<

٣٤ ساڵە هەمان قون و هەمان کورسی

05/05/2025, 16:14 (GMT+1)
ئەو دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان لە دوژمنێکی بیانی زێتر ئازاری خەڵک دەدات و لە داگیرکەرێک پتر سەروەتە نیشتمانیەکەمان تاڵان دەکات.
داگیرکەر هەرچەندە داگیرکەریش بێت، بەڵام ناچارە هەندێ ڕێسا و یاسای نێودەوڵەتی پەیڕەو بکات، داگیرکەر سەروەت دەدزێ بەڵام هەر بۆ سومعە و ناوبانگی خۆیشی بێت شتێکی تێدا دەهێڵێتەوە، بۆ نموونە بەلانی کەم خەڵک تا ئەو ئاستە برسی ناکات و ڕاستەوخۆ قووتی ڕۆژانەی ماڵ و منداڵیان زەوت ناکات، ئەوەی دەسەڵاتەکەی پارتی و یەکێتی دەیکات، کەم لە دیکتاتۆرەکان کردوویانە.
دیکتاتۆرەکان بۆ بەردەوامی دەسەڵاتەکانیان یاسا و دەستووری وڵات بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان دادەڕێژن و پێکیدێنن، کەچی دەسەڵاتە بێ منەت و هیچ و پووچەکەی هەرێمی کوردستان، ۳٤ ساڵە لە دژی ئەوەیە دەستوورێک بۆ هەرێم داڕێژێت، حەز و ئارەزووی  سەرۆک بنەماڵەکانی دەسەڵات بۆتە ئالتەرناتیفی دەستوور .
لە هەرێمی کوردستان هێشتا یاسای سەردەمی ڕژێمی بەعس هەیە، ئەگەرچی چەند بەندێک یان چەند ماددەیەک گۆڕدراشبێت ئەوا بەشێوەیەک دەستکاری کراوە کە زیانی بۆ هەردوو حزب نەبێت.
جا خۆزیا یاساکانی ڕژێمی پێشووشیان جێبەجێکردبایە، ئاخر ئەو دەسەڵاتە یاساش ناناسێت لە جیاتی یاسا بڕیاری حزب و بنەماڵە پەیڕەو دەکرێت.
بۆ نموونە یاسا ڕێگە نادات زەوی کشتوکاڵی بکرێت بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون یان ناوچەی پیشەسازی، تەنانەت ئەگەر بۆ بەرژەوەندی گشتیش بێت، مەگەر زۆر زۆر دەگمەن و ناچاری بێت ئەگینا قەدەغەیەکی کۆنکرێتی لەسەرە.
ئەی دەسەڵاتی جووت بنەماڵە لە کوردستان چیدەکەن، بەڵێ ئەوان نەک زەوی کشتوکاڵیان بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکارنەهێناوە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەکانیان و ڕازیکردنی وڵاتانی دەرەکی بەکارهێناوە، ئەو کارەی بە نا حکوومەتی هەرێم دەیکات، خیانەتە لە خەڵک و خاک، دژی هەموو بنەمایەکی نیشتمانی و مرۆڤایەتییە.
پارتی و یەکێتی لەوەتەی هەن کە ناکۆک و ناتەبابن خوێنی خەڵک دەخۆن(شەڕە ناوخۆییەکانیان)، کە تەبا و کۆکیشبن ئەوا قووتی خەڵک دەخۆن.
دوای ئەو ماوە زۆرەی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هێشتا حکومەت پێکناهێنن(هەرچەندە کارتۆنیشە)، باشە ناکۆکیەکانیان لەسەر چییە؟ دەڵێن پۆستە حکومیەکانە، ئێ پۆستی حکومیان بۆ دوو مەبەستە، یەکەمیان بۆ کورسی و دووەمیان وەک ئامرازێکی تاڵانکردنی زیاتر.
پارتی هەوڵدەدات وەک حکومەتەکانی پێشوو خۆی میرکوڕ بێت و یەکێتیش هەوڵدەدات کورسیە شکاوەکەی خۆی ڕاستبکاتەوە و لە تاڵانیەکەش شتێکی زیاتر لە جارانی بەرکەوێت.
ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەپێناوی خزمەتکردنی خەڵکی هەرێم نییە، لەسەر سەروەری جوگرافیا و سنوورە داگیرکراوەکانیش نییە، ئەوان دواجار یەکتر ڕازیدەکەن و ئەوانەش کە بەدوایان کەوتوون و شەڕیان بۆدەکەن، ڕووزەرد و زمان کورت دەردەچن.
ڕەنگە پێکنەهێنانی حکومەت بە مەبەستیش بێت و بیانەوێت بیخەنە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عراق، ئاخر ئەو دوو لایەنە  ئەوەندە چاوچنۆک و بەرژەوەندخوازن، دەیانەوێت مەزادی ڕێکەوتنەکەیان بە تێکەڵکردن و دابەشکردنی پۆستەکانی هەولێر و بەغدایان تێکەڵ بکەن.
ئەوان هەرچییەک بکەن و چ تێکەولێکەیەکیش بکەن، ئەوا خەڵک بەگشی باشیانی ناسیوون.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان