<

رۆڵی خێڵ لە هێشتنەوەی دەسەڵاتدا

05/05/2025, 19:02 (GMT+1)
یەکێک لە هۆکار و کۆڵەکەکانی مانەوەی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵە خاوەن پێگەکان بوون کە لەڕێگەیانەوە دەسەڵات درێژەی بە حوکمی خۆی داوە.
زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای خێڵ یان بنەماڵەیی دامەزراون کە تێیدا بنەماڵەیەک لەناو بنەماڵەکەشدا خێزانێک جومگەکانی سیاسەست و سەربازی و ئابووری کۆنترۆڵ دەکات. لە راستیدا لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا دەسەڵات هی تاکە کەسێکە کە لەژێر چەتری حزبێکدا شەرعیەت بە مانەوەی دەسەڵاتی خۆی دەدات و واشدەکات کە دوای خۆی دەسەڵات بۆ کوڕ و نەوەکانی مسۆگەر بێت.
بەشێک لە هۆکاری ئەم دۆخە ئەوەیە لە مێژووی کورددا ململانێی چینایەتی رووینەداوە و کۆمەڵگە هێشتا خێڵ و عەشیرەتەکەی بۆی گرنگترە لە ماف و ئازادی و دیموکراسی.
لە هەرێمی کوردستاندا ستراتیژی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بەجۆرێک داڕێژراوە کە  كار بۆ مانەوەی خێڵ و عەشیرەتگەرایی دەکەن  کە لەڕێگەیەوە حیزب بووەتە ماڵێك بۆ كۆكردنەوەی ئەندامانی خێڵ و پاڵپشتی حزب لەکاتی هەڵبژاردندا.
هەردوو حزبی دەسەڵات زۆرجار پیاوکوژێک داڵدە دەدەن لەبەرئەوەی سەر بە فڵان خێڵە، رێگە بە گەندەڵی و کاری نایاسایی فڵان سەرۆک خێڵ و فیسار بازرگان دەدەن لەبەرئەوەی دەزانن لە رۆژی هەڵبژاردن و دەنگداندا پێویستیان بەوە دەبێ دەنگی ئەو خێڵە بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. هەرگیز ئەو دیمەنەم بیرناچێت کە رۆژێک دایکی گەنجێکی کوژراو لە هەولێر قسەی بۆ میدیاکان دەکرد و گوتی 'بکوژەکە دەڵێت لەلایەن زراریەکانەوە پاڵپشتی دەکرێم بۆیە هیچم لەدەست نایەت'، ئەمە مانای ئەوەیە ئەگەر کەسێک لەلایەن خێڵ یان عەشیرەت و تیرەیەکەوە پشتگیری بکرێت دەتوانێ کاری نایاسایی بکات و حکومەت و دەسەڵاتیش چاوپۆشی لێدەکەن.
كورد وەكو كۆمەڵگایەكی ڕۆژهەڵاتی نەیتوانیوە لەكۆنەستی خۆیدا سیستەمی خێڵ تێپەڕێنێت  پەیوەندییەكانی خوێن‌ و خزمایەتی رەنگدانەوەیان هەیە لەسەر ژیانی سیاسی ، کە ئەمەش وایکردووە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ژیانی مۆدێرن نەیەنەدی.
هەربۆیە ئەگەر ١٠٠ ساڵی رابردوو کورد خەباتی رزگاری نەتەوەیی کردبێت و هەوڵیدابێت دەوڵەت دروستبکات، کە بەداخەوە سەرکەوتوو نەبووە، بە بۆچوونی من لەئێستادا گرنگە خەباتی چینایەتی دەستپێبکات، لانیکەم لە هەرێمی کوردستاندا، بۆ ئەوەی جیاوازی چینایەتی نەهێڵرێت و حزب و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان لەڕێگەی پشتیوانی بەشێکی کەم لە خێڵ و عەشیرەتەکان کۆنترۆڵی تەواوی کۆمەڵگە نەکەن. 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان