<

ماكيافيلي لە دونیای ئەمڕۆ و دوێنێدا (بەشی دووەم)

05/05/2025, 19:52 (GMT+1)
میکاڤیلی لە ژیانی سیاسیدا باجی هەڵوێستە سیاسیەکانی بەرامبەر بە دەسەڵاتداران و نەیارەکانی داوە، کاتێک کە ئەلمیدشی کە خێزانێکی دەوڵەمند بوون، حوکمی فلۆرانسیان کەوتە دەست، میکاڤیلیان دوور خستەوە و لە باخەکەی خۆی کە لە دەرەوەی فلۆرنس بوو دەستبەسەریان کرد، لەبەرئەوەی پێیان وابوو، ئەو کاری کرد بوو دژی گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات. کتێبی ئەلئەمیر دوای دوورخستنەوەی دەنووسێت، بەڵام بواری بڵاوکردنەوەی نادرێت، تا دوای مردنی بە پێنج ساڵ بەچاپ دەگەینرێت و بڵاودەکرێتەوە، ئەم جۆرە ئەزموونە، بەدرێژایی قۆناغەکانی مێژووی سیاسی مرۆڤایەتی هەمیشە دووبارە بووە، نمونەیەکی نامۆ نییە نە لە ئێستا نە لە ڕابردوودا.  
زۆربەی نووسینەکان و بیرۆکەکانی میکاڤیلی، لەلایەن دەسەڵاتداران و دارودەسستەکانی ئەو کاتدا بەربەرەکانی کراوە، لەبەرئەوەی ئەو هەقیقەتی جۆری بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی ئەوانی لەو کاتە مێژوویە دیاریکراوەدا شێ کردوە، لە کاتێکدا لەو زەمانیشدا دەسەڵاتداران و ئەوانەی حوکمڕانی وڵات و نەتەوەکانیان کردووە، لەژێر هەر بیروباوەڕێکی عیلمانی یان ئاینی بووبێت، بانگەشەی بە پراکتیز کردنی خوڕەوشت، بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتیان کردووە لەبەرێوەبردنی حوکمڕانیدا.  ئەو باسانەی ئەو کتومت، سەڕۆکەکانی هەنووکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان دێنێتە یاد، کە هەموویان بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا هەموو شتێکی بەدڕەوشتیان کردووە، چی لەگەڵ میللەت، چی لەگەڵ هاورێیانی ڕێگەی خەبات و تا دەگات بە کەسوکار و خزمیان. جەمال عەبدولناسر کە تا ئێستا، زۆرینەی سادەی میسری و شەقامی عەرەبی بە کابرایەکی نیشتمانی و بەرز دەینرخێنن، نزیکترین هاورێی ڕێگەی خەبات و تەمەنی، کە موشیر عەبدول حەکیم بوو، ئەوەندە پەیوەندیی هاورێیەتیان پتەو بوو، تا ئەو ڕادەیەی کە موشیر، کوڕەکەی بەناوی ئەو نابوو، بەڵام عبدولناسر کاتێک کە هەستی کرد، موشیر مەترسیە بۆ سەر کورسیەکەی، بە پیلانێک کوشتی و لە میدیاکاندا بڵاویان کردووە کە خۆی کوشتووە، سەرەڕای ئەوە بەندیخانەکانی میسر لەو کاتەدا تەژی بوون لە ئەندامی شیوعیەکان و ئیخوانەکان و ئەو تاکانەی کە دژی دەسەڵات بوون.
 سەدام حوسێن بۆ پارێزگاری کردن لە دەسەڵات، کەسە هەرەنزیکەکانی خۆی کوشت، وەک زاواکانی، کوڕی خاڵی و هەندێک لە ئامۆزایەکانی و زۆربەی هاورێکانی کە لە ڕێگەی خەباتی بەعسدا پێکەوە بوون کوشتیانی یان دووریانی خستەوە، وەک ئەحمەد حەسەن بەکر، کە هاوڕێی ڕێگەی خەباتی سەدام بوو، لەژێر فشاردا کورسی دەسەڵاتی بۆ خۆی پێ بەجێهێشت. سەدام بۆ تۆقاندنی میللەت، پەنای بۆ کیمیاباران  برد، ئەنفال، کۆمەڵکوژی لە ئەهوارەکان و بە هەزاران تاوانی دی ئەنجام دا. 
دەبێت ئەوە بگوترێت کە ئەم جۆرە پەیڕەو کردنە، تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووی نەداوە، بەڵکو لەو وڵاتانەی کە بانگەشەی بیروباوەڕی سۆشیالیستی یان کۆمۆنیستیان دەکرد پەیڕەو کراوە. ستالین زۆربەی هاورێکانی کە پێکەوە لەنێو حزبی بولشەوی خەباتیان کرد بوو، دواتر بە مەترسی دەزانی لەسەر کورسی دەسەڵاتی، بۆیە دوای دوور کردنەوەی تروتسکی لە ڕووسیا، ئەوجا بڕیاری  تیرۆر کردنیشی دا. سەرەڕای ئەوانە دەیان جار کۆمەڵکوژی ئەنجام دا. ستالین و هیتلر کە سەڕۆکی دوو وڵات بوون و بەهەڵگری دوو ئایدۆلۆژیای جیاوازدا ناسراو بوون، بەڵام هیچ جیاوازیەکیان نەبوو لە پەیڕەو کردنی سیاسەت دوور لە هەموو خوڕەوشتێکی مرۆڤایەتی، لە کاتێکدا دەسەڵاتی ئەوان ٥٠٠ ساڵ دوای نووسینەکانی میکاڤیلی بووە. 
کۆهمار رۆگی، ناوی ئەندامانی حزبی چەپی ڕادیکاڵی کەمبۆدی بوون، لەژێر هەژموونی ماوتستونگ بوون و ئەو پشتیوانی لێیان دەکرد، کاتێک کە دەسەڵاتیان گرتە دەست، دژی هەموو ئاینێک، دژی سیاسەت و کلتووری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بوون، دژی زانست بوون پێیان وابوو کە ئەم جۆرە بیرۆکانە یان هەر ئادیۆلۆژیایەکی دی کاردانەوەی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر بیری نیشتمانی و نەتەوەیی کەمبۆدیا کە لە ئایدۆلۆژیای پارتێکی چەپدا بەرجەستە کرابوو. بۆ سەرکەوتنی ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیایە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٤- ١٩٧٦ لە ٤٠% خەڵکی کەمبۆدیایان کوشت، لەوانە کەمە نەتەوەکان، ئەو کەمبۆدیانەی کە هەڵگری بیروباوەڕی ئاینی جیاواز بوون، یان لە ڕووی زانستەوە پێگەیشتبوون، کە ئەوان پێیان وابوو ئەو زانستە هەژموونی بیانیە، ڕۆحی کۆمۆنیستی کەمبۆدی لەنێو دەبات، بۆ سەرکەوتنی ئەو جۆرە بیروباوەڕە ڕادیکالە، دەسەڵاتی کەمبۆدی کوشتنی بە کۆمەڵیان ئەنجام دا، بە هەزاران کەمبۆدیان لە سێدارە دا، دەستدرێژی ناموسیان کردە سەر خەڵک، خەڵکیان برسی و قاتوقڕ کرد.   
 ئەو دەسەڵاتدارانەی کە لەژێر دروشمی ئاینیدا سوڵتان و خەلیفە بوونە، هەمان هەڵسوکەوتیان کردوە، بۆ نمونە مێژووی دەسەڵاتی عوسمانیەکان، پڕە لە کوشتنی برا و باوک و ئامۆزا لەلایەن یەکدیەوە، بۆ مانەوە یان گرتنە دەستی دەسەڵات. واتە جگە لەبیروڕا ئەو غەریزانەی کە لە مرۆڤدا هەن، ڕۆڵیان هەیە لە جۆری بیرکردنەوە و مامەڵەی مرۆڤ بۆ یەکدی لەسەر هەموو ئاستەکاندا، بۆ نمونە ئەگەر دەسەڵات لە حوکمڕانی وڵاتێکدا بچووک بکەینەوە بۆ دەسەڵاتی کەسێک کە تەنیا ئاغایەک و دەستڕۆیشتووی گوندێک بووە، کە لە مێژوودا بە قۆناغی دەرەبەگایەتی (اقطاعیە) ناسراوە، بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەیان زۆردار و زاڵم بوونە و جوتیاریان چەوساندۆتەوە، بۆ نمونە ئاغایەک لە کۆرەگوندێکی کوردستاندا لە سەرەتا و نێوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا زوڵم و زۆردار بووە، بەبێ ئەوەی خوێندەواری هەبێت، یان بەبێ ئەوەی لەژێر کارێگەری هیچ فەلسەفەیکی دیاری کراودا بوو بێت، تەنیا بەگوێرەی بەرژەوەندیی و غەریزەکانی بۆ بوون بەکەسی یەکەم لە گوندەکە کاری کردووە.  
میکاڤیلی پێ وایە، کە دنیا گۆڕەپانی چالاکیە، نەک بە پرکتیزەکردنی ڕەوشت و کردنی بە بیناغەی مامەڵە کردن لە سیاسەتدا بۆ سەرکەوتن. ئەو دەڵێت لە واقیعی دنیای ئەو کاتدا، ئەوانەی کە درۆ و دزی و بەدڕەوشتیان کردووە گەیشتونە دەسەڵات و پارە، بەڵام ئەوانی ڕێزیان لە یاسا دەگرت و چاوەرێی ئەوە بوون کە عەدالەت سەرکەوێت، هەمیشە پاشکەوتون، ئەم جۆرە بۆچوونە ئەگەر ئەنجامی خوێندنەوەی کۆمەڵگەی ئەو کات بێت، ئەوا لە واقیعی دنیای ئەمڕۆدا هەمان ئەو  ڕاستیە تاڵە بەدی دەکرێت، بۆ نمونە لە باشووری وڵاتدا زۆربەی سەڕۆک جاشەکان، ئەوانەی سەر بەدامودەزگەی بەعس بوون، ئێستا خۆیان یان منداڵ و نەوەکانیان پێگەی بەهێزیان هەیە چی لەنێو دامودەزگەکانی حکومی و چی لەنێو جومگە سەرەکییەکانی نێو ڕێکخراوی پارتەکاندا و ژیانیان سەدان جار باشترە لەو کاتەی کە سەدام لە دەسەڵاتدا بوو.

ئەو بابەتە درێژەی دەبێت

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان