<

گەشتکردن بە ژیاندا (بەشی شەشەم/1)

24/05/2025, 14:22 (GMT+1)
(رزگار): ئێستا باڵندە بەندکراوەکە لەفڕیندایە، بەڵام بەئاراستەیەکی هەڵە، بێئاگا لەوەی تەنیا قەفەزەکەیان بۆ گەورەتر کردووە. لە کاتێکدا ئێمەش سەرگەرمی تەواوکردنی کتێبە چاوەڕوانکراوەکەمانین و دەمانەوێت لەگەشتەکەدا هەموو ئەوشتانە بڵێین و باس بکەین، کە خەڵکی لەبەر هەر هۆکارێک باسی ناکەن و نایانەوێت قسەی لەسەر بکرێت، کە ئێمە لێرەدا دەستی بۆ دەبەین، ئەم بەشەش کە ئێستا دەیخوێننەوە لەپلانماندا نەبوو، بەو شێوەیە بێت، دەبێت قسەی لەسەر بکەین، بەتایبەتی ڕووداوەکانی نیشتمانی ئێمە لەو تۆفانە دەچێت، کە لەناکاو رووداو و کارەساتێکی چاوەڕواننەکراو دێتە پێشەوە و چاوەڕێی ناکەین، هەر بۆیە لەم بەشەی گەشتەکەماندا، تەرخانمان کردووە بۆ گفتوگۆ لەسەر پەیامەکەی ئۆجەلان و کۆنگرەی ١٢ی پارتی کرێکاران، چونکە ئەوان بڕیاری خۆیاندا و دەستبەرداری چەک و هەڵوەشاندنەوەی خۆیان دەبن، لە هەمان کاتدا ئەو هەموو مێزگرد و قسە و باسەی، کە خەڵکانی هەلپەرست، پاشەڵ بەعسی و مرۆڤگەلی بێئاگا قسەی لەسەردەکەن، ئەم گەڕی ئاشتییەی تورک بە مژدەی هاتنی موحەمەدی مەهدی دەچوێنن و سەرەنجام جارێکی دیکە لە فۆڕمێکی تردا چەکدارەکانی قەندیل تەسلیم دەکەن و کورد دەکەنەوە بە پاشکۆی دەسەلاتێکی دڕندە و ڕژێمێکی فاشی لە تورکیا.
 لەم گفتووگۆیەدا دەمانەوێت بە راستیی پیاوێکی خنکاو ڕزگار بکەین، چونکە ئەزموون گرنگترین بەشی گەشتی ژیانە . ئەمەی دەگوزەرێت و بانگەوازی بۆ دەکەن، ئێمە بەهەڵەی دەزانین، ئەوەی پشتگیری دەکات، بە نەزان بۆ هەندێکیان، بە ناپاک بۆ ئەوانی تری دەزانین، چونکە ئامانجەکە تاکە کەسییە نەک گەلێک. تورک ترسناکترین داگیرکەرە. وەک دەزانین هەموو برینێک ئازاری خۆی هەیە، بەڵام مرۆڤ هەرگیز لەسەر ئازاری برینەکانی خۆی ڕانایەت، لە کاتێکدا تورک لە ئاسمانەوە بۆردمانمان دەکات، هەر ئەوەی دەسەڵاتدارە بێمنەتەکانی بەشە لاقەکراوەکەی باشور بەم ئاشتیە ئاسودەن و دەستخۆشی لێدەکەن،  ئەوە دیارە بەرەو چی ئاراستەیەک ئەو ئاشتییە دەچێت، دیارە چۆن بەکەنارەکانی سەرفرازی و ئاشتی ناگەین . مێژوو پێمان دەڵێت : کات پێشینەی تاوانەکانی تورک ناسڕێتەوە . فەرموون لەگەڵ ئەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ کاک کەمال جەمال موختاردا، کە رووداوەکان خۆیان دەخزێننە ناو چیرۆکی گەشتەکەمانەوە.

رزگار: کاک کەمال باوەڕت وایە تورک بەم بانگەواز و پەیامەی ئۆجەلان و سەرەنجامی کۆنگرەی 12ی پەکەکە رازی بێت و بەراستیی بیەوێت چارەسەری کێشەی کوردی بکات؟

کەمال: 
(بەڵی، تورک بەردەوام دەیەوێت لە روانگەی راسیستی خۆیەوە چارەسەری کێشەی بوونی کورد بکات. تەنانەت لەئاستی باڵای حکومیدا بە روون و ئاشکرا دەڵێت: ئەگەر لە ئەفەریقاش دەوڵەتی کوردی دروست ببێت ئێمە تێکیدەشکێنین. چارەسەری کێشەی کورد لەلای تورک سڕینەوەی کوردە لە جیهاندا) بەڵام چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیادا هیچ پەیوەندی بە پەیامی خاوەنی پەکەکە و کۆنگرەی گروپێک چەکدارەوە نییە! ئەم پێکهاتەیەی کە باسمان کرد رووداوێکی کاتییە دێت و دەڕوات، هەروەک رووداوەکانی پێشوو بە تێپەڕبوونی کات لەبیر دەچێتەوە؛ بەڵام چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا دابەشکردنی ئەم دەوڵەتەیە بە ناوی تورکیاوە، کە زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستانە.
بۆ وەڵامی دووەمی پرسیارەکەتان؛ (نەخێر تورک بەو پەیامە و بەو کۆنگرەیە، بەهیچ جۆرێک نایەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکات.).
با لێرەشەوە بگەڕێینەوە سەر کروکی باسەکە، ئێمە پێویستە ئاوڕ لە مێژوو بدەینەوە، بزانین لەم بەشەی کوردستان، کە تورکەکان دەستیان بەسەردا گرت، چ کارەساتێکیان بەسەر هێنا، دوای ئەوە بگەڕێینەوە و وەڵامی هەموو پرسیارە ئاڵۆزەکانیش بدەینەوە.!
سەد ساڵ بەر لە ئیستا، پاش جەنگی جیهانی یەکەم و روخانی دەوڵەتی عوسمانی، وڵاتانی براوەی ئەو جەنگە لەسەروو هەمویانەوە بەریتانیا و فەرەنسا کاتێک هاتنە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست، لەسەر ئەوە رێککەوتن، کە نەخشەی ناوچەکە، بەو شێوەیەی ئەمڕۆ دابەش بکەن، سەرەنجام ئەم دەوڵەتانەی ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لێدروست کرد، لەبەر چەندین هۆکار بێت، کورد بەتەواویی فەرامۆش کرا و کوردستانیان بەسەر تورک و فارس و عەرەبدا دابەشکرد، وەک مێژوو دەیگێڕێتەوە کوردیش بۆ خۆی یەکێک بووە لەو هۆکارانەی کە نەیتوانی سوود لەو دەرفەتە مێژووییە وەربگرێت و ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، بە دوور و درێژی قسەکردن لەسەر ئەمە لە باسەکە دوورمان دەخاتەوە، بۆیە بە کورتیی دەست بۆ هەندێک هۆکار و رووداو رادەکێشین، لەوانە کوردەکە خۆی هۆکاریش بوو، کە هێندە لە ناو ئیسلامبوونی خۆیدا توابووەوە، بە ئیستاشەوە هەمیشە برایەتی تورک و عەرەب و فارسی پێباشتر بووە، لەوەی خۆی بکاتە دۆستی وڵاتانی وەک ئەوروپا، ئەو کاتەش پێی وابووە ئەوانە کافر و مەسیحین، نابێت لێیان نزیک بینەوە، هەروەها کورد وەکو نەتەوە پێناسەی خۆی نەدەکرد و یەکگرتوو نەبووە، هەر گروپەو بەجیا لە چوارچێوەی خێڵدا و لە ژێر فەرمانی سەرکردەی خێڵکەیدا دەرنەچووە و شەڕی کردووە، زۆربەی شەڕەکانی کورد، دژی غەیرە ئیسلام و بۆ بەرژەوەندی تورک، یان فارس و عەرەب کراون. کورد شەڕی بۆ خۆی نەکردووە،  تەنانەت دژی خۆی جەنگاوە. ئەم هۆکارانە تا ئیستاش بەردەوامە و ئەوە دەسەلمێنێت، کە کورد بە ئیستاشەوە رێکخراوی سیاسیی نییە، تا لە پێناو بیروباوەر و ئایدۆلۆژیای رێکخراوەکەی خەبات و تێکۆشان بۆ کورد بکات، نەک بۆ سەرۆک و خێڵ و ئاینی هاوردەی عەرەب. کاتێک ئینگلیز و فەڕەنسییەکانیش هاتنە ناوچەکە، هەستیان بەمە کرد، ئیتر زانیان کورد وەکو نەتەوە لە خەمی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی و سەربەخۆی خۆیدا نییە، لە هەمانکاتدا لە چاوی (حەسەن خەیری) و (دیاب ئاغا)ــەوە، تەماشای داخوازییەکانی کوردیان کرد، بۆیە بەلایانەوە مەبەست نەبووە، هەڵبەت لەو داگیرکارییە و هاتنیان بۆ ناوچەکە، مەرامی دیکەی خۆشیان هەبووە. ئەمڕۆش لەو بارەیەوە کاتێک رەخنە یان پرسیارێکیان ئاڕاستە دەکرێت و داوای روونکردنەوەیان لێ دەکەن. یان دەمی هەر بەرپرس و سیاسییەکی ئینگلیز، فەڕەنسی و ئەوروپییەک دەکەیتەوە، لە وەڵامدا وەک لە دوایین لێدوانی قونسوڵی بەریتانیاش لە هەولێر دەڵێن: چونکە کورد خێڵەکی و لەناو خۆیاندا یەکگرتوو نیین، تا ئیستاش زمان و دیالیکتێکی جیاوازیان هەیە. داخوازی نەتەوەییان نەبووە. هەرچەندە تا رادەیەک وەڵامی قونسوڵی بەریتانی راستە، بەڵام ئێمە هۆکارەکان هەموویان نابەستینەوە تەنیا بە کوردەوە، چونکە بە بەراوردی هەندێک لە وڵاتانی دیکەی وەک لوبنان و کوێت و وڵاتانی کەنداو، کە دەبوو ئەوانیش بەهۆی نەبوونی هەندێک لەو مەرجانە، دەوڵەتیان بۆ دروست نەکرایە، لەمەوە دەردەکەوێت، کە لە پشت ئەم دابەشکردنەی کوردستانەوە، ئینگلیز و فەڕەنسییەکانیش نەیان ویستووە کوردستانیێکی گەورە و یەکگرتوو بۆ کورد دروست بکەن، تا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارام و سەقامگیربێت، بەڵکو کوردستانی دابەشکراو بەم شێوەیە هەمیشە مەترسیی دەخاتەبەردەم تورک وعەرەب و فارس، بۆ ئەوان باشترین هەڵبژاردە ئەمە بووە، هەر کاتێک ویستبێتیان کوردیان بەکاریان هێناوە، تا فشار بخەنە سەر ئەو وڵاتانە..

رزگار: با ئێمە بگەڕێینەوە سەر باسەکەی خۆمان، ئەویش تورکیا و پەکەکەیە، سەرەتا بە چ ناوێک پێناسەی ئەو بەشە بکەین و لە بەشەکانی دیکەی جودا بکەینەوە؟!

کەمال:
بەشێکی زۆر لە نیشتیمانی کورد، کە ئەمڕۆ بەر تورک کەوتووە و تورکیای پێدروستکراوە، کاتێک ئاماژەی پێدەدرێت، هەر کەسە بە پێی ئاستیی وشیاریی، یان هزری سیاسیی خۆی، ناوی ئەو بەشە و بەشەکانی دیکە دەهێنن، زۆر کەس ناوی ئەو وڵاتە داگیرکەرانە بە ناوی کوردستانەوە دەلکێنن وەک: (کوردستانی تورکیا)، تورکەکانیش دەڵێن (رۆژهەڵاتی تورکیا)، لەم دواییەشدا بۆ زۆر کورد (باکوری کوردستان) وەک پێناسەی ئەو بەشە دەناسێنن، راستییەکەی ئەوەشیانە وەکو نەخشە سیاسییەکەی دەوڵەتی تورکیا ددانی پێدانراوە، بە ناچاریی (رۆژهەڵاتی تورکیا)یـە، بەڵام وەکو ئەو مێژووەی کە ئێمە لەسەرەوە ئاماژەمان پێیدا، بە هەستی کوردبوونی خۆمان دەبێت بڵیین هەموو ناوهێنانەکان راستن، بەڵام بۆ کێ راستە؟! ئەمە پرسیارەکەیە، هەرچەندە لە راستییدا و لە ئیستادا ئێمە ناتوانین لەسەر پێناسەیەکی تەواو، قسەکانی خۆمان جێگیر بکەین، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی، کە ناتوانن لە رووی جوگرافییا و مێژوو، هەروەها رەچاوکردنی ئەو واقعەی، کوردی تێکەوتووە، پێناسەی تەواوی بۆ بکەین، بۆیە من تەنیا لەسەر بەکارهێنانی (باکوری کوردستان) دەوەستم، ئەگەر رۆژێک هەموو بەشەکان یەکیان گرتەوە بەپێی نەخشە و هەڵکەوتەی جوگراڤیای کوردستانی گەورە، دەتوانرێت وەکو هەموو وڵاتانی دیکە، باکور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باشووری تێدا دەستیشان بکرێت.

رزگار: وەک سەرەتا باست لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم و روخانی دەوڵەتی عوسمانی کرد، بۆ ئەوەی زیاتر بە ناو باسەکەماندا رۆبچین، کەمێک باسی ئەو بەشەی کوردستان بکە، کە تورکیا داگیری کردووە، چۆن تورکەکان مامەڵەی کورد دەکەن؟

کەمال: باسەکە دوور و درێژە تەنیا ئاماژە بە هەندێک رووداو و کارەسات دەدەم. کە بەسەر کوردی باکوردا هاتووە، واز لە سەردەمی عوسمانییەکان دەهێین، ئەو بەشەی، کە چۆن تورکە عوسمانییەکان جینۆسایدی ئەرمنییەکان و کوشتاری یۆنانییەکانیان کرد. کاتێکیش دەوڵەتی تورکیای کەمالیزمی ئەمڕۆ دروست بوو، بەشێوەیەکی نامرۆڤانە تورکەکان کەوتنە کوشتاری کوردیش، گەورەترینیان جینۆسایدی کورد لە  ئاگرداغ و دەرسیم و هەموو ناوچەکانی دەوروبەریان رووی دا، ژمارەیەکی زۆریان لە کورد کوشت، لە هەر ناوچەیەکدا سەری چەندین کوردیان لێدەکردەوە و دەیانکردن بە سەری نێزەی تفەنگەکانیان و بەدەروازەی شار و شارۆچکەکاندا هەڵیان دەواسی، ئەوەی دەستیان پێی گەیشتبوایە دەیانکوشتن، پاش ئەوەی لە کوشتنی کورد ماندوو بوون، لە دیاربەکر دادگایان بۆ ئەو کوردانە دادەنا کە زمانی تورکییان نەدەزانی و دەیانکوشتن و نەیان دەهێشت گۆڕیشیان دیاربێت، زۆر کوردیان لە ناوچەکانی خۆیانەوە گواستنەوە بۆ ناوچە تورکنشینەکان و دەوروبەری ئەنقەرە، ئەستەمبوڵ و شوێنی دیکە، ژمارەیەکی زۆریش ئەو وڵاتەیان بەجێهێشت و روویان کردە ئاوارەیی و وڵاتانی دەوروبەر، لە هەندێک ناوچە کاتێک دەنگی نارازیی بەرز دەبووەوە، یان یاخیبوون رووی دەدا، لەوانە کەسانی سەرکردە و پیاوی ئاینی کورد، دەیانگرتن و لە سێدارەیان دەدان، لە نمونەی شێخ سەعیدی پیران و دەیان کەسی دیکە. بە دوای ئەمەدا زمانی کوردی قەدەغە کرا، کەس بۆی نەبوو بە کوردی قسە بکات، بنووسێت و بخوێنێتەوە، یان ناوی کوردی لە منداڵەکانی بنێت. وەکو نەتەوە کوردیان ناونا تورکی شاخاوی. بە هەر بیانوویەک ئەگەر کوردێکیان بگرتایە نامرۆڤانە مامەڵەیان دەکرد، ئافرەت لە ژێر دەستیان دەرنەدەچوو دەستدرێژی سێکسیان دەکردە سەری، هەر کەسێکیان بکوشتایە سەریان لێدەکردەوە، منداڵیان لە ناو بێشکەدا سەردەبڕی، یان بە قەمە ورگیان هەڵدەدڕی. رەوشتی تورک بۆ کاری کوشتن و دەستدرێژیی و مامەلەکردنی زیندانەکان لە مێژووی هیچ نەتەوەیەکی دیکەدا نمونەی نییە. قسە زۆرە لەسەر گێڕانەوەی تاوانی تورکەکان بەرامبەر بە نەتەوەکەمان، رووداوەکانیش زۆرن، لێرەدا ئەوەندەی پێویست بێت، ئێمە قسەی لەسەر دەکەین. لێ بیهێنەرە بەرچاوی خۆت کە لەو کەشوهەوا و مێژووەدا، زەحمەتە کەسانێک راست ببنەوە، غێرەت بدەنە بەر خۆیان و رێکخراوی سیاسیی بە ناوی کوردستانەوە دروست بکەن، ئەوەبوو زیاتر لە 60-70 ساڵێک پاش ئەو مێژووە ئەمەش رووی دا و (پارتیی کرێکارانی کوردستان) (PKK) دروستبوونی خۆی راگەیاند..

چاوەڕوانی بەشەکانی داهاتوو بکە

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان