لە یادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا ، بیرێک لەدامەزراندنی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی نیشتیمانی ڕاستەقینە بکەنەوە
29/04/2025, 15:02 (GMT+1)
بۆزانیاری خوێنەری ورد ، جاسوسیکردن بەسەر دەستەی نوسەران و نەبوونی ئازادی هۆکاری دەربەدەربوون و لەکارخستنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردستان بوو !
لەدوای داخستنی یەکەم ( ڕۆژنامەی کوردستان ) لە ساڵی ١٩٠٢ ەوە تا ئێستا ڕۆژنامەیەکی ( بیستراو، بینراو، خوێنراو یان ئەلیکترۆن) ی نیشتیمانی ڕاستەقینەمان نیە تا هاوڵاتیانی ناوخۆ و لێکۆڵەر و چاودێرەکانی دەرەوەی وڵات ڕۆژانە پشتی پێ ببەستن و بیکەنە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاریەکانیان !
هیچ زیادەڕەوی نیە گەر بڵێین هچ کاتێک وەک ئێستا دۆخی ڕۆژنامەگەری لەسایەی حیزب و سیستمی تاکڕەوی دەسەڵاتی کوردیدا ئاوا فەوزا و کۆڵەوار نەبووە، شانبەشانی ژیانە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و ژینگەیی و ئەمنیە شێواوەکەی خەڵک ئەڕوات .
زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامە و کەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆ و مایک بەدەست و پەیجی سێبەری مشەخۆری سەربودجەی گشتیمان هەیە کە ئاو ئەکەنە ئاشی حیزب و بنەماڵەکان و دژی پڕەنسیپ و بەرژەوەندیە گشتیەکانی هاوڵاتیانن . هیچ ڕۆڵێکیان لەبەرەو پێشچوونی هۆشیاری و گەیاندنی قەزیە نیشتیمانیەکان بەتاکی کوردی و نەوەی نوێ نیە، جگە لە ستایشی حیزب و کەسایەتیەکان و دروستکردنی بت نەبێت !
لەکاتێکدا کاری ڕۆژنامەگەری دەرخستنی حەقیقەت و بنکۆڵکردنی ڕووداو و دروستکردنی هۆشیاری و گەیاندنی هەواڵ و چ بەهاوڵاتی چ بە کاربەدەستانی سەرەوە بەئومێدی قسەلەسەرکردن و چارەسەرکردن و بەرەوپێشبردنی کار و ژیانی خەڵک .
کەچی ئەوەی ئێمە ئەیبینین لە ئێستادا ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە ، ئەوان خودی خۆیان بەڵاکەن! کاربەدەستانی سەرەوە هەریەکەیان خاوەنی دەزگای ڕاگەیاندنی زەبەلاحی تایبەت بە خۆیان و نەوە و نەوەی نەوەکانیانن کە تەنها بۆ خزمەتی خۆیان و زۆرجار بۆ خزمەتی ئەجێندای دوژمنکارانەی دەرەکیش بەکاریان دەهێنن بۆ زیاتر شوێنپێ قائیمکردنی خۆیان لەناوخۆ و جوانکردنی سیمای ناشیرینیان لەدەرەوە !
ئەو شوێنگۆڕکێ و جاسوسی و تەنگ و چەڵەمەخستنەبەردەم کاری ڕۆژنامەگەری کوردی لە سەردەمی عوسمانیەکان و ١٢٧ ساڵ لەمەوبەر و لەچوار ساڵی تەمەنیدا ( ١٨٩٨-١٩٠٢) تا ئێستاش بەردەوامی هەیە ، ئەگەر پێشتر ئەم کێشانە بەبیانووی خودی ناوەکەی ( ڕۆژنامەی کوردستان ) و ناوەڕۆکی ئەوباسە سیاسی و ئابووری و ژیاریانەوە بووبێت کە دەستەی دامەزرێنەر و سەرنوسەر و نوسەرانی ئەو ڕۆژنامەیە تیایدا باسیان کردووە تا هۆشیاریەکی باڵا لەلای هاوڵاتیان دروست نەبێت و نەخەمڵێ، لە ئێستادا دەسەڵاتی حیزبی کوردی لەژێر ناوی نیشتیمانپەروەری و دروستنەبوونی مەترسی بۆ سەر قەوارەی ئەمنی هەرێم ، ڕێگری لە دروستبوونی دامەزراوەیەکی ڕاگەیاندنی تەواو ئازاد و نیشتیمانی ئەکەن .
هەوڵی بێدەنگکردنی ئەو مێدیایانەش ئەدەن کە کەلەژێر هیچ فشارێک دا ناگەڕێنەوە بۆ ئەوان و توانای دەستبەسەراگرتنیان نیە .
لە دەسەڵاتی عوسمانیەوە بۆ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بەس ناو و سەردەم گۆڕاوە وەگەرنا هەمان ئامانج و هەمان ناوەرۆک و کاری هاوبەشیان جێبەجێکردووە بەئاگایی بێت یان نا ، ئەویش مانەوەی زیاتری خۆیان و کپکردنی زیاتری دەنگی ئازاد و ووشک کردنی بیرکردنەوەی خەڵکە .
هەرلەبەر ئەوەشە کە هەرگیزاو هەرگیز نایبینی لەژێردەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دا حکومەتێکی نیشتیمانی ، سەرکردەیەکی نیشتیمانی ، هێزێکی نیشتیمانی، دادگایەکی نیشتیمانی و دەسەڵاتێکی ڕاگەیاندنی نیشتیمانی دابمەزرێت ، چونکە دامەزراندنی ئەمانە واتە توانەوەی پارتی و یەکێتی و کۆتایی هاتنی بەرژەوەندیە تایبەتەکانیان ، کەواتە بێگومان ئەوانیش ڕێگە بە کوشتنی خۆیان نادەن!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























