ڕژێمێک بەناو كوردایەتی
28/06/2025, 20:27 (GMT+1)
دەسەڵاتێكی نایاسایی و ناڕەوا حوكمی هەرێمی كوردستان دەكات، دەسەڵاتی حزبییە و حزبیش لە خزمەتی بنەماڵەدایە، بنەماڵەش وابەستە كلكی نەیارە دەرەكییەكانە.
پەرلەمان سركراوە و حكومەت ماوەی بەسەرچووە، هێزی چەكدار و دادگا و ئایووری وڵات ڕاستەخۆ لەخزمەتی هەردوو بنەماڵە تاڵانتچی و مشەخۆرەكانە و ناراستەخۆش خزمەت بە ئەجندای نەیارانی دەرەكییە
ئەو رژێمەی دەسەڵاتی زەوتكردووە و بە ئامرازەكانی پارە و چەك خۆی سەپاندووە، ئیدی بە ئاستێك گەیشتووە كە بە رەخنە و ئامۆژگاری، گلەیی و گازاندە، خۆپیشتندان و ریسواكردن تازە نە چاك دەبێت و نە خۆی دەگۆرێت، ئەوان لەوە گەیشتوون كە مانی خۆیان بەند بە مانەوەیان لە سەر دەسەڵات، هەردوو بنەماڵە دوو وڵاخن یەك عەرەبانە ڕادەكێشن و دوو دیوی یەك پارەن.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بۆ مووچە گەورەترین هەڵەی خەڵكی كوردستانە، ئاخر بێمووچەیی تەنیا لێكەوتەیەكە لەنێو سەدان لێكەوتەی تری ئەو رژێمە زۆرداره كە هێشتا خەڵك بەلایاندا ناچێت، ئەو ڕژێمە بە پرۆسەی هەڵبژاردنیش وەلاناچێت، تەنانەت بە دۆڕاندنیشی لە هەڵبژارندا، دەسەڵات تەسلیمی كەسی دیكە ناكات.
خەڵكی كوردستان دەبێ لەڕێگە چارەی دیكە بگەرێت، رێگەیەك رژێمی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵە بروخێنێت، ئەگینا ئەوان ئامادەكاری دەیان ساڵی دیكەی خۆسەپێنیان هەیە، تەنانەت بە ئاشكرا و بەبێ منەتی كوڕ و نەوەكانیانشیان ئامادەكردووە تا حوكمی نەوەكانیشتان بكەن.
ڕزگاربوون لەو ڕژێمی ماڵباتییە تەنیا بە راپەرنێكی سەرتاسەری تەواوی چێن و توێژەكانی كۆمەڵگە دەكرێت، ئەویش بە ڕاماڵینی خۆیان و دارودەستە ترسنۆك و چاوچنۆكەكانیان، جیا لەوە خۆصیشاندانی پچر پچر و لێرە و لەوێ ئەنجامی نییە، فشارێكی كەمیشیان بێتە سەر، ئەوا چونكە ناوەڕۆكی داواكاریەكان لاواز و لاوەكین، وەك هەموو جارێك بە پێدانی مووچەیەك یان دوان، دەتوانن خەڵكەكە ساردكەنەوە و بێدەنگیان بكەن.
دەبێ خەڵكی كوردستان ئەو نهێنییە بە بنەمابگرن كە دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی هەرچەندە زۆردارن توندوتیژی بەكاردێنن، بەڵام ە هەمان كاتدا لە بەرامبەر نەعرەتە و تووڕەی گەل، دەسەڵاتێكی فشۆڵ و ترسنۆكە كە بزانن لێیان دەقەوێ، كەسیان نابنە برای كەسیان و قەیسەری و كونەمشیان لێ تێكەڵ دەبێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان


























