ستالین لەناو كورد هەر ماوە!
25/06/2025, 21:53 (GMT+1)
عەبدوڵا عەقاری
له چهند ڕۆژی ڕابردوو وتارێكی ڕەخنەئامێزم لە مەسئولێكی باڵای حیزبی بەناوی -لەتیف شێخ عمر- گرت كە دەیان گەنجی كوردی بەناوی خزمەتی چینی ڕەنجدەر و دژی نیزامی سەرمایەداری بەرەو مەرگ هان ئەدا، بەڵام ئێستا خۆی بووە بە سەرمایەدار و دوامۆدیلی ئۆتۆمبێل و باخی گەورە و باڵەخانە و ماركێتی گرانبەهای هەیە، لەم دوانزدە ساڵەشدا هیچ فززەیەكی بۆ داكۆكی لە ماف و بژیوی ئەو كوڕ و كچە شەهیدانەش نەبووە كە باوكیان هاوسەنگەری ئەو بوون.
بێگومان ماهیهتی هەر مەسئولێكی كورد كاتێك دەرئەكەوێ كە ڕەخنەیان لێئەگری لەجیاتی پۆزش و بەخۆداچوونەوە، ئەكەوێتە گەڕان و پرسیار بۆ دۆزینەوەی كەسەكە تا بوختانێكی شەرەفی بۆ بكەن و بەقسەی خۆیان تەمێی بكەن و زمانی ببڕن!
لەم رۆژانەدا كتێبێكی خۆشم خوێندەوە بەناوی - Political Humor Under Stalin- كە باسی نوكتە سیاسیەكانی سەردەمی ستالین ئەكات، گومانیان لە ئەلێكسەندەر ناوێ ئەبێت كە گوای دژی ستالین قسەی كردووە، بەڵام شەش كەس دەستگیر ئەكەن كە ناویان ئەلێكسەندەر و ئەشكەنجە ئەدرێن، دواتر دەرئەكەوێ ئەلێكسەندەرە ڕەخنەگرەكە ڕووسیای بەجێهێشتوە!.
دوای بڵاوبونەوەی وتارەكەم لە سایتی ڕاستگۆ و بوێری كوردستان پۆست، لەتیف شێخ عومەر هەڕەشەی لە چەند عەبدوڵا ناوێك كردوە كە كۆن خەڵكی گەرەكی عەقاری بوون بەڵام نەیزانیوە نازناوەكەی من بەهۆی ئەو گەرەكەوە نیە بەڵكو ئیشی عەقاراتم كردووە و ئەو نازناوەم هەیە.
ئەمڕۆ سەردەمی جاران نەماوە بەرەی كوردستان پۆست كە ڕەخنەگر و كەسانی بوێر و بەهەڵوێستی لەباوەش گرتیە، لە هەڕەشەی كۆنەمەسئولێكی تڕۆكراو بترسن كە هەموو هێز و تواناكەی چەند حیمایەیەكی نەخوێندەوار بێت و بڵێ فڵان كەس بەرشەق بدەن!
دڵنیام شەپۆلی گۆڕانكارییەكان كوردستانیش بگرێتەوە ئەم مەسئولانە لە ترسی تورەیی خەڵك هیچ كونەمشكێكیان دەستناكەوێ خۆیانی تیا حەشار بدەن ئەو ڕۆژەش بەدوور نازانم.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























