شەڕی ئێمە بۆ بەرهەمهێنانی ئازادی و ئاسایشی نەتەوەکەمانە
19/05/2025, 19:20 (GMT+1)

با قسەی دووەمتان ڕووی لە توورکیا و ناوەندە جیهانییەکان بێت.
دیسان لە بیرمەندی گەورەمانەوە مامۆستا مەسعوود محەمەد، وانە و ڕێنمایی دێنمەوە، ئەو دەڵێت: " کورد لە بارێکدایە، ئەگەر لە تەشبیهدا نموونەیەکی مەیلەو خۆشکەڵانەی بۆ بهێنینەوە، وەک کاروانێکە ڕێگر دەستی بەسەردا گرتبێت: بۆ دەربازبوون، وادەی خۆ بە خۆڕایی فەوتاندن، هەرچی بیڵێ و بیکا لە چاک و بەد و ڕەوا و ناڕەوا نەک هەر دروستە بەڵکوو واجیبە و نەکردنی دەبێتە ڕووڕەشی".
هەروەها ئاگادارمان دەکاتەوە و دەڵێت، ئەمڕۆ: " ڕۆژی خۆ بەردەوام کردنە...بەسەر پێیانەوە ڕاوەستانە...دەرهێنانی گوللـه ی بەینی پێست و ئێسکە...هەڵبەستنەوەی شکستە...بەرگەگرتنی هێرشی دوژمنە...ڕۆژی ئەو شتانە و ئەو چالاکیانەیە کە لە خۆیان تاڵتر چنگ ناکەوێ".
مێژووی ئێمە، مێژوویەکی پڕ لە کارەساتی نەتەوەییە، کە بۆتە هۆی کارەساتی گەورەش بۆ زۆرینەی تاکی کورد، چوونکە ئێمە تاکی ئەم نەتەوەیەن. هۆکانی زۆرن، زۆرینەیان لە توانا و دەسەڵاتی خۆماندا نەبووە، چوونکە ئێمە لەناوەڕاستی کارەساتەکاندا دەژین، هەڵیانواسیووین بە خەڵکانی تردا، زۆریان لێکردووین کە نەخواستەکان قبووڵ بکەین، ئەگەر ملمان نەدابێ لێیان داوین، ئیتر ئەم مێژووە چەندین جار چەندبارە بۆتەوە، بەدەر لە کاریگەرییە دەرەکییەکان کاریگەری ناوخۆمان قورسایی کارلێکردنەکەی ئەگەر بە ئەندازەی کارلێکە دەرەکییەکە نەبووبێت، کەمتر نەبووە، ئەوەش سەلمێندراوە کە کارلێکی ناوخۆیی "بڕندەتر/ کوشندەتر"ە لە کارێکە دەرەکییەکە، چوونکە لەم حاڵەتەدا تۆ خۆتی کە خۆت دەکوژیی، یا ڕاستەوخۆ هاوبەشی یا ناڕاستەوخۆ ئاگرەکەی بۆ خۆشدەکەیت و ڕێگاکەی بۆ هەمووار دەکەیت.
بە بڕوای من ئەوەی پەیوەندی بە خۆمانەوە هەیە، دوو لایەنی بووە، نەتەوەکە لەلایەک، ئەوانەی کە دەمڕاستییان بۆ کردووە لەلایەکی دی. ئێستا کەسانێک هەن پێم دەڵێن: مەگەر ئەوانەی کە دەمڕاستییان بۆ کردووین هەر لە خۆمان نەبوون، ئەوانەی کە فەرمانی چاک و خراپی دەمڕاستانی ئێمەیان جێبەجێکردووە هەر لە نەتەوەکە نەبوون؟! بەڵێ هەردوو هەر لە خۆ بوون، نەتەوەکە بە گەورەیی و مەزنی خۆی، کەمینەکەش هەر قەبارەی خۆی. هێلێکی دیار و نادیار لە نێوان زۆرینەکە و کەمینەکەدا هەمیشە بووە، ئەویش هێڵی خواست و مەرامی زۆرینەیە، کە هەڵدەگەڕیتەوە بۆ سۆزی کوردەواریی و ئامانجی دەروونی نەتەوەکە بۆ ئازادیی، هیچ یەک لەو دەمڕاستانە نەیانتوانیوە بەرنامەی دروستیان بۆ ئەو سۆزە و ئەو ئامانجە هەبێت، یا بەنییوە ناچڵی و تێکەڵاو بوویانە، کە ئەوەی لێ بەرهەمهاتووە کە دەیبینین.
بەخاڵ دەینووسم:
1- نەتەوەکە مەبەستی هەموو نەتەوەکە بووە.
2- مەرامی دابەشکردنی خۆی نەبووە.
3- شەڕی بە خۆی نەفرۆشتووە.
4- لە بەرژەوەندی گشتەوە بۆ تاکی ڕوانییوە.
5- شەڕی بۆ ئازادیی و بەرهەمهێنانی ئاسایشی خۆی بووە.
6- دڵواڵا و دەستکراوە بووە بۆ بەخشینی ئەوەی ئازیزبووە لەلای، بۆ بەرهەمهێنانی ئەو دوو ئامانجە.
درێغی نەکردنی نەتەوەکە کە هیچی بۆ خۆی نەویستووە و بە بزووتنەوەکەی بەخشیوە، لەوەوە بووە کە ئەو باوەڕی خۆی بە سەرکردەیەتی بزووتنەوەکە دابوو، کە بتوانێت ئەم کاروانە بە مەبەست بگەێنێ و ڕایەڵەی ئەم باوەڕبوونەشی بەوە پیشاندابوو کە ڕۆڵە دوای ڕۆڵەی دەناردە بەرەکانی جەنگی بەرگریی لە کوردستان، تا ئەو دەستە دەستە و تاقم و تاقمە درووستنەببوون، بۆ هەموو کوردستان بوو. بەڵام مەخابن، دەستە دەستە و تاقم تاقم، کەوتنە وێزەی ئەم نەتەوە بێخاوەنە و ئێدی حیزب، تاقم و دەستە بوونە:
1- کۆمپانیایەک و سکرتێری یەکەم بەڕێوەبەری گشتی ئەم کۆمپانیایە.
2- بۆ مانەوە و قایمکردنی ستوونەکانی ئەم کۆمپانیایە، هەر زوو بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیا، بە نهێنی و بە ئاشکرا ڕایەڵەی پەیوەندی گەرمی لەگەڵ ناوەندی ڕژێمی داگیرکەر ڕادەخست و ئەو ناوەندانەش (سەغی تەبعان) کورد وتەنی: گەنمیان بۆ ڕۆدەکردن و دەستەمۆیان دەکردن، تێكەڵبوونەکە تا ئەو پلەیە دەچوو کە ئەم دەستەو تاقمانە بدەن بەگژیەکدا و خوێنێکی زۆری کورد بەدەستی کورد بڕێژن.
3- ئەگەر بەشێک لەم تاقم و دەستانە، هەوای جودا بوونەوە کەوتبێتە سەریان، بە هەمان ڕێچکە و ڕێگای دەستە لێ جودابووەکە بەیاننامەیان دەرکردووە و شیر و تیریان لەیەک سووە، هێڵێکی لار/ و پیتێکیان بۆ دەستە تازەجوودابووەکە داناوە و حیزب هەی حیزب و ئەوانیش بەشێکی نەتەوەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە و بەگیانی قین لەوی تر و کەس بە ڕاستنەزان جگە لە خۆیان و ڕێبازی خۆیان، پەروەردەکردووە. واتە مەرامی کەسێتی، حیزبێتی، دەستەجات، تاقم و گرووپ، ئۆتۆماتیکی خراوەتە بەر لە خواست و مەرامی نەتەوەکەوە کە ئازادی نیشتمانەکەی بووە. جا دەستە و حیزبی بەو جۆرە هەڵکەوتوو، هەرگیز ناتوانێ داهێنان و نوێبوونەوە و لە خۆ و دەوروبەرەکەی وردبوونەوە، بکاتە پیشە. سەرکردەیەتی تازە پیداکەوتوو، جارێ وا لە سەردەمی خۆقایمکردن و بەستی هاوپەیمانی و خۆناساندن، بە تایبەتی بە ناوەندەکانی ڕژێمە داگیرکەرەکانی بەشێک لە خاکی کوردستان. لەم کەین و بەینەدا بەسەدان گیانی کوردستانی ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە بوونەتە/ دەبنە قووربانی خواست و ئارەزووی دەروونی سەرکردەیەتی ئەم تاقم و ئەو دەستە.
بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم: ئەوزیانەی کە دەستەو تاقمەکانی ناوخۆ لە بزووتنەوەکەیان داوە و ژمارەی ئەو قوربانیانەی ناکۆکییە نەبڕاوەیەی نێوان سەرکردەیەتی تاقم و دەستەکان، زۆر جاران بارتەقای ئەو زیانە بووە کە دوژمنانی کورد لە نەتەوەکەیان داوە.
لەناو ئەو ئاڵۆزییەی کە تووشی بزوتنەوەکە ببوو و نەتەوەکەشی گرفتارکردبوو کە نە جارێک و نە دووان و نە سیان، خۆی دابەش بکات بەسەر ئەو گرفتاریانەدا، لەم ئاژاوە بەردەوامەدا، لە بەشی باکووری نیشتمانی کورد، کە ڕۆڵی پێشەنگی بزووتنەوە ئازادیخوازییەکە بوو، هەم بە رێژەی بوونی کورد لەوێ و هەم لە ڕووی مەزنی ڕووبەری ئەو دەڤەرەی کوردستان، هەمیش لە جۆری خەباتەکە کە دژ بە ئیمپراتۆریەتێکی لێکەوتووە کە دەوڵەتێکی مۆدێرنی لەسەر میراتی ئیمپراتۆریەتەکە دامەزراندووە و بە چەندین ڕایەڵە خۆی بەستۆتەوە بە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانەوە و قەڵەمڕەوی کاریگەریی بڕیارەکانی تەشەنە پێکردووە بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە بە زمانێکی توورکی تایبەت بە خۆیان داخاوێن و لە کۆمارە هەڵوەشاوەکەی سۆڤیەتەوە هاتوونە بەرهەم، کەواتە ئەم بزووتنەوەیە شانی دایە بەر باری تێکۆشانێکی فرە سەخت و دژوار، کە دەبوو زۆر قووڵ، فراوان لە مێژووی ڕابووردوی کورد و سەرکردەیەتییەکانی و هۆکانی بەئاکام نەگەیشتنی ئەو خەباتە دوورودرێژە تێ بگات و تاکی کوردی بۆ ئامادە بکات. بۆیە خۆ پەروەردەکردن و پەروەردەکردنی ئەندامان بوویە هەنگاوی یەکەمین و بنچینەیی ئەم بزووتنە، بنەمای ئەمەش خۆبەخشانە بوو، واتە کە تۆ چمکێکی ئەم بزووتنەوەیەت گرت ئێدی تۆ دەبوو ببیتە چالاکییەکی بەردەوام لە هەموو بوارەکانی سەر بە کوردەواریدا، شەڕ بێت: شەڕ دەکەیت لەسەر ئەو بنەمایەوە، پەروەردەبوون بێت: خۆ پەروەردە دەکەیت لەسەر ئەو بنەمایەوە، ژیان بێت: دەژیت لەسەر ئەو بنەمایەوە و....هتد.
ژیان لە ناو پەکەکەدا نموونەی ژیانێکی ئایندەی کۆمەڵگەی داهاتووی کوردستانە، ئەمەش هەمووی خۆبەخشانەیە، هەرچیت هەیە و دەتبێت و ناتبێت، بۆ گەشەکردنی ئەو بزووتنەوەیە تەرخانی دەکەیت. من لەو سەرەتایانەوە ، بە خەیاڵمدا دەهات کە ئەم بزووتنەوەیە، هیچ بوارێکی بۆ بیرکردنەوە نەهێشتۆتەوە، بەڵام بە تێپەڕینی کات بۆم ڕۆشن بۆوە کەئەوە وانەکانی پەروەردەیەکی خۆ بەخشانەی کوردستانییە کە دەیەوێت، هەموو خانە سڕ بووەکانی هزری ئەندامەکانی بزووتنەوەکە بخاتەوە جووڵە و ئێدی بە خۆیان بسپێرێت. کە لە ڕەووتی تێپەڕینی ساڵەکاندا، تاکێکی کورد بەرهەمدێنێ، ئازادە و دەتوانێ بڕیاری ئازادانە بدات، ئەگەر بە تەنیاش بێت و پێویست بکات لە خۆی بپرسێتەوە، ئەو تاکێکی ئازادی پەروەردە دەکرد، کە بتوانێ لە گۆڕستانێکی مەزندا، مردووەکان بدوێنێ و بە قسەیان بێنیت و ڕێکیان بخاتەوە، ئەمەش بێسنوور بوو، ئەندامێکی پەکەکە لە ئامەد خەبات بکات، یا لە کەرکووک و ئیلام و سنە و قمیشلو، هەمان چالاکی کوردەوارییە کە شوێنەوارەکەی خۆی دەخاتە جووڵە. من هەرگیز ئەو شانازییەم بەرنەکەوت کە ببمە یەکێک لەوان، بەڵام خۆم بۆ خۆم ئەو شانازییەم دروستکرد کە لە نزیکەوە پەیجۆری بزووتنەوەکەیان بم و بیریان لێ بکەمەوە، لە گۆشە نیگا و تێڕوانین و تێگەیشتنی خۆشمەوە، بۆیان بڕوانم و دەربارەشیان بشنووسم. ئەوانم دیووە و توانای ڕاوێژ و جووڵەی تەن و قایمیی ئیرادە و بینینی دوورمەودای ئەوانم هەست پێکردووە و دەمزانی لەسەر هەموو وردەکارییەکان دەوەستن و چارەسەرێک و دووان و تا سێ چارەسەریشم لێ ژنەفتوون بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکی کۆمەڵایەتی. ئەمە دیاردەیەکی فرە نوێ، مۆدێرن و داهێنراوی نوێیە بۆ تاکێکی کوردی ناو بزووتنەوەیەکی کوردەواری، ئەگەر بەراوردیان بکەین بە چالاکانی سەرتاسەری بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی نەتەوەکەمان. کە لە شاخەکان و گوندەکانی باشووری کوردستان مامۆستا بووم، زۆرجار لە هاوڕێیانی(ینک)م دەبیست دەیان گووت: هەڤاڵان هێشتا لە ئەی ڕەقیبدان. ڕاستیان دەکرد ئەوان ڕەقیبیان باش ناسی بوو، خۆشیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئامادەکردبوو، بەڵام ئێمە بە قۆناغ لە پێش ناسینی ڕەقیبەوە کەوتبووین و نزیکەی هیچ ئامادەبوونێکیشمان نەبوو!!! لە شەڕدا کەممان نەهێنا، بەڵام شەڕی رەقیب بەشێکە لە ڕزگاریی نیشتمان و وشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردستان و بنیاتنانەوەی، بنەمای ئەم بەرەنگاربوونەوەیە، لە پلەی یەکدا خۆناسین و ئەنجا ڕەقیبناسییە، هەڤاڵان ئەمەیان بە بنەماگرتبوو و زۆریش تێیدا سەرکەوتوو بوون، مێژووی دوای ئەم قسانە، ڕاستییەکانی سەلماند.
ئەم بزووتنەوەیە لە ماوەی چل ساڵ زیاتری بەرنگاربوونەوە بە بنەماکەیدا، ڕەنگڕێژیی هێلێکی دیاریکراوی کوردستانی کرد و بناغەی وشیاربوونەوەیەکی کوردستانی کۆمەڵگەی کوردی داڕشت و لە زەینی هەموو شەرافەتمەندێکی کورددا، نەخشەی کوردستانی چەسپاند و لە پراکتیکیشدا، بە بەخشینی گیانی خۆیان ئەم ئامانجەیان لە بەر زەینی تاکی کورددا بەرجەستەکرد، کە دەتوانرێت و دەتوانین کار بکەین، هیوا دروست بکەین، ئازادی بەرهەم بێنین و کوردێکی خاوەن ئیرادە و جووڵە و پاک و خۆبەخشیش بین بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەمان، نە قاڵبێکی داڕێژراوی ژەنگگرتووین، نەیش بنەماکان لەبەر هەر هۆیەک دەدۆڕێنین.
کە بوار ڕەخسا و باسی ئاشتی هاتەگۆڕێ، ئەگەر بە دەنگییەوە نەچیت بە پاراستنی بنەماکان، نزیکەی خیانەت دەکەیت، چوونکە یەک لە بنەما گرنگەکان، پاراستنی تاکی هاونیشتمانی کوردە، لە شاخ بێت یا لە شار، ڕێکخراوبێت یا ناڕێکخراو، تۆ وەک ئازادیخوازێکی کورد( ئەوە گرنگە کە هەر چرکەیەک وەک کوردێکی ئازادیخواز بیربکەیتەوە)، ئەم بیرکردنەوەیە تایبەتمەندی گەلێک جوودا لەهەموو ئازادیخوازێکی تری دنیا، لە خۆی دەگرێت، لە وتارە بەراییەکانی بڵاوبۆوە لە کوردستانپۆستی هێژدا زۆرجاران باسی ئەو تایبەتمەندیانەم کردووە. پارتی کرێکارانی کوردستان بە قووڵی لەم واژەیە تێگەیشتووە، دەزانێ شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی ئەو بۆ بەرهەم هێنانی ئازادی، ئاشتی و ئاسایشی نەتەوەی کوردە، ئێ خۆ دنیاش دەشتی کاکی بەکاکی ڕاستگۆیی و وەفا و مرۆڤ دۆستی نییە، لە کاتێکدا کە تۆ بە چنگ و دندان بەرگری لە بوونی خۆت دەکەیت، ئاگری دنیا بەسەرتدا دەڕژێنن، دەرگای خۆ دەرخستنی توانا و بیرکردنەوەت لە مرۆڤ و مرۆڤبوون لێداخراوە و سیاسەتی مەیموونبازیت لەگەڵ دەکەن، سامانەکەت دەدزن و فیشەک و تۆپ و درۆن و دوا بەرهەمی کوشتنت لەسەر دەئەزموێنن، لەهەر کەسێکی تری کە ڕووبەڕووی ئەم بارودۆخە نەبۆتەوە، زیاتر بە تەنگ ئاشتی و گفتوگۆ و دانووسانەوەیت و دەستەکانت لەو دەلاقە بچووکەی کە ڕۆشنایەکت پیشاندەدات، دەدەیتە بەر تیشکەکانی و دەتەوێت، زۆرترین ڕۆشنایی کۆبکەیتەوە، کوردێک کە بۆنی نیشتمانەکەی بەناو دەمارەکانی لەشیدا بڵاوبۆتەوە و برینی سەرسنگی هەڤاڵەکەی بینی، هەمیشە لەهەوڵدایە کە لوولەی تفەنگەکان گرێ بدات، چوونکە ئەو بۆ ئازادی، ئاشتی و ئاسایشی نەتەوەکەی تێکۆشان دەکات، بەڵام ئەم برینانەش بەهیچ جۆرێک لە یادناکات و نایاندۆڕینێ.
ئەوان لەم چەند ڕۆژ و هەفتانەی دوایدا، ڕوویان لەگەلی خۆیان کرد، باسی گواستنەوەی خەباتیان کرد بۆ قۆناغێکی نوێ، هەموو شتێک لەسەر شوێنی خۆی ماوە، بەڵام تیلماسکی گفتوگۆی ئاشتی هاتۆتە باسکردن و شڕۆڤەکردن، کە دەیانەوێت بە دەنگییەوە بچن و ئەگەر ئاماژەی ئەوەی دا کە بەرهەمێکی دەبێت، هەنگاوەکانیان بەردەوام دەکەن، چ لە قاڵبی ئەو ڕێکخراوەدا بێت کە بە پارتی کرێکارانی کوردستان ناسراوە، چ لە شێواز و ناوێکی نوێدا بێت، ئەم خۆ نوێکردنەوەیە ئاماژە بە شتگەلی بنەڕەتی دەکات، کە لە ناو بڕیارە دراوە نێودەوڵەتییەکاندا و لەلای هەندێ دەوڵەت، مۆرێکیان لێداوە و هەر لەسەر بنەمای ئەو مۆرەش مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
ئێمە لەوەوبەر و لە ساڵانی رابووردوی ئەم نەتەوەیەدا، لە کەناڵ و هۆکانی تری ڕاگەیاندنەوە، هەر هەواڵی کارەساتی بەکۆمەڵی نەتەوەیی کوردمان دەبینی و دەبیست، بەڵام لە حاڵی بڕیارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا، باسی گێڕانەوەی ئاسایش و هەمواربوونی باری ئابووری و هێمنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت، ئەمەش دوو هۆی هەیە: یەکەمیان ڕۆڵی دەوڵەتی توورکیا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانێتی و دووەمیان: پەیوەندی بە توانا و کاریگەریی پەکەکەوە هەیە لەسەر ڕووداوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەموو دامودەزگاکانی دنیا دەزانن کە ئەم بزووتنەوە ئازادیخوازە، ئامانج و مەرامەکانی چەندە شەریفانە و مرۆ دۆستانە و ئاشتیخوازانەیە، بەڵام وەک لە سەرەوە وتم، ئێستا لایەنە بڕیاردەرەکانی جیهان ڕووی خۆیان ئاشکراتر پیشاندا و ئەو سیاسەتی مەیموون بازییە کە لەگەڵ گەلانی بندەستی دەکەن و بەتایبەت کورد، لە سنووری مرۆڤبوون و مافی مرۆڤ و وەفای تێپەڕاندووە و لەم ناوەدا سەربڕی قەسابی خەڵکان دەبێتە رێبەری وڵاتان و دز بە قازی و قازی بە دز و دادوەر بە گەندەڵ و گەندەڵ بە پیاوچاک... ئەمە ڕەسمی دنیای ئەمڕۆکەیە، لە کوێ بۆنی نەوت هات ئەوێ دەبێتە جێگایەکەی ئازیز و لە کوێ توانرا واژۆی ترلیۆن دۆلاری بکرێت، ئەو لایەنە دەبێتە بەڕێز و خاوەن ئەسڵ و فەسڵ، ئیتر ئەوە دنیا و توانای تۆ بۆ جووداکردنەوەی ئەم گڵۆڵە ڕەش و سپپیە ئاڵۆزکراو و تێکئاڵاوە.... .
لەسەر خۆ نوێکردنەوەی(هەڵوەشاندنەوە)ی پەکەکە، قسەی زۆر کراو/ دەکرێت، ئەوەی لە پشتی دەرگا داخراوەکانەوە دەکرێت، بە کورد هەڵنایەت و ڕێی پێنابات، یا لە پەراوێزەکانی تێدەگات، ئەوەش بۆ ڕاگەیاندن و ڕای گشت بڵاودەکرێتەوە، هەر ئەوەیە کە زیان بەکەس ناگەێنێ و یارییەکان تێک نادات، ئەمە بە مانای تیۆری پیلان نییە، بەڵکو کە مرۆڤ هاوبەش و ڕۆڵگێڕێکی کاریگەرنەبوو لە یارییەکەدا، هەموو بڕیارەکان بۆی دەبنە خوورپە...
لایەنێکی تری گرنگی ئەم مەسەلەیە، کورد خۆیەتی، بەتایبەت کوردی باشوور، کە چی دەڵێن و چۆن بۆ بڕیارەکەی پەکەکە دەڕوانن. زۆرینەی ئەوانەی(کە بەجۆرێک سەریان بە سیاسەت دەخورێ) تا دوێنێ پێش بڕیارەکەی پەکەکە، ناو و ناتۆرە و تەشەر نەما کە لەم بزووتنەوەیەی نەدەن و گاڵتە بە تفەنگ و خەبات و تێکۆشانەکەی نەکەن، باسی بەسەرچوونی خەباتی چەکدارییان دەکرد و وێنەی درۆنی بەیرەقداری توورکیان!!! دەدایەوە بە چاوی پەکەکەدا و خەباتەکەیان بەوە ناو دەبرد، کە منداڵی کورد بەکوشت دەدات، ئەمڕۆ ئەو شەبەنگە سیاسییەی کوردی باشوور و تۆزێکیش لە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات* بوونەتە لایەنگریی سەرسەختی خەباتی چەکداریی و هەزار و یەک پرسیار و وەڵامی ئامادەیان لە گیرفانیان دەرهێناوە و لەبەردەم بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستانیی نەتەوەکەدا قوتیان کردۆتەوە!!!.
دەبێت ئەوە بڵێم: زۆرینەی نەتەوەکە ( ئێلیتە فشنبیرەکەی ناڵێم)، دەڵێم زۆرینە کە بێگوومان نەتەوەکەیە، نیگەرانییەکی قووڵیان سەبارەت بە ڕووداوەکە هەیە، ئەمەش هۆی زۆرە:
1- لە باشووردا کارەساتی نەتەوەیی ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ و جێهێشتنی نەتەوەکە لەلایەن سەرکردەیەتی شۆڕشەکەوە(قیادەموەقەتەی دوایی) و سپاردنی هەزاران پێشمەرگەی کوردستان بە ڕژێمی بەعس، تاڵاوێکە تا مێژووی کورد بەردەوام بێت، ئەم تاڵاوە لە ژیانی کورددا دەمێنێت، مۆتەکەیەکی ڕەزاقوورسی هێندە ناشرینە کە هەمیشە و تا ئێستا خەونی کوردانی بەشەرەف و ئازادیخواز هەراسان دەکات، بۆیە ئەو زۆرینە شەرافەتمەندە لە گوریسی ڕەش و سپی سڵ دەکەنەوە و نیگەرانییەکی زۆر شەریفانە، کوردانە و خەمێکی ڕەوا و هەق و بەجێیە، پەکەکە دەبێت ئەم خەمە نەتەوەییە دەرک بکات و دەشی کات، ئەم خەمەی نەتەوەکە لە پەکەکە، خاوەندارێتییەکی ڕۆحی مەزنە لەلایەن زۆرینەوەی نەتەوەکەوە لە پەکەکە، چوونکە نەتەوەکە شایان بە بزووتنەوەیەکی وەک پەکەکەیە و نەتەوەی کوردیش شانازیی هەرەمەزنی پەکەکەیە.
2- پەکەکە پارتێکی بە دسپلین و ڕازدار و حسابگرە، لە خۆڕا و لە هەوانتە، بەروار و ڕۆژ و سات دیاری ناکات و بەڵێنی هەوایی بە گەلەکەی نادات، گەلی باشووریش ئەوەندە لەم بەڵێنە هەواییانەیان بیستووە، کە سی و پێنج ساڵە سی و پێنج هەزار ناسۆری لە ڕۆحیاندا جێهێشتووە.
3- پەکەکە باسی خۆ نوێکردنەوە دەکات، دەبێت خۆی نوێ بکاتەوە، ئەو مۆرەی کە لەسەرەوە باسم کرد و دنیای دوون لەگەڵ ئەم بزووتنەوە ئازادیخوازە مامەڵەی پێوە دەکات، پێویستی بە خۆ نوێکردنەوە و فڕیدانی ئەو کەوڵە مۆراوییە هەیە، تا ئاڕاستە و کاریگەرییەکان بە سوودی نەتەوەی کورد، هەڵبگێڕێتەوە.
4- فەرمانڕانانی باشووری، بە لەزەت و تەڕ و بڕی، پیرۆزباییان لە پەکەکە کرد بۆ ئەم کارە، بەڵام کەسیان بوێری ئەوەیان نەبوو!!! کە ڕووی دووەمی قسەکانیان لە تورکیا، یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان بێت و بیران بخەنەوە کە ئێدی ئەوانن کە دەبێت، وەڵامدەرەوەی ئەم بانگەوازەی پەکەکە بن، هیچ نەبێت لە باشووری کوردستان چەندین باڵوێزخانە و کۆنسوڵگەریی دەوڵەتانی دنیای لێیە، کە فەرمانڕانانی باشوور دەیاتوانی لە میواندارییەکدا، ئەم داواکارییە بگەێننە ناوەندە جیهانییەکان، تا وەک پشتیوانییەک، بۆ ئازادیخوازانی کورد لە باکوور، مەودای بانگەوازەکە بە جیهانی بکرابایە، ئەم کارە نە بەڕێبەر ئاپۆ دەکرێت لە پشت پەنجا دەرگای داخراوەوە، نە بە سەرکردەیەتی پەکەکە بەو هەموو مۆرەوە، بەڵام بە فەرمانڕانانی باشوور دەکرا/ دەکرێت، نەیان کرد/ هیوادارم تا نەچووە بیکەن.
5- غیرەتی کوردبوون و مەرامی شەرافەتمەندانەی کوردیی لەم بارو حاڵانەدا کە چارەنووسسازە، خۆی پیشان دەدات و کاریگەریی دەبێت، باشوور دەبوو لەم کاتەدا وەک مەشخەڵیکی داگیرسا و ئەم هەلەی بەدەرەفەت زانیبا و خۆی لەم هەنگاوە بکردایەتە خاوەن، ئەوان بە ڕووکەشیش بێت، ناوێکیان هەیە و پەیوەندیگەلێکیان بە دەرەوەی نیشتمان هەیە و چەندین وەزیریان هەیە لە عێراق و سەرەک کۆماری عێراق کوردە، ئەی ئەم کوردایەتی!!! و کوردستانپەروەرییەتان بۆ کەی هەڵگرتووە؟! هەر گۆڕانکارییەک لە باکوور، سەرتاسەری مەسەلەی کورد لە بارێکەوە دەباتە بارێکی تر، خۆ ئیوە بانگەواز بۆ شەڕ ناکەن تا بترسن و خۆتان لە ژێر وشە و ئاماژەی بریقەدار و ئاڵۆزدا قایم بکەن؟! بە دڵنیاییەوە ئەو بەشە لە نەتەوەکەمان لە باکوور چاوەڕوانی زۆر مەزنی لە باشووریان دەکرد، سیاسەتیش بەتایبەت بۆ هەر کوردێکی شەرافەتمەند، ئەم دەرفەتانەیە کە لە باکوور و ڕۆژئاوا بە خوێنی ژنانی دلێر و میرخاسانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خوڵقێنراوە.
خاڵی چوارەم و پێنجەم کرۆکی بانگەوازێکی کوردستانییە بۆ هەموو ئازادیخوازێکی شەرافەتمەندی کورد، کە هەرچی لە دەستی دێت، بۆ فراوانکردنی ناساندنی مەسەلەی کورد کە مەسەلەیەکی ڕەوایە، بەر لەوەی دەرفەتەکە لە دەست بچێت، بیکات، چوونکە سەرەتای کۆتایی یارییەکان دەرکەوتووە و سەفەری سەرەک کۆماری ئەمێریکا، گرتنی کۆنگرەی دەوڵەتانی عەرەبی لە عێراق و دانووسانی ئەتۆمی ئەمێریکا- ئێران، بەوجۆرە بڕوات، بە سوودی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد تەواو نابێت، بەتایبەتی زیانی گەورە لە باشوور دەدات، توورکیا مەرامی باشووری کوردستانە، بیرە نەوتەکانی کەرکووکە، هەر ئێستا لەگەڵ هیزی توورکی کە بە پشتیوانی فەرمانڕانیی باشوور لە جموجوڵی داکشاندان بۆ خوارووی هەرێم، بە سەدان ئەندامی داعیش، میلیشیا و چەکداری چیچانی، سووریی و لە نەتەوەکانی تریان لەگەڵە کە ڕێکخراون و پلای داهاتوویان پەلاماردانی باشووری کوردستانە، ئەوەی کە تا ئەمڕۆ شورایەکی پۆڵاین و ترسێکی ئەژنۆ شکێن بوو، بۆ کۆماری ئیسلامی، فاشستی توورکی و تەنانەت میلیشیاکانی عێراق، سپای ڕزگاری کوردستان بوو لە قەندیل.
وەک ئاماژەم پێکرد، سەبارەت بە سپای ڕزگاریی کوردستان، ناچارە و قۆناغەکە گەیشتۆتە حاڵەتێک کە ئەو دەبێت خۆی نوێ بکاتەوە و ناتوانێت، لەگەڵ هەموو مەترسییەکانیدا، خۆی لە بانگی توورکەکان بۆ گفتوگۆ نەبان بکات، خۆنەبانکردنی پەکەکە لەو بانگەوازە، لە ئاستی ژیرێتی پەکەکەدا نییە، بۆیە دەبێت بە ڕەنگێکی تر و شیوازێکی نوێ، درێژە بە تێکۆشانی خۆی بدات، باشترە و دەبێت لە شارەکانی، ئەوروپا/ باشوور، خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتی مەسەلەی کورد، دەست پێ بکات، بە وتار و دروشمی ڕوو لە ناوەندە جیهانییەکان، تاکو حوکوومەتی ئۆردووگان، ئەوکاتەی دەستنەکەوێت، کە مەسەلەکان دیزە بە دەرخۆنە بکات، هەموو بەهێزبوونێکی شەرع مەترسییەکە زیاتر دەکات، ئەمە ئەرکی نەتەوەیی هەموومانە، ئێمە ئێستا بەئاشکرا دەتوانین بانگەوازی ئاشتی پەکەکە، هاوار بکەین، نەک لەبەر ئەوەی باوەڕمان بە ئۆردووگان و باغچەلی هەیە، بەڵکو ئەوان خۆیان ئەم دەرفەتەیان بۆ کورد ڕەخساندووە و تا ئێستا پەکەکە، ژیرانە ڕەفتاری کردووە، دەبێت بە زوویش فۆرمی نوێی ڕێکخستنی نویی خۆی بۆ نەتەوەکە ئاشکرا بکات، ئەوەی لە پەکەکە چاوەڕوان دەکرێت، ئەوەیە کە: وەک هەمیشە چەندین پلانی دامەزراوەی گەڵاڵەکراویان هەبێت، بۆ قۆناغەکانی پاش ئاشتی، تا بیسەلمێنن کە چەکی ئێمە بۆ بەرهەمهێنانی ئاشتییە، هەروەک زلهێزەکان دەڵێن: سەپاندنی ئاشتی بە شەڕ، ئەوی ئێمە لەهەموو ئەو شەڕانەی لە دنیادا دەکرێت، ڕەواترە و ئەوانیش ئەمە دەزانن، دەشێت چاوەڕوانی ئەوەیان لە خۆمان هەبێت، کە لەم فۆرمە ببینە خاوەن....دەشێ.... . تۆ دەبێت بیسەلمێنی کە وەک یەکەیەکی ئامادەی ئاشتی، دەتوانیت لە گەشەکردنی شارستانەتی مرۆڤایەتیدا کارا و گورج بیت، بۆ سەلماندنی ئەمە کاتی زۆرمان بەدەستەوە نییە.... . دڵنیا بن!!!.
........................
سەرنج/
*ڕۆژهەڵات، ئەو بەشە لە نەتەوەکە، خەزنەیەکی هێمنی کوردستانی زۆر بنجی و گرنگە، بە ترازانی ئەڵقەی زنجیرەکە لە باکوور، گولستانی ئازادی ئەو دەڤەرە خۆشەویستە، دەگەشێتەوە و ئەوان، بنەمای بنیاتنانی کوردستانێکی ئاوەدان و گەشن و بێ ئەوان بزووتنەوە ئازادیخوازەکەمان لەسەر یەک لاق دەشەلێ. ئەوان کۆمەڵگەیەکی مەدەنی هێندە ڕیکخراو و بەهێزن، کە هێز و توانا بە سەرتاسەری بزووتنەوە کوردستانییە ئازادیخوازەکە دەبەخشن. ئەم هێز و توانایە لە ناو زۆرینەی ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە ڕۆژهەڵاتدا کۆبۆتەوە، لەهزری کچان و ژنانی دلێری ڕۆژهەڵاتی و پیاو و کوڕانی داهێنەری ڕۆژهەڵاتیدا، نەک لای حیزبەکانی، پێموایە ئێدی کورد قۆناغی حیزبی تێپەڕاندووە و پەکەکەش بە قۆناغ پێش حیزب بوونی خۆی کەوتووە، بۆیە دەبێت لە ئاست ئەو بزووتنەوە مەزنە کوردستانییەدا بێت، کە خۆی ڕۆڵێکی مەزنی لە بنیاتنانیدا هەیە، هەر ئەمەش داوای لێدەکات کە خۆی نوێ بکاتەوە، بە بێ خۆ گرێدانەوە بە ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتەوە.
• سەرچاوەی وتە بەنرخەکانی مامۆستای بیرمەند لە کتێبی: پەرژینی بێدەنگی، کۆمەڵەی فەرهەنگیی سوێد- کوردستان/ سوێد ١٩٩٦، مەسعوود محەمەد.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























