هەر تەنیا پارێزگا بەس نییە بۆ پاداشتی ئەو هەموو قوربانییەی هەڵەبجە !
17/04/2025, 17:15 (GMT+1)

ئەبێت هەڵەبجە بکرێتە سیمبولی گەشانەوە و نوێبوونەوە و ژیانەوە . ئەبێت بکرێتە ئیلهامێک و گشتگیربکرێت بەسەر هەموو پارێزگاکانی تری کوردستان دا.
کاتێک هەڵەبجە لەئەنجامی کرداری هەڵەی زەق و هەرزەی سەربازی و سیاسی سەرکردایەتی بێ ئەزموونی کورد و لەکاردانەوەیەکی قورستردا، لەساڵی ١٩٨٨ و لەلایەن حکومەتی بەعسی عێراقەوە بەگازی ژەهراوی قەدەغەکراو خنکێنرا، لەئەنجامدا هەزاران شەهیدی لێکەوتەوە و هەزارانی تریش تائێستاش ئاسەوارەکانی ئەو جینۆسایدە بێوێنەیە لەسەرگیان و دەروون و خێزانی یان ماوە . لەوکاتەوە نەحکومەتی عێراقی دوای سەددام و نە هەرێمە ساواکەی خۆمان جورئەتی ئەوەیان نەکرد کەمێک لەو داهاتە زۆر و زەوەندە بەتاڵانبراوەی گەلانی عێراق بگەڕێننەوە بۆ گیرفانی هەموو خەڵک نا ، بەڵکو تەنها بۆ ئەوانەی کە زەرەرمەندبوون لەئەنجامی کارە عەسابەکانی حکومەتەکانی پێش خۆیان و قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکەنەوە و کەمێک قورسایی سەرشانی بەجێماوانی ئەنفال و کیمیابارانکراوەکان کەمبکەنەوە لەڕووی دەرونی و ماددی یەوە . نەک ئەوە بەڵکو هەڵەبجە بووبوو بە سندوقی سواڵی بەرپرسان و بە ملیارات دۆلاری پەیدائەکرد لە مەحفەلی نێودەوڵەتیدا و بۆ خۆشڕابواردنی خۆیان بەکاریان ئەهێنایەوە لەجیاتی خزمەتکردنی ئەو شارە سوتێنراوە .
لەساڵی ٢٠١٤ بەپڕۆژەیەک هەڵەبجە لە سلێمانی دابڕێنرا بەئومێدی ئەوەی بەزووترین کات بکرێتە پارێزگایەکی نوێ و خزمەتی باشتر بکرێت . پاش ئەوەی چەندین جار ئەو پڕۆژەیە خوێندنەوەی بۆکرا لە ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق و خرایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ، کۆتا جار لە ١٤ ی ٤ ی ٢٠٢٥ بوو بە بڕیاڕ و پێنجەمین پارێزگای کوردی و ١٩ یەمین پارێزگای عێراقی لەدایک بوو .
ئەوەی کە مایەی خۆشحاڵیە هەڵەبجە ئێستا بەیاسا نازناوی پارێزگای هەیە، بەڵام سیمای بەپارێزگابوون و خزمەتکردن و تەرخانکردنی بودجەی تایبەت و بوژانەوەی ئەو شارە تازە لەدایک بووە لەڕووی ژێرخانی ئابووری و شارستانی و گەشتوگوزار و ڕەخساندنی هەلی کار و زۆرترین گرنگی پێدان و کردنی بە ناوەندێکی بەهێز بۆ ڕاکێشانی سەرنج هاوڵاتیان لە ناوخۆ و دونیای دەرەوە ، خەباتێکی تولانی و هەوڵێکی بێوچانی ئەوێت، بە پلەی یەک لەلایەن خەڵکە دڵسۆزەکانی شارەکەوە . نابێت ڕێگە بەهیچ کەمتەرخەمیەک بدرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و حکومەتەوە. نابێت تەنها سوپاسیان بکرێت بەوەی قەزای هەڵەبجە بووە بە پارێزگای هەڵەبجە ، بەڵکو ئەبێت ئیتر لەمەودوا چاودێرێکی چالاکتر و ڕەخەگرێکی توندتربن لەسەر کارەکانیان و داوابکرێت هەرچی زووە ئەبێت ئەوشارە بکرێتە سەنتەری خزمەتگوزاریەکان و خۆشگوزەرانیەکان نابێت وەک گۆڕینی ناوەکەی لێبکەن و کاتێکی زۆربخایەنێت .
پێدانی نازناوی پارێزگا بەو شارە نابێت وا لە خەڵکی ئەو شارەبکات کە ئیتر بێدەنگ بن لەهەرچی کەم و کوڕیەک هەیە بە بیانووی ئەوەی هێشتا زووە و سەرەتای ڕێیە و ساوایە ! یان بودجەی بۆ تەرخان نەکراوە ! یان باری ئابووری وڵات باش نیە ! یان هێشتاوەکو ڕێکارە یاساییەکان تەواونەبوون و دوژمنی نوێمان بۆ پەیدابووە لەسەر ئەم بابەتە !
گوێ بەهیچ لەمپەڕێک مەدەن کە بۆتان دروست ئەکرێت و داوای ژیان و ژینگەیەکی تەندروست و خۆشگوزەران بکەن و هیچ ڕێکەوتنێکی لەسەر مەکەن و قسەی هیچ سیاسیەک ئیحراجیتان بۆ دروست نەکات .
گەر بەم جۆرە گوزەرا ئەوا پارێزگای هەڵەبجە بەکردار بووە بە پارێزگا بەپێچەوانەوە ، هەر قەزاکەی سەردەمی سەددامە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان


























