دەردە دڵی هەولێریەک
05/05/2025, 15:22 (GMT+1)

کە سەیری بارودۆخی گەنجانی دونیا دەکەم و لەگەڵ گەنجانی خۆمان بەراوردی دەکەم ، گریانم دێ . بڕۆن سەیری تیکتۆک و یوتیوب و کەناڵەکانی راگەیاندنی دونیا بکەن ببینن گەنجی وڵاتانی دونیا چۆن دەژین و گەنجی ئێمەش لەکام دەریا و دارستان و جەنگەڵی دونیا گیان لەدەست دەدا ؟!. ئێمە میللەتەکین لەهەموو میللەتانی دونیا زیاتر قوربانیمان داوە ، هەزاران ساڵە بێ دەوڵەتین ، دەیان ساڵە لەشۆڕش و تێکۆشانداین ، ئەنفال و کیمیاباران کراین ، تەهجیرو تەعریب کراین ، لەکۆتایی تەمەنمان حوکمەتەکی سەربەخۆمان دامەزراند ، لەبری ئەوەی هەرێمەکەمان بکرایە بەهەشتی سەرزەمین ، بوو بە دۆزەخەک هەموومانی سووتاند !.
کورد خەباتی لۆ ئەوەی کرد ، دوای زیاتر لە هەشتا ساڵ لەحوکمی یەک بەدوای یەکی رژێمە داگییرکەرەکان ، رژێمەک دامەزرێنین کە لەوان زاڵمتر وستەمکارتر بی ؟!. خەباتمان لۆ ئەوەی کرد داگییرکەری عەرەب بگۆرین بە داگییرکاری تورک وعەجەم ؟!. خەباتمان لۆ ئەوەی کرد ، موستەشاروئەنفالچییەکان داڵدە بدەین و ، پێشمەرگەی دێرین لەژێر پێیان پان بکەینەوە ؟! . لۆ ئەوە خەباتمان کرد منداڵی موستەشار و بەعسییەکان لەباوەش بگرین ، ومنداڵی شەهیدانمان ببنە خۆراکی ماسییەکانی دەریای ئیجە ؟!.
خەباتمان لۆ ئەوەی کرد سەروەتو سامانی میللەتەکەمان تەسلیمی دەستی رژێمە داگییرکەرەکان بکەین ، خۆشمان نەتوانین موچەیەکی شایسستە بە فەرمانبەرو خانەنشینانمان بدەین ؟!. خەباتمان لۆ ئەوەی کرد کوڕو نەوەی شێخەکانمان دەیان مەلهاو دیسکۆو مەساجخانە لەشارەکانمان بکەنەوەو گەنجەکانمان فێری مادەی هۆشبەر و ئاڵودەبوون بکەن ؟!.خەباتمان لۆ ئەوەی کرد گەڕەکە دێرینەکانمان خاپوور بکرێن و گوندی ئەڵمانی وئیتالێ و ئیسپانی و گەڕەکی وەزیران دروست جێیان بگرێتەوە ؟!.خەباتمان لۆ ئەوەی کرد کەرتی پەروەردە وێرانبکرێ ، تەندروستی کاوڵبکرێ ، خەستەخانەو زانکۆی ئەهلی بێ ناوەڕۆک لە جێگایان بکرێتەوە ؟!.
خەباتمان لۆ ئەوەی کرد زیندانەکانی بەعس برووخێنین ، دەیان زیندانی زۆر لەوان ترسناکتر دامەزرێنین ؟!.خەباتمان لۆ ئەوەی کرد ، خەرکی برسی وڵاتەکەمان نەوێرن بێنە سەر شەقام داوای مافی مووچە بکەن ، مامۆستامان بەر شەق بدرێ ، گەنجەکانمان لەسەر خۆپیشاندانو وکۆمینت نووسین بدرێنە دادگاو بە ساڵان حوکم بدرێن ؟!.خەباتمان لەدژی تەعریب وتەهجیری بەعس کرد ، ئێستا بە دەستی خۆمان وڵاتەکەی خۆمان تەعریب کردیە بە فرۆشتنی خاکەکەی بە عەرەبی هاوردە ؟!.
خەباتمان لۆ ئەوەی کرد مەزڵومیەتی میللەتەکەمان بگەینینە دونیای دەرەوە ، ئێستا ناشرینترین لاپەڕەکانی راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ باسی زوڵمو زۆرداری دەسەڵاتەکەی خۆمانە دژ بە مافی مرۆڤی کورد ؟!.
خەباتمان لۆ ئەوەی کرد ، خزمەتگوزاری ئاوو کارەبا لۆ خەرکی خۆمان دابینبکەین ، ئێستا ئاوو کارەبا تەنها لۆ مەزرەعەی بەرپرسەکانە و فەقیر توانای بەکارهێنانی نیە؟! خەباتمان لۆ خۆشگوزەرانی میللەتمان کرد ، ئێستا میللەت لەناخۆشترین رۆژگاریدایەو ، مەسئولەکانیشمان لەو پەرێ خۆشی ژیان ؟!.
بەرەو وەرزی هاوین دەرۆی و شوورەییە دەسەڵاتەک نەتوانی ئاوی خواردنەوە لۆ میللەتەکەی دابینبکاو ژنانی گەڕەک بێنە سەر شەقام خۆپیشاندان دژی بێ ئاوی بکەن ! .
کارەساتە دەسەڵاتەک ئەو هەموو قوربانییەی میللەتەکەی خۆی لەبیر بباتەوە ، تەنها خەمی مانەوەی کورسیەکەی بێ. شوورەییە دەسەڵاتەک ئەوەندە لەبەر چاوی میللەتەکەی ناشرین بی بە تەزویرو ساختەچییەتی خۆی بکاتە نوێنەری خەڵکو بە دەنگی موستەشارو سەرۆک عەشییرەت و کۆیلەو ماستاوچی وهیچوپووچەکانەوە لەسەر دەسەڵات بەردەوام بیتن ! زۆر عەیبە دەسەڵاتەکی کوردی خۆماڵی ئەوەندە ناشرین بی خەڵک تەمەننا بکا بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی شۆفینیزمە عەرەبەکانی بەغدا ! شوورەییە دەسەڵات نوسەرو رۆژنامەنوس زیندانی بکا لەسەر گۆتنی قسەی حەق و بەرگریکردن لەمیللەتەکەی ! زۆر عەیبە دەسەڵاتەک خۆی بە کورد بزانی ، نۆکەری تورک وعەجەم بی و چاوساغیان لۆ بکاتن ! ریسواییە دەبابەو دڕۆنی دوژمنی میللەتەکەت بینیە سەر برایەکانت و شانازی بە خیانەتەوە بکەیت !.
ئەوانەمان هەمووی بە چاوی خۆمان دیت ، خەمبارو خەفەتبارم کە ئەو بارودۆخەی میللەتەکەم دەبینم کە شایەنی ئەو هەموو زوڵمو ستەمەکارییە نەبوون ، چونکی میللەتەکی خەباتکارو قوربانیدەر بوو ، بەڵام بەداخەوە رێز لەو خەباتو تێکۆشانەی نەگیرا.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان


























