حکومەتی دیکتاتۆر و میللەتی بێ غیرەت
23/06/2025, 9:36 (GMT+1)

کوردستان تەنها قوربانی دەستی دەسەڵاتداری ستەمکار نیە، گۆڕستانی ترسنۆکەکان و خیانەتکارانە کەوا زۆرینەیان بێدەنگن، خەریکە لەناو ئەو سیستەمە بۆگەن دەبن. تاڵانی نەوت و قاچاغکاری و ڕوخانی داهاتوویان دەبینن بەڵام بێدەنگن. خنکانی گەنجەکانمان لە ئیجە و نۆکەندی ئینگلیز بە خەیاڵیاندا نایەت. لەتاو هەژاریدا ئافرەتان لەسەر شەقامەکان سواڵ دەکەن، منداڵان بە تەمەنێکی کەم ناچارن کار بکەن و بە بێ هیوایی گەورە دەبن، بەڵام ئەمان بەلایانەوە زۆر ئاساییە.
ئەمان تەواوی ڕاستیەکان دەبینن بەڵام ڕوی خۆیان لێ وەردەگێڕن. دەزانن کە بارزانی و تاڵەبانی و تەواوی خێڵ و عەشیرەتەکانیان وەک پاشا دەژین و میلەت لەبرسا مردووە. بەڵام هێشتا چەپڵەیان بۆ لێدەدەن و بگرە وێنەکانیان لە سۆشیاڵ میدادا بڵاودەکەنەوە و شانازی پێوەدەکەن. دەوڵەمەندەکان زەنگینتر دەبن و هەژارەکان هەژارتر دەبن وە بەڵێنەکانیان گەورەتر دەبێت بەڵام لە ڕاستیدا لە درۆی گەورە زیاتر هیچی تر نیە.
ڕێک ئەمە ئێستای کوردستانە، هەرێمێکی دەوڵەمەند بەڵام موفلیسە لە هیوا، هەرێمی وێرانبوونی خەونەکانە، هەرێمی شەق تێهەڵدان لە مامۆستا و تاشینی ڕیش و سمێڵی ئەو کەسانەیە کە ناڕازین .هەرێمی نەفسی دەموچاوی کۆن و ڕەزاگرانن کەوا کورسی دەسەڵات بە موڵکی باوک و باپیریان دەزانن، کاتێک پێیان دەڵێین واز لە دەسەڵات بێنن دەڵێن ئێوەیان بینیوە و ئێمەیان بینیوە بەڵام ئێمەیان هەڵبژاردوە و دەنگیان پێ داوین ئیتر قسەشمان نامێنێت، خۆ ڕاستیش دەکەن، گەر سەرنج بدەین دەبینین هێشتا لایەنگرانی ئەمان زیاترن لە دەنگی ناڕازی..
مەوزوعی هەڵبژاردن و فڕێدانی مایکەکان، باشە میللەتی نوستوو ناپرسێت بۆچی لەکاتی هەڵبژاردن دوژمنی یەکترن و دوای هەڵبژاردن حکومەت پیکەوە پێک دەهێنن ؟ هەر خۆی کابرای زۆنی سەوز وتی ئەمە تەنها هاش و هوشی هەڵبژاردنە، کابرای زۆنی زەردیش وتی شتێکی تیا بهێڵنەوە بۆ پاش هەڵبژاردن تاکو تۆزێ حورمەتی یەکترمان لەلابێت ڕوی ئەوەمان هەبێت وەک سی ساڵی ڕابردوو لەسەر یەک مێز دابنیشین بۆ دابەشکردن و تاڵانکردنی قوتی خەڵک، زیادکردنی باج و ڕسوماتی سەیارە لە لایەک ئێستا باو باوی بە کرێچی کردنی تەواوی کوردە بە کارەبای بیست و چوار سەعاتی، کە بەتەواوی جێگیربوو ئینجا دەست دەکەن بە دۆشینی میلەتی نوستوو.
لە شکستی ڕیفراندۆمی کوردستان و بێ باوک بوونی سەدان منداڵ و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستاندا هێشتا لە ساڵیادی ڕیفراندۆمدا ئاهەنگ دەگێڕن و بەدەستکەوتی دەزانن ئاخر چۆن بتوانم ئەو مێشکە بەستووەیان بکەمەوە، زۆر جار دەگەمە ئەو قەناعەتەی تەنانەت نوسین و وشیارکردنەوە هیچ سودێکی نیە لەگەڵیان لەبەر ئەوەی ئەمانە خوێنەر نین وە کەسی تێگەیشتوو و وشیار نین ئەگەر ئەمەندە تێگەیشتوو و خوێنەر بان خۆیان وەک کۆیلەی سەرشۆڕ دوای زەرد و سەوز نەدەکەوتن.
هیچ کەسێک لە سەردەشت عوسمان باشتر ئەمانی نەدەناسی، سەردەشت عوسمان لای وابوو هیچ کەسێک هێڵی سور نیە و هەموومان یەکسانین، پێی وابوو جەمەدانیت هەر ڕەنگێک بێت جیاوازی نیە، وا بیری دەکردەوە نابێت بە پێی ئەو یاساو ڕێسایانە بڕۆین کە بۆمان دیاری دەکەن بە ئازادی لەدایک بووینە دەبێت بە ئازادیش بژین، پانزە ساڵ بەسەر ڕفاندنی لەبەردەم زانکۆی سەڵاحەددین تێپەڕی. شەهیدکردنی لەلایات جوت بنەماڵە لاپەرەیەکی ڕەشی تریان بوو وە تاوەک و ئێستاش بکوژانی لە لوتکەی دەسەڵاتن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























