<

بانگەواز بۆ خەڵکی کوردستان

05/05/2025, 19:38 (GMT+1)
​ئایا باشتر نیە ناڕەزایەتیەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بگوازینەوە سەر شەقامەکان؟
بەڕێزان تکایە ، تکایە ، جنێو دان و قسەی سوک لە مرۆڤی مەرد و بوێر و ڕاستگۆ ناوەشێتەوە، تکایە واز بێنن لەم جۆرە لە هەڵوێست وەرگرتن و وەرن با لە دەرەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ناڕەزایەتیەکانمان ڕێکخەین و لە شەقام و کوچە و کۆڵانەکانی نێو شارەوە ڕاپەڕین و سلێمانی بکەینەوە بە سلێمانیەکەی جاران! حەیف و خەسار ئەم شارە جوانە ئاوای لێ بەسەرهات! حەیف و خەسار بۆ ڕێکخستنەکانی ناو شاری سلێمانی کە بە دەیان و سەدانیان گیانی خۆیان بەخت کرد لە پێناوی بەرزڕاگرتنی سەری بەرزی خەڵکی سلێمانی و تۆڵە کردنەوە لەو بەعسی و جاشانەی کە ڕۆژ نەبو تەعدا لە شارەکە و لە خەڵکەکەی نەکەن هەروەک لە هەمو شارەکانی تری باشوری کوردستان و هاوشێوەی داگیرکارەکانی تری کوردستان کە لە سەرتاسەری کوردستان هەمیشە ئەنجامی دەدەن، ئەوی ڕۆژێ گەنجانی شۆڕشگێڕی سلێمانی دەرسێکیان بە بەعسیەکان دادا کە هەتا ئەو ڕۆژەی لەناوچون ببوە گرێ سەخت و خوێناویەکەی سەر دڵیان و هەر بەو گرێیەوە هەمویان سەریان نایەوە!
ئەرێ ئێوەش پێتان سەیر نیە ئەم شارە جوانە! بەو مێژووە پڕ شانازیە و بەو هەمو سەروەریەی کە لە سەردەمی داگیرکارە جیاوازەکانی کوردستاندا تۆماریان کردوە ئاوا ئێستا لە سایەی دەستە و تاقمێک لە نێو ئەم حیزبە بەناو کوردیانە و بە تایبەتیش یەکێتی نیشتمانی کە دەستی گرتوە بەسەر خێر و بێری ئەم شارەدا ئاوا زەلیل و کەساس و سەرکز و بێ دەنگ و بێ هەڵوێست و دەستەمۆ بوە! ئەمە کەی شاری سلێمانیە؟! سلێمانی پێش ئەوەی کاک نەوشیروان لە یەکێتی بێتە دەر و بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەنێ بە گەنج و پیر و ئەندامانی نێو حیزبەکان و بێ لایەنەکانەوە تەنگیان بە یەکێتی و پارتیش هەڵچنیبو ئەی کوان ئەو مرۆڤە مەرد و ئازایانە بۆ ئاوا کەوتونەتە ئەم بێ دەنگیە قوڵەوە؟! کەی لەم خەوە قوڵە بێدار دەبنەوە! ئایا ڕەوشی سلێمانی لەوە خراپتر ئەبێت؟! تاکەی دەنگ ناکەن؟! دەبێت یەکێتی باش بزانێت هەر سەروەریەک کە ئەو حیزبە شانازی پێوە دەکات موڵکی خەڵکی شارەکەیە و یەکێتی ناتوانێت خۆی بکات بە خاوەنی مێژووی شۆڕشگێری ئەم شارە! کاتێک ئەم شارە لە سوپای عەجەم و ئالی عوسمان دەهاتە دەست! یەکێتی تەنها بە مانا مەجازیەکەی مانادار بو کە خۆی لە یەکبون و یەکگرتنی سەرجەم خەڵکی شارەکە دەبینی دژ بە نۆکەران و خۆفرۆشان و هەڵپەرستان و دوژمنان ..
کاتێک خەڵکی شار لە بەردەرکی سەرا و کۆڵانەکانی سلێمانی داستانیان دژ بە سوپای ئینگلیز دەنوسیەوە شتێک نەبو بە ناوی مەکتەبی سیاسی حیزبە نانەتەوەییەکانی ئێستای کوردستان!
کاتێک لە سلێمانی تۆڵەی جەرگبڕیان لە خائینان دەکردەوە ڕێکخستنی یەک حیزب لەو حیزبانەی ئێستا بانگەشەی شۆڕشگێڕی دەکەن نەبون و بەڵام خەڵكی سلێمانی هەر لەو سەردەمانەوە زانیویەتی چۆن دڕ بە شەوزەنگی ناحەقی و چەوساندنەوە بدات .یەکێتی خەیاڵی خاوە ئەگەر وا بزانێت حیزبەکەی ئەوە کۆتایی مێژووی سلێمانیە! هەر وەک چۆن فۆکایاما هەڵەی کرد لە لێکدانەوەکەی کە گوایە لیبراليزم و سەرمایەداری کۆتایی مێژووی مرۆڤایەتیە و کۆمۆنیزم و زۆرێکی تر لە ئایدۆلۆژی و جیهانبینی و بیروباوەڕەکان شکستیان خواردوە کە ئێستا دەیبینین چۆن هەمو ئەوانە لە پێکدادانێکی سەختدان و بە کردەوە سەڵماندیان کە چەرخی مێژوو زۆر توندتر درێژە بە ململانێی خوێناوی شارستانی و کلتور و ناسنامە جیاوازەکان دەدات! ئاواش دەبێت یەکێتی باش بزانێت لە سلێمانی هێشتا کۆتایی لەسەر دەستی کەس تۆمار نەکراوە و هاکا لە پڕێکدا سەرلەنوێ مرۆڤە مەرد و ئازا و   پاک و بێگەرد و شۆڕشگێرەکانی ئەم شارە مێژویەکی نوێ و شکۆمەندانەیان تۆمار کرد ئەوانەی خەون بە کۆتایی مێژووی سلێمانی ەوە دەبینن هێشتا لە گیان و دەروونی شۆڕشگێڕانی سلێمانی شارەزا نین
سلێمانی ئەو سلێمانیە بو کە لە دوای ئاش بەتاڵ لە پێش هەمو شارەکانی ترەوە نایەکی دا بە ڕووی بەعسدا و خۆی سەلماند! بێگومان ئێستاش بە هەمان گوڕ و تینەوە ئامادەی هەڵسانەوەیە و تەنها داوای چاوەڕێ کردنمان لێ دەکات ... ئەم وشانە و ئەم دێڕانەی خوێنتانەوە دەشێ قسەی سەر زاری هەر کوردێکی نەتەوە پەروەر و شۆڕشگێڕ و مەرد و سەربەرز بێت نەک تەنها لە سلێمانی بەڵکو لە زۆر شار و گوند و دەڤەری کوردستان کە دوژمنان و هەلپەرستە چاوچنۆک و چەواشەکارەکانی شۆڕشی ڕاستەقینە هەوڵ دەدەن لە مێژوی سەروەریەکانی ڕابردوو دایبڕن .. مێژوو لەسەر دەستی خەڵکی چەوساوەی کوردستان کۆتایی دێت نەک ئەو حیزبانەی کوردستان خەڵکەکەیی و خێر و بێراتی دەکەنە پەیژەیەک بۆ گەیشتن بەو بەرژەوەندیانەی دژ بە خاک و ئاو و خەڵکی کوردستانە  ... مێژوو لە کۆتاییدا ڕووی خیانەتکاران لە نیشتمان بۆ هەموان ئاشکرا دەکات    

کوڕی سلێمانی


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان