدیای بنەماڵەکانەوە دەربکەوین؟
ڕۆژی ٢٥/ ٠٨/ ٢٠٢٤ لە وتارێکدا ( ئاوێنە بچکۆلەکان- بۆچی نەشیاو، نە گوونجاو و نادرووستە، لە مێدیای بنەماڵەکانەوە دەربکەوین؟)* سەبارەت بە مێدکانی بنەماڵەیی ئێستای باشوور لە کوردستانپۆستی هێژادا نووسیوومە، بەهۆی دەرکەوتنی خوشکێکی هێژای باشوورییەوە کە شاعیرە و ئازادیخواز"بەناوی مەلەک" لە کەناڵی ڕووداوەوە لەو وتارەوە چەند هۆیەکتان بۆ دەنووسمەوە بە شێوەی خاڵ:
- ئەم دەزگا مێدیاییانە سەر بەخەڵک و ئازارەکانی خەڵک نین، بەڵکو ئاوێنەی ڕەفتاری فەرمانڕانەکانن.
- سەرچاوەی داراییان بۆ گەل ئاشکرا نەکراوە، واتە گەندەڵ و لەسەر برسی کردنی خەڵک دامەزراون.
- پڕوپاگەندەچی بنەماڵەیەک و بیرکردنەوەیەک و خوو خدەیەکی پاشەڤەڕۆی بنەماڵەیەکن.
- دەزگای سەر گەرمکردن، چەواشەکردن و شێواندنی کلتووریی(بەتایبەت زمانی) نەتەوەکەن.
- مەکینەی هەڵبەستنی درۆ و شکاندنی کەسایەتی تاکی کوردن.
- داوگەلێکی ڕەنگاوڕەنگن، کە ئامانجیان لەداوخستنی تاکە شەرافەتمەند و هەڵوێستدارەکانی کوردن.
- ناوەندگەلی گومانلێکراوون، کە بە دەیان کەناڵەوە لەگەڵ ئەو دەزگایانەی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، پەیوەندیان هەیە و
  خانەیەکی چالاکن لەو سەرچاوانەی کە لقی تایبەتیی لێکۆڵینەوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە نەتەوەی کورد، دەزگاکانی هەواڵگریی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، بەتایبەت "میت" بەکاریان دێنن..... . 
بەڕێز و هێژا مەلەکە مستەفا سوڵتانی، لە چوار ئەڵقەدا باسی زۆر ڕووداو و گرفتەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت تێکۆشانە شکۆدارەکەی "کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی" دەکات. سەرەتا دەبێ بڵێم ئەو وەک ژنێکی ئازادیخوازی کوردستانیی بوێر، ڕاستگۆ و دلێر سەبارەت بە ڕووداوەکان دەدوێت، بەڵام ماڵی مەلا مستەفا گرفتاریی دەروونی زۆر ئاڵۆزییان هەیە کە بەزۆر ئامڕاز و شێواز دەیانەوێ خویان لەم ئاڵۆزییە دەروونیانە ڕزگار بکەن، یەکێک لەو شێوازە بەربڵاو و گرنگانە، ئەو دەزگا مێدیا زەبەلاحەیە کە بە پارەی دزراوی نەتەوەکە ئەوە سی و پێنج ساڵە دەیسوڕێنن. 
پەنجەمۆریش یەکێک لە بەرنامەکانی کەناڵی ڕووداوە، لەم گفتوگۆیەدا زۆر پرسیار و ڕاسپاردە و گوومان بردن و هەوڵدان بۆ سەپاندن کران. لەمە بەدوا پیتی "پ" بۆ پێشکەشکارەکە بەکاردێنم. 
مەلەکەخانم بە ڕوونی و وەک وێنەکێشێکی سەرکەووتووی زەینی خۆی، پانۆڕامایەکی غەمگین لە کۆستە یەک بە دوای یەکداهاتووەکانی بنەماڵەکەی( کە بەشێکن هەم لە کۆستە نەتەوەییەکە، هەم لە تێکۆشانە نەتەوەییەکە)، بۆ ئێمە وێنەکرد، بە تایبەت هەڵوێستە شایستەکانی دایکێکی کورد، کە دەکاتە دایکی کاک فوئادی ئازیز و دایکی مەلەکەخانم خۆیشی.
لەو بڕوایەدام کە نە "پ" و نە بەڕێوەبەرانی ئەو کەناڵە چاوەڕوانی ئەو هەڵویستە سەقامگیر و دامەزراو و پڕ لە متمانە بە خۆ و بە مەسەلەی نەتەوەکە نەبوون،  چوونکە ئێمە زۆر کەسانی ترمان لەم بەرنامەیەوە بینیووە کە زۆر ڕاستییان کردووە بە ژێر لێوەوە لەبەر خاتری خاتران!!!.
لەم چاوپێکەوتنەدا دووپرسیار کرۆکی گفتوگۆکەبوون، کە هەردووکیان لە دەوری گوومانەکان لە سەرکردەیەتی قیادەموەقەتە دەسووڕانەوە:
یەکەم/ شەهیدکردنی کاک فوئاد و ڕۆڵی جەلالییەکان لەمەدا.
دووەم/ خاڵی هەشتی، داواکارییەکانی وەفدی کوردستان، کە باس لە دەرکردنی سەرکردەیەتی قیادە مووەقەتە دەکات لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا ساڵی ١٩٧٩. 
" پ" دەپرسێت، کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ کۆمەڵەی ڕەنجدارانی باشوور هەبوو، ئایا ئەوان ڕۆڵیان هەبوو لە شەهیدکردنی کاک فوئاددا؟!
مەلەکەخانم بە وردی ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە و باسی ئیبراهیم جەلال و کەسێکی تری ڕۆژهەڵاتی دەکات و دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی "ینک" کە لەگەڵ کاک فوئاد بۆ پاراستنی لە بانەوە دەچنە مەریوان و لەگەڵیشیدا دەگەڕینەوە و لە ڕێگای گەڕانەوەیاندا تووشی ئەو کارەساتە نەتەوەییە دەبن و کاک فوئاد گیانی دەبەخشێت. مەلەکە خانم کەس تاوانبار ناکات و هەندێ ڕوانینی خۆی هەیە لەسەر ئەوەی بۆ برایم جەلال تەقە لە تفەنگی نەهاتووە؟! پرسیارێکی ڕەوایە، وەڵامەکە "پ" ڕازی ناکات و لە جێگایەکی تر و بە ڕەنگێکی تر دێتەوە سەر گوومانەکە. 
لەگەڕانی "پ" دا بۆ دۆزینەوەی سەرداوێکی کاریگەریی جەلالییەکان لەسەر کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کاک فوئاد لەسەر بڕیاردان لە تۆمارکردنی خاڵی هەشتی ناو داواکارییەکەی وەفدی کوردستان کە بریتییە لە دەرکردنی سەرکردەیەتی قیادەموەقەتە، دیسان "پ" دەپرسێتەوە کە ئایا بەهۆی ئەو پەیوەندییە توندەی نێوان کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی باشوور، کاریگەرییان هەبووە کە خاڵی هەشتەم بخرێتە ناو ئەم داواکارییەوەوە؟! بۆچی داوایانکرد کە کوردە پەناهەندەکانی باشوور دەربکرێن؟!
مەلەکەخانم ژیرانە و گورج پرسیارەکە ڕاستدەکاتەوە و دەڵیت: داوای دەرکردنی خەڵکی پەناهەندەی ڕۆژهەڵاتیان ( "پ" ڕاستی دەکاتەوە، خەڵکی باشوور) مەلەکەخانمیش ڕاستی دەکاتەوە، خەڵکی باشووریان نەکردبوو، بەڵکو داوای دەرکردنی سەرکردەکانی قیادەموەقەتەیان کردبوو، بە باوەڕی من لەبەر ئەوە بوو کە سەرکردەکانی قیادەمووەقەتە زۆر ئازاری خەڵکی ڕۆژەڵاتیان دابوو، ڕۆژهەڵاتییەکان لێیان بیزار بوون. مەلەکەخانم باس لە شەهیدکردنی کاک سڵێمانی موعینی و هەڤاڵەکانی دەکات وەک نموونەیەکی قێزەوون لە کردارەکانی سەرکردەیەتی قیادە مووەقەتە، " پ" دەڵیت ئەوە مێژووە!!!. مەلەک خانم باسی پێشینەی تاوانەکانی قیادەمووەقەتە دەکات لە ڕۆژهەڵات، "پ" دەڵێت: خۆ تا ئەو کاتە هیچ گرفتێک لە نێوان کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و پارتیدا درووستنەببوو، مەلەکە خانم دەڵێت با دروستببوو(" پ" چەند چرکەیەک دەساکێ): لە شنۆ یازدە پێشمەرگەی کۆمەڵە بەدەستی قیادە موەقەتە بە شیوازێکی ....... گیانیان بەختکرد!!! باسی ناکات ، دیارە بە شێوازێکی زۆر نامرۆڤانە شەهیدکراون!!! مەلەکە خانم لە قسەکردنیدا زاراوەی قیادەموەقەتە چەندین جار دووبارە دەکاتەوە و تەئکید لەسەر ناوهێنانەکە دەکاتەوە، " پ" زۆر کەم دەڵی قیادەموەقەتە، ئەو بە پارتی ناویان دەبات.
بەپێی بیروبڕوای من، مێژوو ناتوانێت تاوان کۆن بکات، بەڵکو لە سینەی خۆیدا تۆماری دەکات، چوونکە تاوان کە ئەنجامدرا، دەبێتە مەسەلەیەکی "یاسایی" و زەمان و کات وسەردەم ناتوانن ببنە شایەتی بەسەرچوون و کۆنبوونی تاوانەکە لەبەردەم دادگای گەلدا، ئەو تاوانە دەرهەق بە نەتەوەی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی کراوە و مافی لێپێچینەوە دەدات بە نەتەوەکە کە لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا لێپرسینەوەی یاسایی لێ بکات، هەر چۆن نەتەوەکە مافی لێپرسینەوەی لەو تاوانە زۆرانە هەیە کە لەماوەی سیوپێنج ساڵی فەرمانڕانیاندا قیادەمووەقەتە و جەلالییەکان دەرهەق بەنەتەوەکە ئەنجامیان داوە.
ئێستا لەبەر باری ئاڵۆزیی نیشتمانی کورد و ئەو دەستگرتنەی ڕژێمی فاشی توورک و ئێران بۆ سەرکردەیەتی قیادەمووەقەتە و جەلالییەکان، زۆر ڕاستی مێژوویی شاردراونەتەوە لە بەرچاوی نەتەوەکە، بەڵام سەرئەنجام ڕاستییەکان ڕۆژێک دێنە بەرخۆر و نەتەوەکە لە پیلانەکان ئاگاردار دەبێتەوە و ڕۆڵی قیادەقووەقەتەش لەو تاوانە نەتەوەیەدا کە کاک فوئاد گیانی تێدا بەخت کرد، دەردەکەوێت، چوونکە مەلەکەخانم باسی لە بوونی دووسەد چەکداری قیادەمووەقەتەکرد بە شاخەکانی نێوان مەریوان و بانەوە کە   ''نالە هەورامی- مەلەکەخانم وا ناوی هێنا، '' پ وتی: کاک نادر" هەروەها مەلاعومەر بانیبنکۆک سەرپەرشتییان دەکردن.
" پ " لە کۆتایی پرسیاری کاریگەری کۆمەڵەی باشوور لەسەر کاک فوئاد و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بۆ تۆمارکردنی خاڵی دەرکردنی سەرکردەیەتی قیادەمووەقەتە لە داواکارییەکەدا، دڵی بە وەڵامەکەی مەلەکەخانم ئاوی نەخواردەوە، خۆی کۆتایی بە وەڵامەکە هێنا و لەبەر خۆییەوە وتی: لەبەرپەیوەندییەکەیان ئەگونجێ کاریگەرییان هەبووبێت!!!. 
چوونکە هێشتا بیرکردنەوەیان لە دەواری خێڵ تێپەڕی نەکردووە، پێیان وایە کە ئەگەر دوو کەس و دوولایەن پەیوەندییان هەبوو ئیتر دەبێت بتوانن لایەنێکیان ئەویتریان بخاتە ژێرکاریگەری خۆییەوە و ئەو کارەی پێبکات کە خۆی دەیەوێت، ئەمە نەناسین و ڕوانینێکی هەڵەیە بۆ بیرکردنەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و بە تایبەتی کاک فوئاد، چوونکە کاک فوئاد ڕیبەرایەتی مەسەلەیەکی بنەڕەتی نەتەوەیەکی دابەشکراوی دەکرد و لەوە وشیارتر و ژیرتر بوو کە بکەوێتە ژێر کاریگەریی جەلالییەکان، چوونکە ئەو پاشخانی گرفتی جەلالی و مەلایی ناسییوە و وێنەکە بۆی ڕوون بووە، کاری ئەویش کارگەلی هەست  و نەست نەبووە بەڵکو زۆر مکوڕ لە پێناوی مەسەلەی ئازادی و دادپەروەریدا خەباتی کردووە، بە هەموو وردەکارییەکانی کۆمەڵگای خۆیی و کلتووری نەتەوەکەی ئاشنا بووە، لەناویاندا ئاڵۆزییە سیاسییەکانی نێوان لایەن و دەستە و تاقمەکانی ئەو کاتەی گۆڕەپانە سیاسییەکە.
"پ" دێتە سەر پرسیارێکی تر و دەپرسێت: پێشمەرگەیەک بەلێدان گیان لەدەست دەدات، ئایا لیژنەی ناوەندییەک لایەنێک لەم تاوانەی پرسییوە؟! وەک ئەوەی پرسیارێکی هەنگوینئاسای لە کلۆرەدارێکدا دۆزیبێتەوە، مەلەکەخانم بە هێمنییە جوانەکەی و ڕاستگۆییە دلێرانەکەی کە شایان بە ژنی کوردی ئازادیخوازە و ئێستا سیمایەکی دیاری ژنانی دلێری ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوایە، گورج وەڵامی دایەوە: بەڵێ لێپرسینەوە کراو جێبەجێشکرا، دیسان "پ" بۆ چەند چرکە ڕاما. من واز لە درێژی وەڵامەکە دێنم و لە جیاتی نەتەوەی کورد لە "پ" دەپرسم:
- بۆ ئاشبەتاڵ و جێهێشتنی نەتەوەکە لە ناوەڕاستی تێکۆشانە خوێناوییەکەیدا، کەس لە کەسی پرسییەوە؟!
- بۆ شەهیدکردنی کاک سڵێمانی موعینی و ڕادەستکردنی تەرمە پیرۆزەکەی بە ساواکی ئێران، کەس لە کەسی پرسییەوە؟!
- بۆ گیان بەختکردوانی زیندانی بەدناوی ڕایات، کەس لەکەسی پرسییەوە؟!
- بۆ کارەساتی نەتەوەیی " هەکاری" کەس لەکەسی پرسییەوە؟!
- بۆ بوونە کەواسووری بەر لەشکری پاسداران و ئەو هەموو تاوانانەی کە قیادەمووەقەتە بەرانبەر بەو بە شە لە نەتەوەکە لە ڕۆژهەڵات ئەنجامی دا، کەس لە کەسی پرسییەوە؟! 
- بۆ کارەساتی نەتەوەیی سیویەکی ئاب، کەس لەکەسی پرسییوە؟!**
- بۆ تیرۆرکردنی ئازادیخوازانی باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، کەس لە کەسی پرسییەوە؟!
- بۆ شەق هەڵدان لە مامۆستای تەمەن شەست ساڵی، لەبەردەم پەرلەمانی!!! کوردستاندا، کەس لەکەسی پرسییوە؟!
- بۆ ڕێنمایی کردنی لەشکری فاشیی تورک بۆ باشووری کوردستان، کەس لە کەسی پرسییەوە؟!
- بۆ گیان بەختکردنی " کاک ئارام و " کاک فوئاد" کەس لەکەسی پرسییەوە؟! 
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هەموو " بۆ" یانە، ئەگەر بوێریی هەبێت!!! وا بزانم پێویست، بە بەرنامەیەکی پەنجمۆری لایەنی کەم دەساڵی هەیە و هێشتاش عەرزی حاڵی زۆر "بۆ" ی تر چاوەڕوانی مۆرکردن دەکەن. چوونکە تاوانەکان لە ژمارە نایەن و نایەن.
خوشکە دڵێر و سەربەرز و ئازادیخوازەکەم، دەرکەوتنەکەت لەو جێگایەوە، زۆرینەی ئازادیخوازانی"غەمگین" کرد، لەسەرەوە بەخاڵ باسم کردووە، لەهەمان کاتدا، وەڵامەکانت بەو متمانە ژنانە سەرکەشە کوردانەیەوە، سەری زۆرمانی بەرز ڕاگرت، پیاوە سیاسییە بوودەڵەکانی کورد ساڵانێکی زۆرە ئابڕووی نەتەوەکە دەتکێنن، ئەوا ژنانی دلێری کورد، خەریکن کۆی دەکەنەوە.
لە کۆتایی خەم و شادییەکانمدا ئەم گفتوگۆییەی نێوان باوکی "ژینا" لە ڕۆژهەڵات و باوکی "ئاسیا" لە ڕۆژئاوا پێشکەشە بە بوێریی، ژیریی و متمانە کوردستانییەکانی تۆ و هەموو ژنانی دلێری نیشتمانی کورد:
      
 کچم...نووستوی ناو دڵەکەم...
قەرسیلی ڕنراوم....
پەژمووردە.... گوڵەکەم
نا...نا....نا.....ئەوە نییە، بانگم دەکەیت، 
باوکە وام لێرە، باوکە وام لەوێ
لە کۆبانێم، لە قامیشلوم، لە سلێمانیم، لە قەندیلم
لەئامەد گۆڤەند دەگێڕم، وام لە  سنە، دەسگیرانم
لە بۆکان، میوانی (حەسەن) گیانم
لێرە بەناو، گڕی زەردی، گوڵلەکاندا تێ دەپەڕم
لەوێ دەستی، ترساوی خوشکەکانم، ڕادەژەنم
باوکە، من هاتووم، ئابڕووی تکاوی، پیاوەکان کۆکەمەوە
مێژووی ئازادیی راستەقینەی ژنان، بنووسمەوە
کۆبانێ بەم بە شوو، بە سلێمانی 
سنە بکەم بە بووک بۆ.... جزیرە 
کە منداڵ بووم گفتت دامێ رۆژێ بمبەی بۆسنە
گفتەکەی تۆم هەر لە بیرە 
ئەی تۆ بابە گفتەکەی خۆتت لەبیرە؟!!!
- مەڕۆ....مەڕۆ
دەبێ بڕۆم
من باوەشێ چرپە عیشقی گۆمی "وان"م هێناوە 
خەمت نەبێ هەڵەبجەکەم ماچ کردووە 
لەهاواربووم 
هاوار
هاوار  
بە تولەڕێی پشت قەڵاکەی مەریوانا 
دوور لە چاویان، دەبێ بڕۆم 
چون دەلیلی ڕێگای عیشقم 
بۆ زرێوار
...............

سەرنجەکان/

*لینکی وتارەکە لە کوردستانپۆستی هێژادا 
** فازیل میرانی، لە بەرنامەی ( الذاکر‌ة السیاسیة- کەناڵی العربییة- طاهر البرکة، گووتی: ئێمە تا ساڵی ٢٠٠٣ هەرگیز پەیوەندیمان بە ڕژێمی سەددامەوە نەپچڕابوو)، واتە تا ئەو ساڵەی ڕژێم کەوت و کۆتایی پێهات!.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان