غاز و کارەبای بنەماڵەی پارتی و یەکێتی
26/05/2025, 20:09 (GMT+1)

جووت بنەماڵە لە خەمی وەبەرهێنانی نیشتمانی نیین و سەرمایەگوزاریش لەپێناوی خەڵک ناکەن، بەڵکو ئەوان ناوی حکومەت و دامودەزگاکان لە خزمەتی کەڵەکەکردنی سەرمایەی بنەماڵەکانیان بەکاردێنن،
لە پشت پەردە و لە ژێر ناوی حکومەتی هەرێم، ژێرخان و سەرخانی کوردستان تاڵان دەکەن.
لە سایەی سەری گەمژەیی و چاوچنۆکی سەرانی هەرێم، بە هۆی ڕێکەوتنە تاڵانیە ٥۰ ساڵیەکەی نەوت، دەبێ سێ نەوەی داهاتووی ئەم هەرێمەش باج بدات و قەرزەکانیان بداتەوە.
نێچیر و پاشکۆ یەکێتیەکان نەوتی هەرێمیان کرد بە کایوسێک و سەروەتی ئەم وڵاتەیان کردە ئاردی نێو دڕک، ئەوا مەسروورەکەی پارتیش بە پشتگیری و هاوبەشیی لەگەڵ سەرانی یەکێتییە (بە حساب نوێکە!)، سەکتەری غازی هەرێمیشیان کرد بە هەڵمێکی نەبینراو و تاڵانکرد.
هیچ گومانێکتان نەبێت کە بنەماڵەی بارزانی ڕێویەکەیەو بنەماڵەی تالەبانیش کلکەکەیەتی، وەک مەنجەڵ و سەرقەپاغ وان، ئەوانەی دەڵێن وانییە و ڕەدویان کەوتوون، یان گەمژەن و هێشتا تێیان نەگەیشتوون، یانیش تێدەگەن بەڵام بەرژەوەندیان لەو پارچە ئیسکەیە کە دەستیان دەکەوێت.
لە سایەی سەری حکومەتی جووت بنەماڵە، دە پازدە ساڵێکە کارەبای هەرێم ۲٤ سەعاتییە، ئەی ئەو کاتە وەزیرە شوومەکەیان و سەرۆکی حکومەتەکەیان لە نێو هۆلی پەرلەمان هەر بە فشە ڕایاننەگەیاند چەند مانگێکە و کارەبا دەکەین بە ۲٤ سعات، ئەی بەیان خانەکەی نوێنەری بنەماڵەی بارزانی لە ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی نەیگوت کارەبای هەرێم ۲٤ سەعاتە و دەشیفرۆشینە دراوسێکانیشمان، ئەوان لە پشت ئەو درۆیانەیان نەوتەکەیان هەڕاج و تاڵانکرد، ئێستاش دوای چەندین ساڵ بە هەمان درۆ هەم غازەکە حەپەلووش دەکەن و هەمیش گیرفانی خەڵک دەبڕن و داهاتی کارەباش دەچێتە قاسەی کۆمپانیاکانی خۆیان.
تا خەڵک نوزەنوز بکات و هەڵوێستی جددی نەبێت لە بەرامبەریان، ئەوا ئەوان خاک و خەڵک وەک مانگا دەدۆشن و داژۆن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























