<

لێگەرین با هاوسەرەكان خۆیان ئەزموونی ژیانیان بكەن

27/04/2025, 8:33 (GMT+1)
سەرەتای هاوسەرگیری كچان و كوڕان وەك ئەوەی لاوەكان چاوەڕوانی دەكەن بە زۆری وا دەرناچێت، بەڵكو بە پێچەوانەی خەیاڵی لاوەكانەوە كێشە و گرفتی زۆر دێتە ئاراوە چ بە هۆی ئەوەی لە كۆمەڵگاكانی هاوشێوەی كوردستاندا كچان و كوڕان ئەزموونی پێكەوە ژیان كردنیان نیە ئەوەی هەشبێت تەنها هاوڕێتی و هاوپیشەیی یان خزمایەتییە، هەربۆیە بە زۆری سەرەتای پرۆسەی هاوسەرگیری رووبەڕووی دەیان كێشەو گرفت و بەریەك كەوتنی خووە جیاوازەكان دەبنەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات هێواش هێواش ئەم پێكەوە نەگونجاندنە ئاسایی تر دەبێتەوە، هەردوولا ئەزموونی پێكەوە ژیان و هەڵكردن لە گەڵ یەكتر و تا ئاستێك قەبووڵكردنی جیاوازیەكانی یەكتر فێر دەبن، ئەمە ئەگەر بێتوو تەنها خودی خۆیان گفتوگۆ بكەن لە گەڵ یەكتر یان ئەگەریش پێویستی كرد پەنا ببەنە كەسانی پسپۆر یان خزم و كەسی باش و شارەزا و دڵسۆز.
 كۆمەڵگای كوردستان بە هۆی بوونی پەیوەندی خێزانی بەهێزەوە بە داخەوە ئەم خاڵە باشەی كۆمەڵگا لەبری ئەوەی سوودی لێببنرێت بۆ هاوكاری و یارمەتی دانی ئەو كچ و كوڕانەی كە تازە رۆشتوونەتە نێو پرۆسەی هاوسەرگیریەوە، كەچی بە پێچەوانەوە زۆربەی كێشە و گرفتەكانی نێوان هاوسەران بە تایبەتی ئەوانەی كە سەرەتای هاوسەرگیریانە لە لایەن كەسوكارەوە گەورەتر دەكرێت.
 دووكەس هەریەكەی لە خێزانێكی جیاوازەوە هاتووە زۆرجار جیاوازی گەورەیانە هەیە لە زۆر بواردا كەچی بەداخەوە كاتێك كێشەیەك یان لێك تێنەگەیشتنێك دێتە ئاراوە باوك و دایك، خوشك و برا تەنانەت مام و خاڵ و كەس و كاری تریش بە هۆی پشتگیریان لە لایەك دژ بە لاكەی تر یان بە قسەی خۆیان لە دڵسۆزیان بۆ كچەكەیان یان كوڕەكەیان نە كێشەكە چارەسەر ناكەن بەڵكو بە شێوەیەك كێشەكە گەورە دەكەنەوە ئەگەر نەگات بە جیابوونەوەی ئەو ژن و پیاوە ئەوە بە دڵنیای پەیوەندی هاوسەرگیریەكە هەرگیز وەك پێشتری لێنایەتەوە و كەس وكاری هەردوولای هەرگیز پەیوەندیەكەیان ئاسایی نابێتەوە ، لەوە خراپتر و كارەسات تر ئەوەیە كە بگات بە هەرەشە و شەر لە نێوان بنەماڵەی هەردوولا.
 لە كۆمەڵگای باشوری كوردستان وای لێهاتوو مانگانە و تەنانەت هەفتانە گوێمان لە هەواڵی جیابوونەوە و كێشە و شەڕ و تەنانەت كوشتن دەبێت، یەكێك لەورووداوە زۆر ناخۆشەی ئەم ماوەیە بۆیان گێرامەوە لە لایەن بەڕێزێكەوە بەناوی (گۆران جوسە سدیق) كە لە بەریتانیا گەڕابووەوە بۆ كوردستان و رووداوەكە بە سەر هاوڕێیەكیدا هاتووبوو بە ناوی (م. ح. ئ )رووداوەكەش بەم شێوەیە بووە: (م. ح. ئ ) كوڕێكی كاسب بوو لە یەكێك لە چێشتخانەكانی سەهۆڵەكەی شاری سلێمانی كاری دەكرد، ئەم لاوە بە خواستی هەردوولا هاسەرگیری لە گەڵ كچێك دەكات بەناوی (ش.ن.ف)لە ساڵی(2014)بە رەزامەندی هەموو لایەك بەڵام ئەوەی گرفتێكی گەورە بوو بۆ (م. ح. ئ ) جیاوازی چینایەتی خۆی و كچەكەبوو، كوڕە هەژار بوو كەسێكی كرێكار و زەحمەتكێش بوو بەڵام(ش .ن.ف) هاوسەری كچی ماڵێكی دەوڵەمەند بوو، ئەگەر چی ئەم كچ و كوڕە زۆر پێكەوە دەگونجان لە سەرەتاوە و بێ كێشە بوون بەڵام لە بەر ئەوەی دایك و باوكی ئەم كچە هەر لە سەرەتاوە ئاسوودە نەبوون بەم پرۆسەیە بەتایبەتی دایكی كچەكە بە بەردەوامی لە گۆێی ئەم كچە دەخوێنیت و تەنانەت لە پێش چاوی (م. ح. ئ ) دەیان جار باسی جیاوازی چینایەتیانی دەكرد، بەشێوەیەك كار بەوە دەگات ئەو كوڕە ئیتر ناتوانێت بەرگەی ئەو هەموو سوكایەتیە بگرێت بۆیە شەر و دەمەقاڵێ دروست دەبێت لە گەڵ دایكی هاوسەرەكەیدا ئەم كێشەیە بە شێوەیەك گەورە دەبێتەوە (ش.ن.ف) دەبەنەوە بۆ ماڵی باوكی ئیتر رازی نابن پێكەوە بژین، بەڵام (م. ح. ئ ) بە هیچ شێوەیەك رازی نابێت لە هاوسەرەكەی جیاببێتەوە، ئەم كێشەیە بەردەوام بوو هەتا ساڵی (2015) تا كار بەوە گەشت خاڵی ئەم كچە بەناوی(ر.م. ئ) چەكدارە لە لای بەرپرسێكی پلەبەرز چەندین جار هەڕشەی كوشتن دەكات لەو كوڕە، پێی دەڵێت ئەگەر لە خوشكەزاكەم جیانەبیتەوە دەتكوژم، رۆژێك (ر.م. ئ) هەڵدەكوتێتە سەر ئەو چێشتخانەیەی كە (م. ح. ئ ) كاری تێدا دەكرد بە مەبەستی رفاندن و رەنگە كوشتنی، خۆشبەختانە خاوەنی چێشتخانەكە(س.ئ)و ئیستافی چێشتخانەكە هەر چۆنێك بێت رزگاری دەكەن ناهێڵن بەردەست چەكدارەكان بكەوێت و هەڵ دێت، ئیتر لەو رۆژە بەدواوە(م. ح. ئ ) دەست هەڵدەگرێت لە كارەكەی وبەناچاری كوردستان بەجێدەهێڵێت وگۆچ دەكات بۆ دەرەوەی كوردستان و ئێستا لەبەریتانیا دەژێت.
 ئەمەی بە سەر (م. ح. ئ ) دا هاتووە نموونەیەكە لە سەدان نموونەی تر كە بەداخەوە بە بەردەوامی دووبارە دەبێتەوە.
 هیوادارم هەموومان هەر یەكەو لە لای خۆیەوە كار بكەین بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا سەبارەت بەوەی هەوڵ نەدەن دەست تێوەردان بكەن لە ژیانی كچ و كوڕەكانیان ئەگەریش كێشە و گرفتێكیان هەبوو هەوڵ بدەن بۆیان چارەسەر بكەن نەك بە پێچەوانەوە دایك و باوك و كەس كار خۆیان ببن بە هوكاری كێشە و گرفت بو كچ و كوڕەكانیان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان