فەتواکەی عەلی قەرەداغی دەروازەیەك بۆ ئاژاوەگێری
22/04/2025, 7:57 (GMT+1)

دوابەدوای فەتوای شەری چەك و ئابڵوقە دژی ئیسرائیل ، تەوژمێکی نارەزایی و پشتگیری ، دنیای ئیسلامی بەگشتی ووڵاتانی عەرەبی بە تایبەتی گرتەوە . بەڵام بەفەرمی ، دووسێ ووڵاتی ئیسلامی وعەرەبی ووڵامیان داوەتەوە و ئەوانی تر، تەنها لایەنی فەتوای ووڵاتەکانیان یان کەسایەتییە ئاینییەکانیان، ووڵامیان داوەتەوە . پێش ئەوەی بچینە سەر پەرچەکرداری فەتواکەی یەکێتی جیهانی (زاناینی) موسڵمانان ، بە پێویستی ئەزانم تەم ومژی سەر ئەم یەکێتی یە روونکەمەوە.
یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمانان لە ساڵی ٢٠٠٤ وە دامەزراوەو هەوڵی کۆکردنەوەی بەناو زانایانی ئیسلامی لە سەرتاسەری جیهانی ئیسلامی داوە . بە پێی ئەوەی زۆربەی زۆری ئەندامانی سەر بە ئیخوان موسلیمینن ، دامەزراوەکەش ئەو مۆرکەی وەرگرتوەو ، لە ژێر رکێفی رەوتی ئیخوانی کارەکانی خۆی بەئەنجام دەگەێنێت ، بێجگە لەوەی دوو بنکەی سەرەکی لە قەتەر وتورکیایە کە لە هەردووکیان رەوتی ئیخوانی دەسەڵاتی ووڵاتەکەی لە دەست دایە . یەکێ لە ئەمانجەکانی ئەم یەکێتی یە ، بڵاوکردنەوەی تێگەیشتنێکی میانرەوانەیە بۆ ئیسلام ( تێگەیشتنی توندرەوی ، تێگەیشتنی باوو و تەواوە )لە گەڵ ئەم بنەما سەرەکی یەی کە ئەم دامەزراوەیە هەوڵی بۆ ئەدات ، زۆربەی زۆری ئەندامانی قەدەغەی چون بۆ هەندێ ووڵاتی رۆژئاوایان لەسەرە ،چونکە ئەو میانرەویەی بانگەشەی بۆ دەکەن، نەیتوانیبو وا لە دامەزرێنەری یەکێتیەکە بکات خۆتەقینەوەی موجاهیدەکانی ئیسلام بە بەتیرۆر نەزانێ و بگرە بە پەڵەوان ناویان بەرێت وەك لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی لە بەریتانیا یوسف قەرەزاوی باسی کردبوو. بێجگە لەوەی یەکێتییەکە بۆ خۆی لە لایەن ( سعودیا ، مسر ، ئیمارات وبەحرێن ) لە لیستی تیرۆردایە .
دروست بوونی ئەم دامەزراوەیە ، لە هەناوی ووڵاتە ئیخوانی یەکان ، بە بێ شك وایکردوە ، بەرەی سەلەفی و هەندێ رێچکەی تر دژی بن و بەلادەر لێی بروانن و بەهەمان شیوەش ئیخوانەکان ، لە رێی رێبەر و مونەزیرەکەیانەوە ، دەڵێت " هەرکەسێک پەیوەندیمان پێوە بکات موسڵمانی تەواوە و هەرکەسێک دژی ئێمە بوەستێت، خۆی مەحکوم کردووە بە کوفر. واتا وەك هەر رێچکەو فرقەیەکی تری ئیسلامی هەر کەس ئەوی تر بە گومرا دەزانێ . ئەگەر بگەرێینەوە سەر فەتواکەی عەلی قەرەداغی ، دەتوانین چەند خاڵێك تاوتێبکەین و چەند پرسیارێكیش بەکراوەیی بهێڵینەوە .
یەکەم / وەك شارەزایانی ئاینی ئاگادارن ، هەر کەسەو لە شوێنی خۆیەوە ناتوانێت ، نەفیر دەربکات وداواکاری بۆ جیهاد بکات بەڵکو رێو شوێنی خۆی هەیەو ئەحکامی شەرعی خۆی هەیە ، بۆیە یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمانان بۆی نییە فەتوای جیهاد دەربکات .
دوو/ دەبێ جیهادکردن لە ژێر ئاڵایەك بێت ، ئەمە بۆ کاتی خۆی راست بوو، کاتێك کە سنور و وولاتەکان دیاری نەکرابوون ، چونکە ئاینێکی سەرتاسەر خەڵکەکەی دەبەستەوەو کۆیانی دەکردەوە و کەسێکی دیاری کراوو نمایندەی رای گشتی دەکرد . بەڵام ئێستا هەر ووڵات و سنور و سەرۆکی خۆی هەیە ، لەگەڵ ئەوەشدا هەر بریارێکی چارەنوس ساز خراپەو چاکەی ووڵاتەکە و دانیشتوانەکەی دەبێ رەچاو باکات یان دەبێ پێشینەی یاسایی ودەستوری هەبێت . هەر بۆیە تەنها مافی ئەو سەرۆکەیە یان دەزگای سەرۆکایەتی یە جاری شەر وئاشتی بدات .
سێ /ئەو کەسەی کە فەتوا دەردەکات دەبێ خۆی لە پێشی شەرکەرانەوە بێت ، نەك جێ نیشینی هوتێلی پێنج ئەستێرەو لەناز ونیعمەتدا بژێت و مناڵی خەڵکی بەکوشت بدات .
چوار/ ئەم یەکێتی یە ، ئاژاوە بۆ ووڵاتانی ناوچەکە دروست دەکات و ئارامی وئاسایشی ووڵاتەکان تێک ئەدات بەو پێ یەی ئاژاوە دەخاتە نێوان هاوڵاتیانی ووڵاتە ئیسلامیەکان لە لایەك و ئیسرائیل لە لایەکی تر کە هەندێکیان رێکەوتن نامەو گرێبەستی ئاشتی لە نێوانیاندا هەیە .
پێنچ/ توانای ئیسرائیل و ئەمەریکاو ووڵاتانی رۆژئاوا کە دەکەونە بەرەیەکەوە لە کاتی پێویست، زۆر لەوە گەورەترە کە شەرکەری ئەم ووڵاتە ئیسلامیانە بە چەکی ئاسایی بەرامبەریان ببنەوە . هەر بۆیە شەرکردن بەرامبەر هێزێکی ئاوا گەورەو خاوەن توانای ئەتۆمی ، تەنها لە روانگەی هەست وسۆزی سادەوەیە کە ناچیتە تای لوژیك وعەقڵەوە.
شەش / یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان کە بنکە سەرەکییەکانی لە تورکیاو قەتەردا هەیە ، دەبوایە پێش هەموو ووڵاتان ئەم دوو ووڵاتە مەبەست بونایە ،کەچی یەکەم دەوڵەت تورکیا دەنگی هەڵبری وشەرنەکردنی هەڵبژارد ، قەتەر تا ئێستا بێدەنگی هەڵبژاردوە .
حەوتەم / چەندین ساڵە شەر نێوان ئیسرائیل و فەلەستین وهەندێ ناوووڵاتی ئیسلامی تر هەیە ، بۆ تائێستا فەتوای جیهادیان نەداوە ، بەڵام کاتێ شەر نزیکی تورکیا بوەوە هەر زوو عەلی قەرەداغی سەر بە ئەردۆغان ، داوای جیهادی کرد . کەواتە مەبەستی سەرەکی ئەم نەفیرە دەربازکردنی تورکیایە لە شەر نەك کوشتاری خەڵکی غەزە .
دەیان خاڵی تر هەن ئەگەر بەووردی تاوتێی بارودۆخی ناوچەکە بکەین دەتوانین دژی بانگەوازی جیهادکردن لە غەزە بیهێنینە دەم باس وخواس ، بەڵام ئەوەی ئێستا پێویستە بۆ ئەم ئان وساتە ، هێورکردنەوەی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەیە نەك فراوانکردنی ئاژاوەو شەرکردن . وەستانی خوێنی خەڵکی بێتاوانە کە لە نێوان درندەیی حەماس وئیسرائیل بونەتە قوربانی . بۆیە پێویستە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتەکان کار وچالاکی ئەم یەکێتی یە مەشبوهەی بە یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان ناسراوە قەدەغە بکەن و نەهێڵن ووڵاتەکانیان بچێتە ئاڵۆزی وئاژاوەیەکی ناپێویست ونەخوازراوەوە. پێویستە لەسەر هەرێمی کوردستان وداواکاری گشتی سکاڵای یاسایی لەسەرعەلی قەرەداغی تۆمار بکەن بەو پێ یەی کە هاوڵاتی هەرێمی کوردستانە ، چونکە هانی هاوڵاتیان دەدات بۆ ئاژاوەگێری وکاری تیرۆریستی و چون بۆ شەرێك دوور ونزیك پەیوەندی بە کوردەوە نییە بەڵکو دەبێتە بەربەستێك لە نێوان دونیای دەرەوەو پاڵپشتی بلۆکی رۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە هەموو کاتێك زیاتر پێویستی پێیەتی، لەکاتێکدا ئەوە مافی یاسایی دەوڵەت ودەسەڵاتدارانی ووڵاتە نەك خەڵکانێك کە بۆ بەرژەوەندی ووڵاتانی دراوسێ کاردەکەن .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























