<

بیری ئازاد مرۆڤی ئازاد هەڵوێستی ئازاد

13/05/2025, 20:41 (GMT+1)
ئەم هاوکێشەیە یا ئەم فۆرمۆلە کارلێکێکی بەڵگە نەویستە، لە هەر کەسایەتییەکدا بیری ئازاد بزوا، واتە لە دەرەوەی ئایدیۆلۆجیایەک، دینێک و تێروانینێکی ترەوە، بۆ ڕووداوەکانی ژیانی ڕوانی، مرۆڤی ئازاد بەرهەمدێنێ کە بەرانبەر بە ڕووداوەکان هەڵوێستی ئازادی دەبێت، واتە هەموو لایەنە تێوەگلاوەکان لە ڕووداوەکە وەک خۆیان دەبینێت و بەلایەکیاندا کێش نابیت و لارنابێتەوە، کە دەکاتە جووداکردنەوەی حەق/ ناحەق، ستەم/ ستەمکار، ستەم/ ستەم لێکراو.
لە ئێستادا ئەم نەخۆشییە واتە لاربوونەوە بەلایەکدا بە چاوپۆشین لە لایەنێکی دی، نەخۆشی هەرە سەرەتاییە کە تووشی عەقڵی ڕۆشنبیران دەبێ (چ ئەوانەیان کە لە میللەتانی سەردەستن لە کوردستاندا، چ ئەوانەیان کە کوردن و لەناو کوردستاندا یا دەرەوەی کوردستاندا چالاکیی کلتوورییان هەیە). هەرچەند دەکەن ناتوانن لە جوغزی ئەم نەخۆشینە خۆیان دەرباز بکەن. ئێمە دوو لایەنمان هەیە یەکێکیان ئەو ڕیالەیە(واقع)، کە هەبووە/هەیە ، دروستکراوە/ سەپێنراوە، بۆ دروستکردنی/ سەپاندنی، ستەم کراوە.
زۆر جار ئێمە دەیخوێنینەوە، یا دەی بییەن کە ڕۆشنبیران هی سەردەمی خۆیانن، بەڵام ئەم وتە و بانگەشەیە نابێتە پسووڵەی لێبووردن بۆ چاوپۆشین لە هەڵویست و داکۆکییەکانیان بۆلایەک و لار بوونەوەیان بۆ لایەک (ڕەوایەتی دان بە ستەم یا پشتگیریی ستەمکار). 
هەر ساتێک (ڕاستییەک بەبەڵگەوە دەرکەوت)، دەبێت خوارییەک ڕاستبکرێتەوە، ئەگەر بە تێکدانی چەندین ڕاستی دروستکراوی بنج بەستووش بێت. ئێمە دوو لایەنمان هەیە سەبارەت بە ڕووداوەکان و کەسایەتی ناو ڕووداوەکان یەکەمیان: ئەو ڕاستەقینەیەیە کە بووە (رووداو بێت یا کەسایەتی)، دوومیان: ئەو وێنە زەینیەیە کە لە خەیاڵدانی گشتیدا بۆ ڕووداوەکە یا کەسایەتییەکە دروستکراوە و بە تێپەڕینی سەردەم لەسەر یەک کەڵەکە بووە.
مێژووی ناوچەکە بە تایبەت، دوای داگیرکردنی لەلایەن سپای موسڵمانەتییەوە، مێژوویەکی دەماودەمە، زارەکی باپیرە بۆ باوک و باوان بۆ منداڵەکانیان گێراوەتەوە، چوونکە سپای موسڵمانەتی ئەرکی ئاوادانکردنەوە و بنیاتنان نەبوو، بەڵکو ئەرکی ئەو لەشکرە فراوانکردنی سنوورەکانی قەڵەمڕەوی خەلیفایەتی و زیادکردنی ژمارەی موسڵمانبوونەکان، سەرانە و باج کۆکردنەوە، بوو، کە ئەمەش بە ڕشتنی خوێن، سەبایەکردنی ژنان، بەتاڵانکردنی سامانی ئەو خەڵکە و کۆیلەکردنی منداڵان تەواکران و پایەکانی دانران. بۆیە ئێمە بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕاستییانە کە پاش ئەم لەشکرهاوردن  و داگیرکردنە چی روویدا و ئەو خەڵکە چۆن و بۆچی وازیان لە پرسیارە گرنگە گەردوونییەکان هێنا و ملیان دا بەو وەڵام و فۆرمە ئامادەکراوانە کە بەسەریاندا سەپێنران، ناتوانین پشت بەو هەزاران هەزار کتێبە کە زۆرینەیان پەراوێزی نووسراو لەسەر پەراوێزن و بۆ قایمکردنی داگیرکردن و سڕینەوە نەتەوەییەکە نووسراون، ببەستین.
لێرە و لەوێ پاش تێپەرینی سەدان ساڵ و بەدوای یەکداهاتنی سەدەکان و گۆڕانکارییە گەورەکان لە سیاسەت، ئابووری و لەهەمووشیان گرنگتر تەکنیک و پیشەسازیدا کە هەلومەرجی نوێی هێنایە ئاراوە، ئەو بیروباوەڕە هاتووە تەشەنەی کرد و بووە داب و نەرێتی پەیڕەوکراو، ئەمەش دوو هۆی هەیە: یەکەمیان پەیوەندی بەوانەوە هەیە، دووەمیان پەیوەندی بە ناوخۆمانەوە هەیە.
هۆی یەکەم ئەوەیە کە: موسڵمانەتی بۆ خاوەنەکەی کە عەرەبەکانن، ئامڕازی هەرە گرنگ و بەکارە بۆ هێشتنەوەی دەسەڵات، فەرمانڕانی، ئابووری زەبەلاح و کۆنترۆڵی بیرکردنەوەی نەتەوە ناعەرەبەکان کە ئەوان بە عەجەمی ناوزەدیان کردوون، لەدەستی تایەفەی عەرەبدا.
هۆی دووەم کە ناوخۆمانییە: کورد ناچار بوون کە بۆ پارێزگاری لە ژیانی خۆیان و دەربازکردنی خێزان و منداڵەکانیان، لە سەبیکردن و کویلەکردن، مل بەم ئاینە نوێیە بدەن و وای پیشان بدەن کە باوەڕیان بە قسەکانی ئەوان هێناوە و بەکرداریش داب و نەرێتی موسڵمانەتییان ئەنجامداوە، ژمارەیەکی تا ڕادەیەک دیاریش هەموو ئاکار و داب و سەلیقە و دیاردە نەتەوەییەکانیان دۆڕاند و پشتیان لە نەتەوەکەی خۆیان کرد و بوونە سوغرەکێشی باری عەرەبایەتی و ناوی عەرەبیان لە خۆیان نا و شۆڕبوونەوە بەناو کلتووری ئەواندا و بوونە چاوی سێیەم و گوێی سێیەمی ئەوان لە ناو نەتەوەکەی خۆیاندا. 
بێگوومان ئەم ئاینە هاتووە هەروا بە سانایی نە چەسپا، بەڵکو فەیلەسوف و دانا و زانای کوردی وای تێدا هەڵکەوت کە نووسراوەکانیان ڕەونەق و تەکانێکی گەورەی بە بڵاوبوونەوەی ئاینەکە دا چونکە ئە دەسەڵاتدار بوو شمشێرەکەی سەری دەپەڕاند، لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە: هەر بەرهەمێکی کە زانا، دانا، حەکیم و فەیلەسووفە نا عەرەبەکان هێناویانە بەرهەم بە ناوی موسڵمانەتییەوە تەواو بووە، ڕێک وەک حاڵی ئێستای کورد، هەر کەسایەتییەکی تێدا هەڵبکەوێت، لەهەر دەڤەرێکی دابەشکراوی نیشتمانەکەیدا، لە ئەنجومەنە نێودەوڵەتییەکاندا، بەناوی ئەو دەوڵەتەوە تەواو دەبێت، کە ئەو بەشەی نیشتمانی کوردی داگیرکردووە. تا ئەم دواییانە کە خەباتی کوردستانیی ئازادیخوازی نەتەوەکە بەتایبەت لە باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایدا، لەسەر دەستی ژنان و مێرخاسانی کورددا ئەم تەلیسمەیان شکاند و ناوی کوردیان بردە کەشکەلانی فەلەک و ئێدی شەرم و نەنگییە کە کوردێکی زانا، دانا و حەکیم بە خۆی بێژێ: ئیرانیم، تورکیم، سووریم یا عێراقیم نەنگە و فرە شوورەییە، مەگەر کەسگەلێکی سەرگەردان و نا بەڵە و بە مانا و شانازیی (کوردبوون)، کە ژمارەیان لە کەمی داوە، ئەو بانگەشە خواروخێچەیان پێ پەسەند بێت!!!.
ئەوانەی کە بوونە چاوی سێیەم و گوێی سێێەمی عەرەبایەتی بەتایبەت لە ناو چینی ( پیاوانی ئاین) دا دەرکەووتن، ئەمەش هۆکانی دیارن، کە هەمووی هۆی دنیاپەرستی و نەفسپەرستی و هەوەسبازییە، دەنا لە دنیای ئەمڕۆدا جێگای کەسانی وا نابێتەوە کە بە وتنەوەی خورافات، چیرۆکی سەیروسەمەرە و دوور لە مەبەستی یەزدانیی، نانی چەور بخوات و خۆیشی قایلکردبێ کە ئەو فەرمانی خودایی پێیە کە دەتوانێ چوارژنی هەبێت، ئایا لەم دنیا پێچەڵپێچەی ئەمڕۆدا و لە ناو ئەو بارە ئابوورییە ناجێگیرەدا، چۆن پیاوێکی بیکاری دەستوپێ سپی دەتوانێت، بژێوی چوار خیزان دەستەبەر بکات و قیتەی سمێڵیشی بێت، ئەگەر لەو دەستەیە بێت کە سمێڵ و ڕیش دەهێڵنەوە، دەنا چوار ژنی هەبێت و سمێڵی بتاشێ و ڕیشی یەک باڵ درێژ بکاتەوە؟! سەردەمێکی عەجیبە لە جێگایەکی عەجیبدا، کە بیریی عاجباتی تێیدا بەرکارە، شتی وا ڕوودەدات، دەبوو ئەم جۆرە ڕەفتارە، یەکێک بایە لەو چیرۆکە ئەفسانەییانەی کە بیستوچوار سەعات لە سەر زاری ئەوان مێشکی لاوەکانی پێدەشۆنەوە.
من بۆ بەراورد و پێوانەکردنی قۆناغەکان، ڕوانینی زۆرینەی مەلایانی ئێستا کە سەرچاوەکەی ڕوانیی عەرەبییە بۆ ئاین، لەگەڵ ڕوانینی زانایانی باوەڕداری سەردەمێ بەر لە ئیستا، کە سەرچاوەی ڕوانینیان، ڕوانینی کوردبوون بووە بۆ باوەڕە یەزدانییەکان، بەکاردەبەم و دەرئەنجامەکانی لێ هەڵدەهێنجم، کە ئەمەش بە دوو ئاکامم دەگەێنێ، ئەوانەی کە بوونە چاوی سێیەم و گوێی سێیەم لە ناو نەتەوەکەی خۆیاندا بۆ چاودێری خەڵکی خۆیان بەسوودی قایمکردنی قوڕنەکانی داگیرکردنی نەتەوەیەک بە ناوی ئاینی یەزدانەوە، خەڵکانێکی مشەخۆری، هیچ لەباردانەبووی بێ بەرهەم دێنە بەر زەینم کە شوێنکەووتن و ڕەدووی بێگانەکەووتن بۆتە پیشەی درێژخایەن و زۆرجاران پشتاوپشت بۆ کوڕەکانیان جێی دێڵن و بەمجۆرە منداڵەکانیشیان دەکەنە برغوویەک لەو مەکینە زلەی درێژەدان بە داگیرکردنی نیشتمانەکەیاندا. 
کە بۆ پێشەوایانی کوردی باوەڕداریی سەردەمی بەر لەم قۆناغە دەڕوانم، پاکیزەیی باوەڕ، دڵدان بە نەتەوە، ڕوانین بۆ هەڵوێست و مەسەلەکان لە گۆشەی خۆشەویستی نەتەوەکەی خۆیانەوە دەبینم کە بارستایەکی مەزن لەبەرهەمی زۆر باڵای کلتوورییان بۆ نەتەوەکەیان لە پاش بەجێماوە، ئەوان پێشەوایانی زمان، فۆلکلۆر، سوارچاکی، هونەری مۆزیک و دەنگ خۆشی، ماتماتیک، گەردوون ناسی، خۆشەویستی ژینگە، کۆکەرەوەی قسەی نەستەق و مەتەڵ و گەپی کوردی، شانازیکەر بە نەتەوەی خۆیانەوە، کە تێیاندا بووە بەرانبەر بە شاعیرانی (وان) هەر بە زمانی (وان) بەرانبەرێنی کردووە و شانازییە کوردەوارییەکانی وەبیرهێناونەوە*.
تێیاندایە کە (کوردبوون) ی بە ئەسڵی یەکەم زانییوە و فەرمانی کردووە کە: ئێمە بەر لەوەی موسڵمان بین، کوردین، کوردبوون، بوونی ئێمەیە، موسڵمانەتی باوەڕی مەعنەویمان**.    
لە ئێستادا، لەناو ئێلیتی ڕۆشنبیرانی عەرەبدا، جموجۆڵێکی فراوان دەستی پێکردووە بۆ خوێندنەوەی ئاین بە تێگیشتنە سەردەمییەکان، کەلەم بوارەدا کاری یەکتەنی و بە کۆمەڵیش دەکەن، ئەوە ئاینی خۆیانە و ئەوان بەرپرسن لە قەبوڵکردن/ نەکردن، یا دەسکاریی و ڕەتکردنەوە و بەیەکدا هەڵشاخانەکان، ئەوەی مەبەستی منە، کە ئایا ئەو ئێلیتە ڕۆشنبیرە لە بنی هەمانەکەی دەدەن یان نا؟! لەبنی هەمانە دانەکەش بە بڕوای من، ئەو هاوارە پڕ خرۆشانەیە، کە (دەبێت لەزاری ئەو ئێلیتەوە) بێتەدەر و سەرلەوحەی کار و خەباتی وان بێت سەبارەت بە ڕاستکردنەوەی لارییەکانی سەر بە ئاینی موسڵمانەتی کە لەماوەی هەزار و چوارسەدساڵدا ڕوویان داوە. ئەو هاوارەش ئەوەیە (کە بە ئاشکرا بە خەڵکی خۆیان بڵێن: باوباپیرانی ئێمە بە ناوی خوداوە، تاوانی جەنگی مەزنیان بەرانبەر بە نەتەوە ڕەسەنەکانی ئەم ناوچەییەی کە ناوی دەوڵەتانی عەرەبییە، بە تایبەت لە بەشی سەرووی دوورگەی عەرەبی، کوردستان، سەرووی کیشوەری ئەفریقا- کەنارەکانی سەر دەریای سپی ناوەڕاست - و بەشێک لە وڵاتانی کیشوەری ئەوروپاش، ئەنجامداوە، کە دەبێت لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت و ئەو ڕەفتارە نا مرۆیی و دڕندانەیە تاوانباربکرێت و لە حاڵەتی زۆرینەیاندا قەرەبووی ئەو نەتەوە ستەم لێکراوانە بکرێتەوە.
ئەوەندەی من پەیجۆری  ئەم مەبەستە بووم، ئەم هێڵە هزرییەم نەبینیووە و وەک باوە لە ناو ڕۆشنبیرانی سەربە دەوڵەت/ نەتەوەی داگیرکەر لە کوردستاندا، کە مەسەلەکە دێتە سەر کورد و نیشتمانەکەی، هەموو هاوکێشەکان قڵپ دەبنەوە و زمانیان تەتەڵە دەکات و بزڕکاندنێک بە وتەکانیانەوە دیارە کە لە ئاکامدا دەچنەوە سەر هەمان ڕێگا کە دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەست و دەوڵەتی نەتەوەی سەردەست پێیدا هاموشۆ دەکەن، جا دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەست زۆر جاران بە ئاشکرا و هەندێ جار پێچەڵپێچ، بە فەرمی، حاشا لە بوون، زمان، نیشتمان و مەسەلەی نەتەوەی داگیرکراو دەکات، ئێلیتەکەی نەتەوەی سەردەستیش، لە بواری کلتووریدا هەمان وێنەڕەفتاری دەسەڵاتەکە کۆپی دەکەنەوە، بەڵام لە قاڵبی شیعری تەڕ، ڕۆمانی مێژوویی ئەتکراو، یا فیلم و بەزمی گاڵتەجاڕیدا. کە نووکی ژاراویی ئەم تیرە کلتووریانە ڕووی لە دڵی زیندوو، وشیاریی هزریی و هزری ڕاپەڕیووی نەتەوەی داگیرکراوی کوردە.
تائێرە بۆم ڕوونبۆتەوە کە ئێلیتە چاکخواز، ئازادییخواز و مرۆڤدۆستەکەی ناو کتێبانی نەتەوەی سەردەست، کە شیعر، چیرۆک و فیلمەکانیان باس لە ئازادی، مرۆدۆستی و دادپەروەری دەکەن، خەیاڵی ناو خەیاڵدانێکی هەڵخەڵەتێنەر و تەفرەدەرەن، کە هەرکەس لەدەرەوەی ئەم نەتەوانەوە بۆیان بڕوانێ، پێی وایە بەهەشتی گفتپێدراوی مرۆڤە ستمەدیدەکانی زەوی وا لەم وڵاتانەی کە ئەو نەتەوانە باڵا دەستن تێیدا، بەڵام ئەوەی لەسەر خاکی داگیرکراوی ئەو نەتەوانەی ژێر چەپۆڵەی ئەم نەتەوە سەردەستانە ڕوویداوە/ ڕوودەدات، بەهەموو مانا، وێنە و شێوە دۆزەخێکی داگیرساوە و ڕۆژ نییە كتێب، دار، بەرد، مرۆڤ، منداڵ، پەلەوەر، شاخ، ڕووبار و کانیاوی تێدا نەسووتێ. 
خونچە بەر لەوەی بگەشێتەوە، کتێب بەر لەوەی بخوێنرێتەوە، منداڵ بەرلەوەی بتریقێتەوە، پەلەوەر پێشوەی باڵبکاتەوە، كێویش بەرلەوەی بەفری سەر لووتکەی بتاوێتەوە، ڕووبار بەرلەوەی ئاوڕێک لە سەرچاوەکەی بداتەوە، کانیاو بەرلەوەی کە بزێتەوە، باوەش بەمەرگی بێکۆتایدا دەکەن و جوانەمەرگ دەکرێن، ئێوە ئەو سلنگ و کرێنانە دەبین کە بە ناوی یەزدانەوە لە گۆڕەپانە گشتییەکانی پایتەخت و شارەکانی ئێراندا، لەگەڵ یەکەم کازیوەی بەربەیاندا باڵای بەرزی کیژ و لاوانی کوردیان پێدا شۆڕبۆتەوە؟! کێ دەزانێ، کاتێک باڵای شەنگی کوردانەی (شیرین عەلەمکوهی) لەو لووتکەیەوە کە بەدەم بای بەیانەوە دەشنایەوە و دوا هەناسەی دا و شارەکەی خۆی نەبینیەوە، ئەخەوان سالیسێ!، شاملوویەک!، نوسرەت ڕەحمانییەک!، دەوڵەت ئابادەییەک!، لە ناو دەریای شیعری ئازاد و ڕۆمانی یاخیدا، لەسەر ئازادی مرۆڤ و داد و خۆشەویستی نەیان دەنووسی، کێ دەزانێ، کێ دەڵێ و کێ ناڵێ.....؟!!!.
بەڵام دوا ڕوانین و دوا هەناسە و دوا ئاواتەکانی (شیرین) ی کورد نە لە شیعر و نە لەچیرۆک و نە لە فیلمەکانیاندا ناوی نەهات و باس نەکرا و یادی پیرۆزی نەکرایەوە. 
کەسێکیان نەبوو ئەم مەرگە ببینێ! کەسێکیان نەبوو ئەم کۆچە وێنە بگرێ! کەسێکیان نەبوو ئەم هاوارە بیستێ! نا کەس نەبوو، گیانی گیانم هەر خۆت بوویت و نەتەوەیەک و ستەمێکی درێژخایەن، گیانی گیانم!!!.
بەڵام:
" وارطان! سخن بگو!
مرغ سکوت، جوجه ی مرگی فجیع را
در آشیان به بیضه نشسته ست 
وارطان سخن نگفت،
چو خورشید
از تیرگی بر آمد و در خون نشست و رفت
وارطان سخن نگفت؟!!!.***
ئەمە سەربووردەیەکی هەزار ساڵەیی، دەیان سەدەیی، ملێۆنان ڕۆژژمێریی نەتەوەیەکی دابەش و داگیرکراوە، هەر خۆیان دەتوانن خۆیان باسکەن، هەر چاوەکانی ئەوان دەتوانن نیشتمانەکە ببینن، هەر دەنگی ئەوان دەتوانن ئەم لاوکە غەمگینە بچڕن، هەر خۆیان.... هەر خۆیان... هەر خۆیان و کەسی دی... نا!!!.
....................
سەرنجەکان/
*مەحوی و حاجی قادری کۆیی، شۆڕەسواری گۆڕەپانی ڕمبازێنی خەیاڵی ناسک و دەربڕینی ئاگرین و دڵدانی سەودای نەتەوەکەیان بوون، جا بەکوردی نووسیبێتیان، یان بۆ پیشاندانی شانازییە کوردەوارییەکان، بەلەهجەی فارسی.
**ئەوە وتویەکی بەنرخی کاک ئەحمەدی موفتی زادەیە بۆ قوتقبییەکانی، کە دەمی زۆرینەی ئەو مەلا ڕەدووکەوتوانەی کلتووری عەرەبی دەبەستێت، کە خۆیان کردۆتە گاڵتەجاڕی بێ ئاوەزیی و تەفرەی کیژان و لاوانی کورد دەدەن بەتایبەت لە باشووردا. 
***ئەمە شیعرێکی بەناوبانگی ئەحمەدی شاملوی شاعیری فارسە، من هیچ گلەیەم لەو شیعرە و لەوە نییە کە ئەو بۆکێی نووسیووە، مەبەستی من ئەوەیە کە ئەم ئێلیتانەی کە سەر بە نەتەوەیەکن کە دەسەڵاتدارن و ساڵانێکی زۆرە لە ئێراندا، کورد دەکوژن و ماڵ و حاڵی کورد وێران دەکەن و سامانەکی تاڵان دەکەن، چۆن دەتوانن باسی ئازادی یا ستەم بکەن و باسی ئەو ستەمە نەکەن کە ئامۆزا، پورزا، برا خوشک و هاوڕێ و هاو شاریی و هاو زمانەکانیان  لە کورد و چەندین نەتەوەی ناو ئێرانی دەکەن، بۆ من و لە باوەڕی مندا ئێلیتی ئەو چوار نەتەوەیەی کە دەسەڵاتی ستەمگەر لەوانە و کورد کۆمەڵکوژ دەکەن، نووسین و بەرهەمی ئەدەبیان ئەگەر یەکەم جار هەڵوێستی ئەوان نەبێت بەرانبەر بە و ستەمە درێژخایەنە، بایەخی مرۆیی نییە و نرخەکانی لە ڕوانگەی ئازادیخوازیی مرۆڤدۆستانەی منەوە، سفرە، من وا بیردەکەمەوە و هەڵوێستیشم ئەوەیە، وەک تاکێکی ئازادی کورد، کە یەک دەنگم هەیە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان