ئاوێنەی - " كینە ئەم"؟!
22/04/2025, 8:40 (GMT+1)

پێشکەشە بە بزووتنی شارستانەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتماندا
لە وتارێکی ئاوێنەییمدا لە کوردستانپۆستی هێژادا، بەسەرهاتی پاککردنەوەی کتێبخانەکەی خۆم لە کتێبە فارسییەکانم کردووە، کە بە شان و کۆڵ و لە ڕێگای ڕۆشتن بەپێ لە دوو شەوی سەهۆڵبەندانی نیشتمانی کورددا، لە شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتەوە دابوومن بە کۆڵمدا تا گوندی قزلەری بناری پیرەمەگروون لە باشوور بە کۆڵمەوە بوون. بەڵام پاش ماوەیەک و تەواوبوون لە خوێندنەوەیان، بڕیارمدا بیانفرۆشمەوە و هەڕاجیان بکەم، چوونکە هیچم لێ دەستنەکەوتن و تێگەیشتم ماندووبوونەکەم بە زایە چووە و بێ ئەوەی بە خۆم بزانم بە خزمەتکردن، بە زمان و کلتووری یەکێک لە داگیرکەرەکانی نیشتمانە ئازیزەکەمەوە خەریکابووم. بێ ئەوەش هەست بە ناڕەحەتی و دروستبوونی بۆ شاییەک بکەم لە کتێبخانەکەمدا، ڕۆژێک بە یارمەتی قوتابییەکانم، لەبەر دەرگای مزگەوتی گوندەکەدا هەراجمان کردن و لێیان ڕزگاربووم. ئەگەر کاتتان هەبێت بۆ خوێندنەوە و بخوازن، لە چەند وتارمدا باسم لە باری کلتووریی کردووە لە ڕۆژهەڵاتدا.
نیشتمانی ئێمە دابەشکراوە بەسەر چوار دەوڵەتنەتەوەدا، یا درووستر بڵێم، بە دابەشکردنی نیشتمانی ئێمە لەلایەن دەوڵەتانی براوەی دوو جەنگە جیهانییەکەوە، سنووری چەندین دەوڵەت و دەوڵەتۆکەی نوێیان پێڕاستکردەوە، واتە ئێستا، نەتەوەیەکی ڕەسنی ناوچەی زاگرۆس، چوار هێڵی سنووری دەوڵەتنەتەوەی ناڕەسەنی مۆنتاجکراو بەسەر سنگیدا ڕاکێشراوە، کە ئەمەش برای لە برا، خوشکی لە کاک، برازای لە مام و خوشکەزای لە خاڵوان دابڕیوە، وەک گوتراوە مریشکەکان، مەڕەکان، پەپولە و گوڵەکان، هەواکەمان، زنە و کانی و ڕووبار و چەمەکەمان، هەموویان تێکەڵاون و تێکەڵ دەبن، ئەوی بۆی نییە تێکەڵ بێت، مرۆڤی کورد و کوردە.
ئەوانی دی کە سپاسگوزاری ئەم دیارییەن لە ئیمپریالیزی جیهانی، سەرمایەداری جیهانی و شەیتانە گەورەکانەوە بە قەوڵی خۆیان لەناو کتێبە قەبەکانیاندا و دروشمە بۆشەکانیاندا! سەدان ساڵە لە سەر ئەم سنوورە دەستکردانە، مرۆڤی کوردی، مریشکی کوردی، مەڕی کوردی، گوڵی کوردی، هەوای کوردی، زنەوکانی کوردی دەکوژن بۆ پارێزگاریی لەم سنوورانە، تابلۆیەکی چەند خوێناوی، گاڵتەجاڕ، درۆزنانە، نامرۆیانە و ناشارستانییە. ئایا لەناو ئەم سنوورە دەسکرد و مۆناتجکراو و خوێناویانەدا، ڕۆشنبیریی میللەتی زاڵی داسەپا و کاتێک باسی "ئازادی" دەکات مەبەستی چییە؟! کاتێک کتێبێ لەسەر "ئازادی" دەنووسێ، دەیەوێ چی بڵێت؟! چ پەیامێکی هەیە بۆ ئەو مرۆڤانەی کە لە میللەتەکەی ئەو نین و ناچارکراوون لەناو ئەو وڵاتە مۆنتاجکراوەدا بژین؟! ئەی خوێنەری میللەتە نیشتمان داگیرکراوەکە دەبێت هەڵوێستی چی بێت، بەرانبەر کتێبێکی لەو بابەتە؟! ئەگەر بیکڕێت زیانی کردووە یا قازانج دەکات؟! ئەگەر لە کتێبخانەکەیدا هەڵی بگرێت، خەزنەی کتێبەکانی پێ دەوڵەمەند دەبێت، یا وابەستەیی بە کلتوورێکی دییەوە کە هی خۆی نییە و بەسەریدا سەپاوە زیاتر دەکات؟! ئەمانە پرسیاری کرۆکین کە دەبێت خوێنەری نیشتمانە داگیرکراوەکە لە خۆی بپرسێت.
نموونە دێنمەوە لە خۆمانەوە، تۆ دەتوانی وا نەبی، چوونکە هەن لە ئێمە کە وا نین/ نەبوون، نەک هەر وا نین/ نەبوون، بەڵکو بە دۆزینەوەی وشەیەکی فارسی بۆ وشەیەکی فرەنسی لە وەرگێڕانی کتێبێکی جیهانی بەناوبانگدا وەک دۆن کیشۆت، لە خۆشیاندا دەکەونە "هەلەکە سەما" مامۆستای وەرگێڕی فارسی کاک "محەمەدی قازی" تووشی ئەو حاڵەتە سەیرە بووە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا، لە کاتێکدا لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا مامۆستایەکی فەیلەسووفی وەک "پیرەمێرد" چیرۆکی کەمانچەژەن(١) وەردەگێڕێت بۆ کوردی بەو کوردییە شیرین و ناوازەیە کە دەکرێت وەک بەردی بناغەی وەرگێڕانی ڕەوان بۆ وەرگێڕانی کوردیی تەماشابکرێت. پیرەمێرد بەردی بناغەی تەلارێکی نەخشینی دانا بۆ وەرگێڕانی کوردی، کە ناوەرۆکی تەلارسازییەکەی، زمانێکی کوردی واڵایە.... .
کە بۆ ئەم دوو وەرگێڕانە دەڕوانی کە هەردوکیان کورد بوون، بەڵام یەکێکیان شاگەشکە بووە بە وەرگێرانە "فارسی"یەکەی خۆی و ئەوی تریان شانازی بە "زمانی دایکی"یەوە سەری بەرزدەکاتەوە تا کەشکەلانی فەلەک، بۆت دەردەکەوێ، هەڵگرتنی ئایدۆلۆژیایەکی ناڕەسەن چەندە دەتوانێ لە نەتەوەکەی خۆت نامۆت بکات، تا ئەو ڕادەیەی کە بکەویتە خانەی خزمەتکردنەوە بە کلتووری دوژمنی داگیرکەرت!.
ئەو "بالۆرە"یەم بۆ مەڵێرەوە کە پاش ئەوەندە ساڵی داگیرکردن، بۆتە "قالۆرە"، کە بەڵێ ئێمە بە بەڵگەی خزمایەتیمان لەگەڵ لەهجەی(٢) فارسی، لەوان نزیکترین و بناغەی کلتووریمان تێکەڵە و لە تاکوتەرایەکی ڕۆژهەڵاتی(سیاسەتبازەکانیان)م بیستووە، کە ئەو تێگەیشتەی تۆ(واتە من) هۆی ئەوەیە کە من لە دەڤەرە داگیرکراوەکەی بندەستی عەرەبی عێراقیدا ژیاوم و کلتووری تازی کاریگەریی هەبووە لەسەرم. ئەو نموونەیەی سەرەوە کە لە دوو وەرگێڕی کوردم باسکرد، یەکێکیان لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستدا و ئەویتریان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا، وەک وەڵامێکە بۆ ئەو پرسیارەیان کە دەمزانی لە مێشکیاندا دێت و دەچێت، بۆوەی بزانن برینی خەنجەرێک کە لە پشتەوە ڕا لێت دەدەن و برینی خەنجەرێک کە لە پێشەوە ڕا لێت دەدەن، هەردووکیان قەستەسەری تۆیانە، بەڵام ئەوی لە پێشەوە خەنجەرەکەی دەبینی و ئەوی لە پشتەوە ڕا نایبینی و لە زۆر حاڵەتدا بواری لەسەرخۆکردنەوەت لێ دەستێنێ یا لاوازی دەکات. لە ناو ئەدەبیاتی ناو کتێبەکانی فارسیدا، لەو خەنجەرە "مەرام پیسان"ە، لە نێوان دێڕەکانیاندا بە هەزارانن. مەسەلەکە ئەوەیە کە کە تۆ لە نەتەوەکەت نزیکتری یا لەو ئایدیۆلۆژیایەی کە پێت دەڵێت: لە نێوان نەتەوەکاندا سنوور نییە و ئێمە هەموو یەک زمان، یەک ئاین و یەک وڵات کۆمان دەکاتەوە و جیاوازیی سەلیقەمان هەیە، بەڵێ...بەڵێ کوشتنی مرۆڤی بێتاوانی کورد، لە کتێبە فارسییەکاندا دەبێتە، جیاوازیی سەلیقە، کورد دەبێت چاوی بشوات و ئەگەر پیویستی کرد، چاویلکە کوردییەکەی لە چاو بکات، دەنا دنیا وەک ئەوەی کە هەیە، نابینێت و لە کۆتایدا ڕووڕەش دەبێت.
من هیچ ڕیزێکی تایبەتیم نییە و خۆشەویستیم ناجوڵێ بۆ ئەو ماندووبوونەی کە مامۆستا هەژار ماندووبووە لە وەرگێڕانی کتێبی ئیبن سینادا لەو عەرەبییە ڕەقەوە بۆ فارسی، کتێبی یاسا لە پزیشکگەریدا کە هەشت بەرگە و نرخەکەی چوار ملێۆن تمەنە! بەڵام دەستە بەنرخەکانی ماچ دەکەم بۆ ئەو "زمانە کوردی"یەی کە لە وەرگێرانی "قورئان" دا بەکاری بردووە.
گۆرانییە فارسییەکانی کاک "شەهرامی نازری" هیچ هەستم ناجوڵینن، بەڵکو توڕەم دەکەن، کاتێک کە بەبێ مۆڵەتی نەتەوەکە، ئاوازە کوردییەکان لە جەمخانەکانی کوردستانەوە، دەبات بۆساڵۆنی کۆنسێرتە فارسییەکان لە تاران و مۆری میلۆدی و ئاوازی ڕەسەنی فارسی لێدەدەن و ناوێکی لای خۆیان زل! بە خەیاڵ دەبەخشن بە کاک شەهرام، سوڵتای ئاوازی ئێرانی!..... بۆ نا، گیانە؟! بێ ئەوەی شمشێر لەسەر ملت بێت، ئەو گەوهەرانەیان بۆ بەریت، دەبوو پەیکەری ئاڵتوونت بۆ دروست بکەن! بەڵام دڵنیابە کە ئەوان خزمەتکردن بە کلتوورەکەیان بە ئەرکی تۆ دەزانن، " ئەحمەد کایا" بەداخەوە لە دوا ساتەکانی تەمەنیدا بەم ڕاستییە تاڵە گەیشت! ئەمەش گرفتێکی دەروونییە کە ئەوان تووشی بوون و تەشەنەی کردووە بۆ ناو هەندێ کۆڕ و کەسایەتی هونەریی کوردیش، کە پێموایە پیویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە، ئەوان توووشی ئەو نەخۆشییە بوون کە پێیان وایە خزمەتکردن بە کلتووری کوردی دژایەتی کلتووری ئەوانە، ئەم جۆرە نەخۆشیانە تووشی ئەو میللەتە لووت بەرزانە دێن کە لە ڕەسانەیەتی خۆیان، لەسەر ئەو ئاو و خاکە بە گوومانن و دەزانن ڕاستەقینەگەلێکی زۆری میللتەکانی تریان شاردۆتەوە و هەمیشە ئەو وەسوەسەیەیان هەیە کە ڕۆژێک دێت ئەو ڕاستیانە دەردەکەون و " ئیمپراتۆریەتە خەیاڵییەکەی" ئەوان دادەڕمێ، چون بناغەکەی بۆشە، بۆیە بۆ کوردێک لە هەر پلە و مەقام و بەرپرسیارێتییەکدا بێت، یەکەم کورد و دووەم کورد و سێیەم کورد و چوارەم کورد، ڕێگای درووستی ئەوە بۆ خزمەتکردن بە مرۆڤایەتی.
ئەم حاڵەتە لە دوو وێنەدا خۆی نواند:
وێنەی یەکەم: ئەو خرۆشانە نەتەوەییە بوو بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، جەژنی ژیانەوەی ئازادیی کورد، لە نیشتمانی داگیرکراوی کورددا، بەتایبەت لە مەڵبەندی هونەر و کلتووری ڕەسەنی کوردییەوە، واتە لە "ڕۆژهەڵات" ەکەیەوە، ئەو وێنە تەرلان و نازدارەی کچ و لاوی کورد، هاتنی چەژنی ژیانەوەی ئازادییان پێ دەربڕی و پیرۆز کرد، قەڵەمەکانی ئەوانی وشک کرد و سەری ئەوانی گێژکرد و خەیاڵەکانی ئەوانی پووچ کردنەوە، چون ئەوان پێیان وا بوو، مەزەندەیان وا کردبوو کە لە کۆتایدا بەسەر ئەو میللەتەدا سەرکەوتن کە خەو و خۆراکی ئەوانی کردبووە مۆتەکەی ژیانیان. ئەوان لە هەڵوێستی سست، لاوازبوون و قسەی دەم و دووی چەند سەرکردەی سیاسی و حیزبی کوردییەوە کە خۆیان بە ئێرانی دەزانن! بەم ئاکامە گەیشتبوون، بەڵام لەوە تێنەگەیشتبوون کە ئەوانەی ئەوان پێوەرکەیان لەبەر گرتبوو، بە قۆناغ وان لە دوای نەتەوەکەوە، ئەوان بەشێک لە بەرهەمی نەتەوەکەن، کە ڕۆژگارێک زەبری ئەوانیشتان دی بوو!.
بەڵام ئەمەی ئێستا گوڵاڵەی نوێی ڕاپەڕین و خرۆشانی ژنی دلێری کوردە، ئەمە "کۆبانێ"یە لە ڕۆژهەڵات زەماوەندی سەرکەوتن دەگێرێ، ئەمە هەڵمەتەکانی مەتین و ئاڤا شینە، لە ڕۆژهەڵات خۆی دەنوێنێ، ئەمە ژنی کوردە و ژیانی کوردە و ئازادی کوردە، لە ڕۆژهەڵات سترانی "کینە ئەم" دەبێژێ...... کینە ئەم .... کینە ئەم... کینە ئەم....!.
وێنەی دووەم: ئەو بوومەلەرزیە بوو، کە جەژنی ژیانەوەی ئازادیی کورد، تەلاری خەونە هەڵبەستراوەکانی " ڕووناکبیرانی! فارسیان هەژاند و واژۆی چەند کوردی ڕەدووکەوتووشیان لەگەڵدا بوو کە هەستی خۆ بەکەمزانین، نەخۆشییەکەی لێ پیسکردوون، کە جێگای داخە چوونکە کوردن.
مرۆڤ لە هەڵوێستیدا لێی دیاری دەدات کە ئایا پلەی بەر لە مرۆڤبوونی بڕییوە و گەیشتۆتە پلەی "جوامێریی"!!! خۆ نووسینی کتێبی قەبە، درێژیی زمان و هەڵگێرانەوەی مێژووی گەلان، ناتوانن تاسەر ببنە ناسنامەی درۆزنانەی کەسگەلێک، میللەتگەلێک کە هیچ لەباردانەبوونەکەیان تا ساڵانێک باڵۆنی خۆبەزلزانینیانی با تێکردبێ!. مێژوو دوو ڕوودا و تۆمار دەکات، جارێ کە دزییەکە دەکرێت و پەردەی شاردنەوەی بەسەردا دەدرێت، جارێکیش کە ئەو پەردەیە لا دەدات و ڕاستییەکان دەردەخات.
میللەتانیش دوو وێنە لە خۆیان پیشان دەدەن و بارۆمەتری تەندروستییان حاڵی دەروونیان ئاشکرا دەکات. میللەت هەیە وەک "کورد"، چون لە حاڵەتی بەرخۆدان دایە و دڵبەرەکەی ئازادییە، ژنەکانی دەڵیی ئاسکی دەشت ونزارن و تەواری سەر لوتکەکان، بەدەم ژیانەوە ئازادی نیشتمانەکەیان دەلاوێننەوە، پیاوانیشی پڵنگی هەردان و هەڵۆی ئاسمانان. ئەم جۆرە لە میللەتان لەهەموو بزووتن و جوڵەیەکدا " ژیان " دەدۆزنەوە و دەبینن، وریا و پڕ لە وزەی بەرەنگاریین، چوونکە دەیانەوێ ژیان ئاوەدان بکەنەوە، باوەڕیان بە خۆیانە و دۆست و ئاشتن لەگەڵ ژیانێکی ئازاددا لە نیشتمانێکی ئازاددا. وێنەی باری دەروونی ئەو بەشە لە نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵات، ئەم تابلۆیە لە پیشانگای هەستانەوە و گەڕانەوە بەرەو خۆ، پیشانی نەتەوەکەمان و جیهان دەدات.
کەسان و میللەتانیش هەن، کە سترێس و خەمۆکی یەخەی گرتوون و ژیانی هەراسانکردوون، ئەمە لە باری دەروونی ئێلیتە بە ناو ڕووناکبیرەکەیاندا، خۆی دەنوێنێ، ئەوان کە نەیانتوانی بە درێژایی پەنجا ساڵی فەرمانڕانی ڕابوورد و تیۆریی و ئایدیۆلۆجییەکەیان بەراست وەرگێڕن، داوێنگیریی فەرمانڕانییە نوێکەیان بوون، کە باس لە قوڕپیوانی هەزار ساڵ لەمەوبەری بۆ زیندووکردنەوە، ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت: ئەو شەڕەی کە دەیکەیت، ئەگەر بناغەکەی باوەڕی بنجی نەبێت بە ئازادی بە مانا گشتگیرییەکەی، کە هەموو " مرۆڤ" بگرێتەوە، ئەوا لە کۆیلەیی ئایدۆلۆژیایەکەوە، دەبیت بە سوخرەکێشی باوەڕێکی " پووچتر"، جا بۆ دڵدانەوەی خەمە زۆرەکانی خۆت و سوکنایی دان بە دەروونی شیواوت، بەسەر میللەتانی تردا دەڕشێیتەوە و ئاسمانت لێ دەبێتە چەرمی چۆلکە و هەر بزووتنێک، با گۆڤەندێکی ئاسایی زەماوەندی کیژ و لاوێکی کوردیش بێت، تۆ دەخاتە بیری حیلەی ئەسپەکانی دوازدەسوارەی مەریوان و هەلهەلەی سەرکەوتنی شەڕڤانان. بەزەیم بە حاڵی ناجێگیر و باری کەوتووی کلتوورێکدا دێتەوە کە ئێلیتەکانی سەروەری خۆیان لە نیشانەگرتنەوە لە کۆڵبەرێکی کە نەچۆتە و ناچیتە ژێر باری سەرشۆڕکردن بۆ ئەوان، دەدۆزنەوە و ناویان ناوە" پاراستنی ئاسایشی میللی" چ پووچە ئاسایشی میللی خەڵکانێک، کە بە ستران و گۆڤەندێک، کوونە مشکیان لێ دەکاتە قەیسەری!.
پێشنیاز:
یارانی من، گۆڤەندگێڕانی جەژنی ئازادی، سترانبێژانی سەروەریی، کۆیکەنەوە ئەو کتێبانەی، بانگتان دەکەن بۆ سەر سفرەی خوانێکی ژاراویی، تۆ بڕوانە لای ڕاستی خۆت، سمکۆی شکاک، لەولای ترت شکۆی مەلیک، لە قەدپاڵی چیایەکدا گیانی نووستوی سوڵتانی، لەسەر کانییەکی گوندێکی قەراختدا، زمانی تینوی ئارامەکەت، لە باهۆزی گەرمیانتدا بەوری هەڵمەتی ڕیشەکەت، لەسەرەوە قەنارەکەی قازی، لەداوێنی ئاویەرتدا نرکە و هاواری عەلییەکەت، لەناوبەفری کەوتووی سەر ڕیشیدا دڵۆپە خوێنی پیرانت، لە زیندانی ئەڤینتدا گۆرانی ئازادی سەر لێوەکانی زەینەبەکەت، لە لوتکەدا هەڵمەتی گریلای سپای ڕزگاریی کوردستانت، لە ئیمرالی شکۆی کۆکراوەی نەتەوەکەت، تۆ ببینە، ئەم وێنانە لەسەر دیواری ژووری ترساوی سیخوڕخانەی داگیرکەران، هەڵکۆڵراوون، چوونکە ئەوان بە بێگیانیش، لە ناو کۆت و پێوەندیشدا، لە سوڵتانی، زەینەبەکەت، شێخی نووستوی ناو بەفرەکەت، هەلهەلەی سەر زاری گریلاکەت، ڕوانینی پڕ لە شکۆی ڕێبەرەکەت، دەترسن و زارەتەرەکیان دەکات.
کۆی کەنەوە و هەڕاجی کەن، ئەو کتێبانەی پڕ پڕن لە خەنجەری ژاراوی نووستو، هەرزانفرۆشی کەن ئەو نووسینانەی تەفرەتان دەدەن، ڕێگای ڕاستتان لێ ون دەکەن، ناونیشای هەڵەتان بۆ هەڵدەدەن، وریا بن وریا.
وەک کورد دەڵێ: زەرەر لە نیوەش بگەڕێتەوە هەر باشە، بەو نیوە گەڕاوەیە سمینارێک بۆ مامۆستایەک ڕێک بخەن، پێی بڵێن: مامۆستا گیان، وەرە مەردی کورد بە، باسی جوانییە شاردراوەکانی کلتووری کوردمان بۆ بکە، پێمان بڵێ، ئێمە چی بکەین باشە؟!
خۆ پێویست ناکات من بیخەمەوە یادتان، مامۆستا کوردەکانی زانکۆی کوردستان، ئەوانەیان کە من دیومن، مەردی جوامێریی کوردەوارین، نەخشەی ناو دڵیان ڕەنگینە، وەک ڕەنگینی نیشتمان و چاو و باڵا و تێگەشتن و خواستی ئێوە.
ئازیزانم، لە کۆکراوەی کتێبەکانیان، هەرچی ماوە، لە سندوقێکی گەورەی خەن، کیژە هونەرمەندێکی خەتخۆشتان، بە رەنگی کەسک و سوور و زەرد، بە گەورەیی لێی بنووسێ: "هذە بضاعتکم ردت الیکم"..... . لە لای ئێمە، ژنە و ژیانە و ئازادی.
....................
سەرنجەکان/
(١)فەیلەسووفی کورد پیرەمێرد، ئەم چیرۆکەی لە توورکییەوە کردۆتە کوردی، ناوی نووسەرەکەی نەبردووە، بەڵام باسی کردووە کە: تۆفیق ناوێکی خەڵکی کەرکووک ئەم چیرۆکەی لە ئەڵمانییەوە کردووە بە توورکی، ئەوەشی باسکردووە کە هەم وەرگێرە توورکییەکەی کوردە و ناوی تۆفیقە، هەم وەرگێڕە کوردییەکەی کوردە ناوی تۆفیقە، پیرەمێرد ناوی تۆفیق بوو. ئەم کورتە ڕۆمانە، یا چیرۆکە درێژە لە نووسینی نووسەری نەمساویی (Franz Grillparzer) ە کە ناوە ئەڵمانییەکەی ئەمەیە (Der arme Spielmann) ، بە ناونیشانی (The Poor Fiddler) کراوەتە ئینگلیزی، زانیارییەکە لە ویکیپیدیای کوردی وەرمگرتووە، من ئەو کاتەی لە گوندی قزلەر مامۆستا بووم ئەم چیرۆکەم بەو زمانە کوردییە نایاب و شیرینە خوێندۆتەوە، بەڵام ئەو زانیارییە وردانەم لە یاد نەمابوو، بەڵام لە یادمە مامۆستا مەلا عومەری کوردستانپەروەر کە مەلای دێکە بوو یادی بەخێر، زۆر جار باسی ئەوەی بۆ دەکردم، کە کوڕە گەورەکەی، چەند جار ئەم چیرۆکەی خوێندۆتەوە و کاریگەری ئەو چیرۆکەی لەسەر بووە بۆیە یاخی بووە، دایکی دەیویست ژن بۆ کوڕەکەی بێنێ و ئەو ملی بەم خواستەی دایکی نەدەدا و پێیان وابوو کە کاریگەریی ئەو چیرۆکەی لەسەر بووە، ڕەنگە واش بووبێت، هەندێ ڕەفتاری ئەو برا شیرینە، لە پاڵەوانی ناو چیرۆکەکە دەچوو!.
(٢)بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد، لە وەڵامی پرسیارێکی گۆڤاری سروەدا دەڵێت: " فارسی لەهجە ڕەسمییەکەی زمانی کوردییە"، وتەی مامۆستا بۆ من بەڵگەیە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























